ناو: هاشم
نازناو: ئەحمەدزادە
رۆژی لەدایکبوون: 1961
شوێنی لەدایکبوون: مەهاباد
$ژیاننامە$
دکتور هاشم ئەحمەدزادە، نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر، ڕەخنەگر، بیردۆزی کورد ساڵی 1961 لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵهێنا. دوای وەرگرتنی بەکالۆرێس لە زمانی ئینگلیسیدا لە ساڵی 1986 لە ئێران، بەردەوام دەبێت لە خوێندن لە وڵاتی سوید و لە ساڵی 1995 لە زانکۆی ئوپسالا بەکالۆرێسێکی تر لە ڕۆژهەڵاتناسیدا وەردەگرێت. لە 1996 لە هەمان بوار و لە هەمان زانکۆدا پلەی ماستر وەردەگرێت. لە ساڵی 1999 لە زانکۆی ئوپسالا لە بوارەکانی مێژوو و سیاسەت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و زمان و ئەدەبییاتی فارسی و زمانە ئێرانییەکان دەست بە وانەگوتنەوە دەکات و تا ساڵی 2005 لەم کارەدا بەردەوام دەبێت. هاوتەریب لەگەڵ وانەگوتنەوە خەریکی لێکۆڵینەوە و نووسینی تێزی دکتۆراکەشی دەبێت. ساڵی1996-1997ساڵی یەکەمی دەورەی دکتۆراکەی لە زانکۆی لەندەن (مەدرەسەی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی و ئافریقاناسی) تێپەڕ دەکات. کتێبی ڕۆمان و نەتەوە: ڵێکۆڵینەوەیەک لەسەر گوتاری گێڕانەوەیی فارسی و کوردی، لە ساڵی 2003 لەلایەن زانکۆی ئوپسالاوە چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە دواتر وەرگێڕدرا سەر زمانەکانی تورکی و فارسی و چاپ و بڵاو کراوە. چەند بەشی ئەم کتێبە وەرگێردراوەتەوە سەر زمانی کوردی.
لە نێوان ساڵانی 2005 تا 2012، سەرەتا وەک مامۆستا و دوواتر وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە زانکۆی ئێگزێتری بریتانیا کاری کردووە. لە 2012 تا 2015 وەک لێکۆلەرەوە لە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان کوردستان کە ناوەندەکەی لە
هەولێرە، دەست بە کار دەکات. لەم ساڵانەدا لە زانکۆی فەڕەنسی لوبنانیدا مامۆستای زمان و ئەدەبی ئینگلیسی بووە. لە مانگی سێپتامبری 2015 دیسانەوە لە زانکۆی ئوپسالا دەستی بە وانەگوتنەوە و لێکۆڵینەوە کردووەتەوە. لە 2016 تا 2018 لە مەدرەسەری وەرگێڕانی سوێد وانەبێژ بووە.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کتێب و وتارگەلێکی زۆری بە زمانەکانی فارسی، کوردی، سویدی و ئینگلیزی بڵاو کردووەتەوە. لە دەیان کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بەشدار بووە و لە زۆر بەرنامەی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنیدا بەشداریی کردووە و لەسەر زۆر بواری ئەدەبی، فەرهەنگی و زانستی سیاسی و پرسگەلی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باس وقسەی کردووە.
لەنێو بەرهەمە چاپکراوەکانی دکتۆر ئەحمەدزادەدا دەکرێ ئاماژە بە ئەم کتێبانەی خوارەوە بکەین:
نەتەوە و ڕۆمان بە هەر سێک زمانی ئینگلیسی، تورکی و فارسی چاپ بووە. دوو جار بە فارسی چاپکراوەتەوە و لە پێشەنگەی نێونەتەوەیی کتێب لە تاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕیزی کتێبە پڕفرۆشەکاندا بووە.
زمان، ئەدەب و ناسنامە (هەتا ئێستا ئەم کتێبە چوار جار لە کوردستان و دەرەوەی وڵات چاپ کراوەتەوە.)
ڕۆمان و ناسنامە
جیهانی ڕۆمان (دوو جار چاپ کراوە)
گێڕانەوەناسی (دوو جار چاپ کراوە)
مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب (دوو جار چاپ کراوە)
هەرچی هەیە ڕاڤەیە
لە وەرگێڕدراوەکانی دکتۆر ئەحمەدزادە دەکرێ ئاماژە بەم بەرهەمانەی خوارەوە بکەین:
هونەری داستان
دەفتەری سوور
هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان
کوردەکان و ئەوانی دیکەیان
کورد و کۆمەڵگەی مەدەنی
سەردانی پزیشکی تایبەت
دەیان وتاری ئەدەبی، ڕەخنەیی و تیۆریک بە زمانەکانی ئینگلیسی، سویدی، فارسی و کوردی بڵاو کردووەتەوە.
تازەترین وتاری لە کتێبی مێژووی کێمبریجی کوردەکان بە ناوی لە شاعیرانی گەڕۆکەوە بۆ ڕۆماننووسانی بێدەوڵەت: ناساندنێکی کورتی ئەدەبیاتی کوردی، لە 2021دا بڵاو بووەتەوە. [1]