غەزەڵی فیراق
#جەلال مەلەکشا#[1]
ئەگەر چی زەخمی دڵ ناسۆرە قەد داوای دەوا ناکەم
بە داوی شیوەن و ناڵین مەگەر دولبەر بە داوا کەم
نەماوە باوی عیشق و ناوی دڵ، بازاڕی دڵداری
سەری خوم هەڵگرم دەرچم بڕۆم و ڕوو لە سەحرا کەم
ئەوندەی دڵشکاندم یاری دڵڕەق شەرتە وەک مەجنوون
لەمەولا ڕوو لە قیبلەی کەعبەتۆلعوششاقی لەیلا کەم
غوبار و تۆزی ئاوێنە بە ئاوی ڕوون نەبێ ناچێ
مەگەر من هەر بە مەی فیکرێ بە حاڵی ڕۆحی شەیدا کەم
وتی زاهید: کە پەیمانە بە بەردی تۆبە بشکێنە
بڵا بمرێ ڕەقیبی سەگ سفەت من کاری وا ناکام
دەڕۆم، ئەم کافرستانە بە جێ دێڵم، خودا بیکا
لە شاری عاشقاندا دەلبەرێکی تازە پەیدا کەم
لە سەر ڕێبازی خوێنی حەزرەتی پەروانە چەن خۆشە
بە هێزی ئاوری شەم شوڕشێ مەستانە بەرپا کەم
فەراقی تۆیە تەقدیرم، هەتا ڕۆژی حەشر گیانە
مەگەر تا نەفخی سووری عاشقان هەر شین و واوا کەم
بە ماچێ ئاوری دڵ ڕەنگە دامرکێ بەڵام هەرگیز
لە ڕێی ئیشقا ئەگەر بمرم تەقازای ناڕەوا ناکەم
غەزەل بەر تەسکە بۆ هاواری عاشق خۆزگە ئەمتوانی
لە هیجران و فیراقی گوڵ فوغانێ بولبول ئاسا کەم!