#هێمن عومەر خۆشناو#
ئەم نووسینە خوێندنەوەیەکی شیکارییانەیە بۆ پەیوەندیی ئەرمەن و کوردانی زازا، یان بە واتایەکی دی هەوڵ و چاوتێبڕینی ئەرمەنەکانە بۆ زازاکان، کە وێڕای پەیوەندیی خراپکراوی هەردوو نەتەوەی کورد و ئەرمەن بەگشتی، بەڵام هەڵبژاردنی زازا لەناو ئەم چوارچێوەیەدا جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە و ئاسۆی باشی و خراپی پاشەڕۆژی پەیوەندییەکە لە دونیای تێگەیشتنی ئەم سەردەمەدا چۆن لێکدەدرێتەوە و مەودای دووريی و قووڵییەکەی، چارەنووسی خاک و زمان بەرەو کوێ دەبات و، دەخاتە ڕوو.
زازایيەکان کێن؟
زازا یان دیملی شێوە ئاخاوتنێکی زمانی کوردییە و بەگوێرەی بۆچوونی لێکۆڵەرانی کورد، ئەم شێوەزارە سەر بە دیالێکتی گۆرانە و وەک هەورامی سەر بە یەک زارن. بەڵام بەشێک لە لێکۆڵەرانی نا کورد بە زمانێکی سەربەخۆی ئێرانی دادەنێن، هەروەک هەندێک لە زازاییەکانیش وەها خۆیان دەناسێنن کە زمانێکن لە زمانی کوردی جودان (1) .
بەشێک لە ڕۆژهەڵاتناسانیش لەوانە (مەکەنزی) ، هەروەها (هادانک) لەژێر کاریگەریی (ئۆسکارمان) پێیوایە کە دیملی یان زازایی لە ناوچەی دیملی ئێرانەوە هاتوون و پەیوەندییان لەگەڵ زمانەکانی تاتی و تاڵشی و مازەندەرانی هەیە. هەر بۆ ئەوەش بەشێک لە توێژەران ڕیشەی زمانی زازایی بە بەشێک لە کرمانجی دانانێن و پێیانوایە (زازايیەکان لەوانەیە لە کەناری باشووری دەریای خەزەرەوە کۆچیان کردبێ، هەندێکیش لەوانە خۆیان بە دیمیلی دادەنێن کە دەلالەتە لە گرووپێک لە خەڵکی پارێزگای گەیلان دیلیمان/ ناوچەی دیلمان، هەندێک لە زمانەوانانیش پەیڤی دیمیلی یان دیلمیان پەیوەست دەکەن بە چیاکانی ئەلبورزی نزیک کەناری دەریای خەزەر لە ئێران و پێیانوایە کە دیمیلییەکان/ زازایيەکان لە دەیلەم دیلمانەوە هاتوون و وەک زمانەکانی ئێستای باشووری کەناری دەریای خەزەر لە وێنەی زمانەکانی خزری/ کاسپین، سنگسری، مازندەرانی، تاتی /هەرزەندی، سەمنانی، تاڵشی/ گەیلەکی....ن. کە پێیانوایە ئەم زمانانە زۆر لە زازایی نزیکن. ئەگەرچی ئەم بۆچوونە لە ڕوانگەی نەسلناسی پاڵپشت ناکرێ، لێکۆڵینەوە تازەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کە ڕەگ و ڕیشەی دیمیلی/ زازایيەکان ئەنادۆڵی بووە و لە ڕوانگەی نەسلناسی دراوسێی کرمانجەکانن و تەنیا لە ڕووی زمانییەوە لەگەڵ باشووری دەریای خەزەر پەیوەندیدارن) (2) .
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەم ڕۆژهەڵاتناسانە یان بە مەبەست ئەو ئاماژانەیان کردووە و یانیش هاتوون بۆ ماوەیەکی کەم لەناو زازاییەکان ماون و وایان هەست کردووە کە لەگەڵ زمانەکانی باکووری ئێران نزیکییان هەیە، بۆیە ئەو بڕیارەیانداوە.
