شۆڕشی ئەیلوول دەستپێکی مێژوویەک بوو بۆ ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم و داگیرکاری بەڕابەرایەتی #مەلا مستەفا بارزانی# نەمر، کە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان تێیدا بەشداربوون و سەروەریەکی مەزنی مێژووییان بۆخۆیان دووریەوە، پێشمەرگە و پیاو ئافرەت و پزیشک و مامۆستا و مامۆستای ئایینیی..هتد، هاوشان و سەرمەشقی بەرگریکارانەی پێشمەرگەبوون، هەموانی یەکخست، لە #بادینان# گواسترایەوە بۆ #سۆران# تا سەرتاسەری کوردستانی بە تێکڕا گرتەوە، ئەگەرچی زەبرو زەنگ و زوڵمی دوژمن زۆربوو لەسەر پێشمەرگە و کورد، بەڵام شۆڕشێک بوو کە تێیدا ئیرادەی کوردستانیان ئەوەندە بەهێزبوو کە دوژمن بە چەکی جۆراوجۆری بەهێز، بە هێزێکی زۆر، ناچار بە گفتوگۆکرا.
شۆڕشێک بوو دژ بە داگیرکەرانی کوردستان بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمری باوک، شۆڕشێک بوو هەموو پێوەرە مرۆڤایەتیەکان لەلایەن پێشمەرگەوە بە ڕابەرایەتی جەنابی بارزانی نەمر بەرانبەر ئەو کەسانەی کە دەبوونە دیلی پێشمەرگە پەیڕەو دەکرا، ئامانج لەو شۆڕشە سەرتاسەریە ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم بوو لەسەر گەلی کورد لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە گرنگیدان بوو بە پێکەوەژیانی تاکی کورد لە سەراپای کوردستان.
بارزانی نەمر لە ساڵانی شۆڕشدا زۆر بەربەست و ئاستەنگ و کۆسپی بۆ درووستکران، هەندێک کەسی خائین و ناراست بەرانبەری هەبوون، بەڵام بە ڕوحیەتی فیداکاری و گیان بەختکردن لە پێناو نیشتمان، توانی ئیرادەی خەلکی کوردستان بە بەرزی بهێلێتەوە، بارزانی نەمر بە بەرگریکاری خۆی هەزاران کەس فیدای ناو و ناوبانگی دەبوون، هەر ئەمەش بوو هەندێک کەسی کورد کە بەدیلگیران لە سلێمانی ئامادەنەبوون سوکایەتی بە وێنەی بارزانی نەمر و بکەن و شەهیدبوونیان هەڵبژارد بەمەش سەربەرزیان بۆخۆیان تۆمارکرد و ناویان چووە دیرۆکی بزاڤی نەتەوەی کورد.
لەم شۆڕشەدا پلانی بارزانی نەمر لێک ترازانی کوردستان نەبوو، بەڵکوو هەموو ئەوانەی کاریان بۆ لێک ترازان دەکرد، بارزانی نەمر بە خەبات و لێزانی خۆی توانی سەرکەوێت بەسەر ئەم کۆسپەدا و ناوچەکانی کوردستانی لەگەڵ یەکتردا یەکخستن و تەبای کردن.
شۆڕشێک بوو بە هەموو پێوەرێک کورد و کوردستانی لە ئاستی ئێڕاق و دەرەوە بردە وەچەرخان و قۆناغێکی گەشەسەندنەوە.
ئەوێ ڕۆژێ بوو زەنگی هەلگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول لێدرا، کە مێژوویەکی گەشی لە پانتایی مێژووی گەلی کوردستان داگیرکردووە، وێرای ئەوەی شۆڕشەکە دژی زوڵم و داگیرکاری بوو لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە شۆڕشی ئەیلول مایەی وریاکردنەوەی تاکی کورد و مرۆڤی کورد بوو بۆ ئەوەی تێبگات کە مافەکانی چین و لە هەمان کاتدا بەها بەرزە مرۆڤایتییەکان بناسێت و کە بنیاتێکی گرنگ بوون بۆ بنیاتی مرۆڤ و شوناسی کوردی.
لەم ڕۆژەدا چۆن لە 11ی ئەیلوولی 1961، مێژوو هەروەها دروشمی بەرگری و سەرکەوتنمان لە ئەیلول نووسییەوە و تۆمارکرد، بەهەمان شێوە مانگی ئەیلوول هەر مانگی سەرکەوتن و داواکردنی مافی کوردستانیان و ڕەتکردنەوەی ژێردەستی و تۆمارکردنی چەندین دەستکەوتی زیندوو مێژوویی و هەمیشەییە بۆ گەلی کوردستان.
دڵنیابن ئەیلوول چۆن لە مێژوودا بە شۆڕشێک بۆ داواکردنی ماف و ناچارکردنی دوژمن بە گفتوگۆ و ئیرادە و ئازایی گەل و پێشمەرگە ناسێنرا، هەروەک چۆن شۆڕشێک بوو بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و بەچاو سەیرکردنی کورد وەک هاوبەشێک لە ئێڕاق، لەپاڵ هەموو ئەمانەدا چۆن شۆڕشێک بوو بۆ ئەوەی زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی جێگیر ببێت لە ئێڕاق، هەروەها دەیان دەستکەوتی تر، درێژە پێدەرانی ئەو ڕێبازە نەوەستان لە داواکردن و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد.
دوای پاشگەزبوونەوەی ڕژێم لە بەڵێنەکەی، دەستکەوتێکی مەزنی میللەتەکەمانە، کە بۆ خەبات و قوربانیدانی ئەو شۆڕشە مەزنانە و درێژەپێدانیان، لەسایەی سەرۆک #مەسعود بارزانی#یەوە بووە، بۆیە ئەیلوول هەر بە مەزنی دەمێنێتەوە و دڵنیابن سەرکەوتنی تریشی تێدا دەنووسینەوە، بەدوایدا بەرهەمی شۆڕش و داستانەکان و ڕاپەرین، هەبوونی قەوارەی دەستوری ئێستای هەرێمی کوردستان، بوونی حکومەت و پەڕڵەمان و بە موئەسەساتکردنی هەرێمە، ئەیلول هێندە مەزنە دوژمنان بەرگەی ناوهێنانی مانگی ئەیلوول و سەرکەوتنەکان و دەستکەوتەکانی تا ئێستاش ناگرن.
پیرۆزبێت لە کوردستان و کوردستانیان ئەو یادە زێرینە،
سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ ڕابەری شۆڕشی ئەیلول بارزانی نەمر و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان. [1]