زۆر سەیرە ئەوانە چۆن ژیابوون
دوای کەوتنە ژێر گڵیش وەها بوون
کێ فێری چ بوو لە کاتی ژینا
پیشەی ئەمە بوو لە ژێر زەمینا
لەو گۆڕە کە زین و مەم تیا بوون
تۆمەز بە ئەوینێ ئاو درابوون
ڕسکا بوو دوو نەونەمامی سەرکەش
ڕاست و شل و شین و ناسک و گەش
تورت و شەق و پڕگەڵا و بەسێبەر
یەک شەنگەبیی و یەکیش سنۆبەر
ئاڵان بەیەکا ئەمانە چین چین
وەک دەستەملان دەبوون مەم و زین
گڵکۆی بەکری چنۆکی بەدکار
دارێکی ڕواند دڕوو و چقڵ دار
تێکوڵگر و پەلپەل و ڕەش و خوار
وەک کووتی بنی لە بەهرە بێپار
هاویشتی پەلی بەرەو نەمامان
پێچای سەروبن لە ڕەگ لە دامان
هەر تەنیەوە پێچی دا هەتا سەر
نێوانی تەنین و بوو بە لەمپەر
هێدی نەبوو تا لە یەکدی کردن
چقڵی مەم و زین بە ژین بە مردن
هەر خوویەکە دەیگری بە شیری
ناچێتە دەرێ دەڵێن بە پیری
وا دیارە لە مردنیش دەمێنێ
بەد، خۆی چووە، خووی دەنک دەچێنێ
پێوازەسەگانەیەک بکەی شین
سەد ئاوی بدەی بە شیر و هەنگوین
پەروەردە ببێ لەناو گوڵاوێ
ڕایگوێزە لە سێبەر و لە تاوێ
هەر ڕۆژە لەلایەکی لەتی کە
قەڵشاوی پڕی گەزۆی سپی کە
شەکری لە پەلانی دا بنێژە
دۆشاوی لەسەر گەڵا بڕێژە
پێت وا نەبێ بۆت ببێتە شووتی
بەهرەت ئەوە بۆ گەنیو لە لووتی
لە وەرگێڕانی #هەژار موکریانی#[1]