لە زانستی زماندا ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە خەڵکەکە خۆیان چى دەڵێن، ئەوە حسێب دەبێ، بۆیە بەگوێرەی لێکۆڵەران پێش ئەوەی زازاییەکان ببنە شارستانی و ئەو کاتەی کە ئەو ڕووداوە سیاسییانەی سەدەی بیستەم ڕوویان نەدابوو، زۆرینەی هەرە زۆری زازاییەکان لە گوندان بوون، بەڵام بەهۆی خاپوورکردنی زۆربەی گوندەکان و بە هۆکاری تر ڕوویان لە شارەکان کرد، لە شاردا وەزیفە و ئەرکیان گۆڕدرا، چونکە پێش هاتنیان بۆ شار، هیچ زازاییەک نەیگوتووە من زازاییم، بەڵکوو هەموویان دەیانگوت من کردم، یان من کیردم، بە کرمانجەکانیشیان گوتووە کردیسی، واتە کوردئاسا، یان وەک کوردان (3) .
تەنانەت خەڵکی پارچەکانی تری کوردستانیش تائێستاش نەیانزانیوە شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیمی زازان، ئەوە لەکاتێکدایە ئەوانیش بە زاریاندا نەهاتووە کە زازان. لەبەرئەوە ئێمە پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەین کە نەک هەر ناکرێ بە دیملی ناوببردرێن، بەڵکوو زازابوونەکەش لە کرمانجییەکە جوێ نابێتەوە وەک نەتەوە، ئەوەندە هەیە دەکرێت ئەویش وەک شێوە ئاخاوتنێکی کوردی تەماشا بکرێت، چونکە کۆنترین دەقی ئەدەبی زازاکی، مەولوودنامەی (ئەحمەدێ خاسێ) یە، ئەویش نووسیویەتی مەولوودا کردی و بە هیچ جۆرێک ئاماژەی بۆ زازاکی نەکردووە.
(جەلادەت عالی بەدرخان) لە گۆڤاری هاواردا لەژێر ناوی (زاری دوملی و مەولوودا عوسمان ئەفەندی) ، بابەتێکی نووسیوە و لە ناساندنی زازا دا دەڵێت: ( زاری دوملی: ئەڤ زار زمانی کوردین، دوملی ئان زازانە، کوردێن دوملی د وڵاتێ ژۆرین د ڕۆژاڤایێ وی وڵاتێ دە ڕونشتینە. ب پڕانی تەڤلی کوردمانجانن و ژێ زارێ خوە پێڤە ب کوردمانجی ژی دزانن) (4) .
خاڵێکی تر هەیە پێویستە بخرێتە ڕوو، ئەویش ستراتیژییەتی ئەو خاکەیە کە زازاکییەکانی لەسەر نیشتەجێن، بەتایبەت بۆ ڕۆژاواییەکان یان بە دەربڕینێکی تر بۆتە جێی سەرنجی ڕۆژهەڵاتناسەکان، ڕەنگە هەر ئەمەش بووبێتە هۆی ئەوەی ئەوان حەزیان بەوە کردووە زازا لە کرمانج دابڕنن. بەوەی ناوچەکە بۆ ئەرمەنەکان زۆر گرنگە و لە هەندێک شوێندا لە کاتی خۆیدا ئەرمەنی لێ نیشتەجێ بووە، بۆیە ئەرمەنەکان و ڕۆژاواییەکان ئەو هیوایەیان هەر ماوە کە لە داهاتوودا قەوارەیەک بۆ ئەرمەنەکان درووست بکرێت، یان ئەو دەوڵەتە مەزنەی ئەوان خەونی پێوە دەبینن، باشترین شوێنیش کە دەکەوێتە سەر سنووری ئەو دەوڵەتە، خاکی زازاییەکانە. هەر لەبەرئەوەشە ئێستا لە ئەرمینیا و یەریڤان هەوڵی ئەوە دەدرێت بایەخ بە زازاییەکان بدرێت، لەم ڕووە تائێستا لە ماوەی ساڵانی (2012- 2014) دوو کۆنفڕانسی زانستی تایبەت بە زازاییەکان سازکراوە. ئەم هەوڵە بۆ مێژوومان دەگەڕێنێتەوە کە شاعیرێکی وەک حاجی قادری کۆیی هەر ئەو کات هۆشیاری ئەوەی دابوو، کە نیازێکی وەها هەیە و ئەرمەنەکان بەتەمان جێی کوردان بگرنەوە، بۆیە دەڵێت:
