چەمکى حکومەت و نیشتمان لە جیهانى عەرەبیدا
ئامادەکردنی: #پاڵە گەردی#
ڕۆبێرت فیسک دەڵێت: ئایا دەزانی بۆچی خانووی عەرەب زۆر خاوێنە لەکاتێکدا شەقامەکانیان بەپێچەوانەوەیە؟ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە عەرەب هەست بەوە دەکەن کە خاوەنی ماڵ و حاڵی خۆیانن بەڵام هەست بەوە ناکەن کە خاوەنی نیشتمانى خۆیانن.
ڕۆبێرت فیسک بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووسانی جیهان و یەکێک لەو کەسانەی باش عەرەب دەناسێت سی ساڵ لە وڵاتی عەرەبى ژیاوە و ئەو پەیامنێری ئیندیپێندنت بەریتانی بووە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و یەکێک بووە لەو ڕۆژنامەنووسە کەمە ڕۆژاواییانەی کە بەرانبەر بەسیاسەتی ئەمریکا و وڵاتەکەی بەڕیتانیا وەستاوە لەوڵاتی عەرەبى دادەنرێت و پەڕتووکێکی بەناوبانگی هەیە لەم بارەیەوە
گەڕانەوە بۆ وتەکەى: شەقامەکانمان پیسن چونکە هەست دەکەین ئێمە خاوەنی نیشتمان نین؟ بە تایبەتی، من پێم وا نییە! ئەگەر من بە دە پەنجەم و هەموو جەستەم مۆر بکەم ڕاستە کاتێک دەڵێت ئێمە هەست ناکەین ئێمە خاوەنی نیشتمانەکانمانین کەواتە هۆکارەکەی چییە؟
ئەمە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:
یەکەم: چەمکی نیشتمان بە چەمکی حکومەتەوە تێکەڵ دەکەین، بۆیە بە یەکى دەزانین و ئەمەش بۆخۆی کارەساتێکە! حکومەت ئیدارەیەکی سیاسیە بۆ ماوەیەکی کورت لەژیانی نەتەوەیەکدا و هیچ حکومەتێک بۆ هەتاهەتایە نامێنێتەوە لەکاتێکدا نیشتمان مێژوو و جوگرافیایە و ئەو خاکەی کە ئێسکی باوباپیران و ئەو دارانەی ڕەگەکانیان تێدا ڕوو چووەتە خوارەوە و بیر و پەڕتووک و عورف و داب و نەریتە! بۆیە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ڕقی لە حکومەت بێت بەڵام مافی ئەوەی نییە ڕقی لە نیشتمان بێت! گەورەترین کارەساتی تێکەڵبوونی حکومەت لەگەڵ نیشتمان ئەوەیە کە بیربکەینەوە ئێمە تۆڵە لەحکومەت دەکەینەوە ئەگەر نیشتمان تێک بدەین! وەک ئەوەی نیشتمان بۆ حکومەت بێت و بۆ ئێمە نەبێت! حکومەت چی هەیە لەگەڵ ئەو شەقامەی کە من و تۆ لێی دەڕۆین، لەگەڵ ئەو زانکۆیەی کوڕەکەم و کوڕەکەت تێیدا دەخوێنن و لەگەڵ ئەو نەخۆشخانەیەی کە ژنەکەم و ژنەکەت لێی چارەسەر دەکرێن، شتەکان هی ئەوانە نین کە بەڕێوەیان دەبەن، بەڵکوو بۆ ئەوانەی بەکاری دەهێنن! ئێمە لە ڕاستیدا تۆڵە لە نیشتمان دەکەینەوە و نەک لە حکومەت، حکوومەتەکان بە جۆرێکی تر سزا دەدرێن ئەگەر بەڕاستی نیشتمانمان خۆش بوێت
دووەم: کلتوری خاوەندارێتی گشتی لە ئێمەدا بوونى نییە ئەوەی کە توالێتەکە ماڵەوە پاک دەکاتەوە هەمان ئەو کەسەیە کە توالێتی گشتی پیس دەکات، و ئەوەی کە لە ماڵەوە مێزەکەى پاک دەکاتەوە هەمان ئەو کەسەیە کە ناوی خۆی لەسەر کورسی زانکۆ دەکۆڵێت و ئەو باوکەی کە دەیەوێت کوڕەکەی سیستەمى ماڵەوە بپارێزێت هەمان ئەو کەسەیە کە ڕەتی دەکاتەوە لە ڕیزەکەى بە جوانى بوەستێت و ئەو دایکەى کە نایەوێت یەک وانەش لە کچەکەى بە فیرۆ بچێت لە قوتابخانە، کەچى خۆى لە دەوامکردن لەفەرمانگەکەى ڕادەکات.
حکومەت نیشتمان نییە بمانەوێت یان نەماوێت کێشەکانمان لەگەڵ حکومەت بە وێرانکردنی نیشتمان چارەسەر ناکرێت ئەو خەڵکەی تۆڵە لە نیشتمانەکەیان دەکەنەوە چونکە حکومەتەکەیان خراپە شایستەی حکومەتێکی باشتر نین! بەرزی و پایەداریمان بە پاکی و خاوێنی باخچەى ماڵەوە ناپێورێت، بەڵکوو بە پاکی باخی گشتی دوای ئەوەی تێیدا دادەنیشین، ئەگەر تیشک بخەینە سەر دۆخی خۆمان، بۆمان دەردەکەوێت کە دوژمنی خۆمانین و هیچ کەسێک بەقەدەر ئەوەی کە ئێمە دەیکەین سووکایەتی بە نیشتمانەکانمان ناکات ڕاستیش دەڵێت: مرۆڤ پێویستی بە شەقامێکی پاک نییە بۆ ئەوەی ڕێزی لێبگیرێت، بەڵکوو شەقامەکان پێویستیان بە خەڵکی شایستە هەیە کە پاک بن.
پێم وایە ئەو ڕۆشنبیریە نەک تەنیا هى عەرەبەکانە بەڵکوو بووەتە نەریتى گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئێمەى کوردیش هەمان بیرو بۆچوونمان هەیە بەداخەوە. [1]