خاکی جزیرە و بۆتان
یەعنی وڵاتی کوردان
سەد حەیف و سەد مخابن
دەیکەن بە ئەرمەنستان
ئەرمەنەکان چاویان لە خاکی زازاکانە
زازايیەکان بە پەرش و بڵاوی لە زۆر لە ناوچەکانی باکووری کوردستان بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەتی لە بەشێک لە پارێزگای ئامەد و تەواوی پارێزگاکانی بنگۆل و ئەلعەزیز و هەندێ لە شارۆچکەی موش و دەرسیم و ئورفاش بە زازاکی قسە دەکەن. وردتر بڵێین (کوردی زازا، کرمانجکی یان کردکی، دملکی، شوێنی نیشتەجێبوونیان باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بن دەستی تورکیایە. ئەم بنکەیەش لە باکووری ئەرزەڕۆم و ئەرزنجان لە باشوور تا دەگاتە گەرگەر و ئەدیامان و ناو سوێرک و شارۆچکەی ئورفا و گوندەکانی باکووری ئورفایە. هەروەها لەناو سەنتەری قەزاکانی ئامەد وەک چەرموک و چەنگوش و پیران و هێنی و هەروەها لە چەند گوندێکى مەزنی ئەو قەزایانە وەک لیجە و حەزرۆ چنار و قولپ، وێڕای شارۆچکەی گمگم و شارۆچکەی موش و چەند گوندێکی قەزاکانی ئەرزەڕۆم وەک خنووس و تەکمان هەن. هەروەک لەناو ئەرزنجان و هەندێ لە گوندەکانی و لە دوو شارۆچکەی سیواس و گوندەکانی. شاری دەرسیم و قەزاکانی وەک بولومۆر و نازمییە و ئۆقاچیخ و خۆزات و جەمیشکەزەک و لە تەواوی (ئەلعەزیز) و قەزاکانی وەک مادەن و پالۆ و لە ناوەندی شارۆچکەی قەرەقۆجان و لە شاری بینگۆل و هەموو قەزاکانی و لە زۆربەی شارۆچکەی سۆلخان و قارلی جاف، ئەمانە بە زازاکی دەپەیڤن) (5) .
ئەم ناوچە جۆربەجۆرانەی کە زازایان لێ نیشتەجێن، باشترین دەرفەتە بۆ ئەرمەنەکان، چونکە ئەوان ناتوانن ئەو پەیوەندییە لەگەڵ کورد (کرمانجی) بەگشتی پەرەپێبدەن، دەبێ لەو خاڵەوە دەستپێبکەن کە زازایيەکان هەستی جیابوونیان لە کورد لەلا وروژێنراوە، کە ئەمە دەوڵەتی تورک و خەڵکێکی زازا ئەم بیرۆکە پەرە پێدەدەن و جگەلەمەش نزیک لە نیوەی زازایيەکان عەلەوین و ئەمەش دەرفەتێکی دیکەی پێکانی ئامانجەکەیە و لەلایەکی تریشەوە پچڕپچڕی ئەو دانیشتووانەی سەرەوە، قورسایی کرمانجی بەگشتی کەم دەکاتەوە و هەڵکەوتەی شوێنەکەش بۆ ستراتیژییەتی سنووری دەوڵەتی مەزنی ئەرمەن زۆر لەبارە.
هەوڵەکانی جیاکردنەوەی زازاکی لە کوردی
میشیل لیزینبێرگ لە پەڕتووکەکەی خۆیدا (کاریگەریی گۆرانی لەسەر کوردی ناوەڕاست) ناوی ئەو نووسەرانە دێنێت کە بۆچوونی تایبەتی خۆیان لەسەر زازایی هەبووە و دەڵێت: مان (1909-23ت) یەکەم کەس بووە تێبینی کردووە کە جیاوازیی نێوان زازایی و گۆرانی لەلایەک و کرمانجی و سۆرانیش لەلایەکی ترەوە، ئەوەندە گەورەیە کە ناتوانین بە زاری جیاوازی هەمان زمانیان دابنێین. سۆن (1921) دوای چەند ساڵێک، بە شێوەیەکی سەربەخۆ گەیشتۆتە هەمان ئەنجام. نووسەرانی پێشتر، بۆ نموونە: لێر چ (1857) و موولەر (1864) زازاییان بە یەکێک لە زارە کوردییەکان داناوە، ئەگەرچی ئەوانەی بە زارەکانی تر دەدوان بەزەحمەتییەکی تایبەتی لەم زارە دەگەیشتن. ڕیچ بە شێوەیەکی گشتی لای دەکرد بە لای ئەوەدا کە گۆران لە ڕووی ئیتنییەوە بخاتە ناو چوارچێوەی کوردەوە، ئەگەر چی هەندێک جار دوو دڵ بوو، چونکە چاک ئاگاداری جیاوازییە زمانەوانی و کۆمەڵایەتییەکانی بوو لەگەڵ جافەکانی کوردی زمانی دەوروبەرییان.
(مان) بۆچوونە زمانەوانییەکەی ڕێکخستووە و جەختی کردووە کە قسەی ڕاستت دەوێ زازایی و گۆرانی زاری کوردی نین، بەڵکوو لقێکی سەربەخۆن لە زمانە ئێرانییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو، جیاوازییەکە تەنیا بە زمانەوانی دادەنێت، نەک ئیتنی. ئەگەرچی هەندێک سیمای چاندیی جیاوازی تێبینی کردووە لەناو گۆرانەکان. ئەگەر زازایی و گۆرانی، تا سەردەمی (مان) و (تا ماوەیەکی زۆر دواتریش) لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە زاری کوردی دانرابن، ئەمە بەگشتی سەبارەت بەوە بووە کە گۆران و زازا زمانەکان، بەبێ دوو دڵی، لە ڕووی ئیتنییەوە بە کورد دانراون. بە جۆرێکی تر بڵێین زمان خۆی لە خۆیەوە پێوەرێکی ئیتنی جیاکەرەوەی زۆر گرنگ نەبووە، هەرچەندە ئەگەر هۆکاری تری ئایینی و خێڵەکی لەگەڵدابایە، وای لێ دەهات. ئەمەش ئەو کاتە باش دەردەکەوێت کە سەیرێکی سەرنج و تێبینی چاودێریکەرانی ڕووی دەرەوە بکەین.
ئەولیا چەلەبی، نووسەری گەشتنامەی سەدەی حەڤدەيەم، لە پەڕتووکی چوارەمی سیاحەتنامەکەیدا، زازایی بە یەکێک لە شازدە (لە شوێنی تر پازدە) زارەکانی کوردی دادەنێت. جێی بایەخە، ئەو، زمانی بارەگای ناوچەکەی، کە لە تبلیس قسەی پێ دەکرێت و پێی دەگوترێت (ڕۆژێکی) بە زارێکی کوردی داناوە، هەرچەندە نموونەکانی وادەردەخەن کە ئەم زارە زۆر ئاشکرایە تورکی بێ و زۆر شتی خوازراوەی ئەرمەنی تێدابێت. ئاشکرایە بەلای ئەولیا چەلەبییەوە پێوەری تری جگە لە پێوەری زمانەوانی هۆکاری یەک لاکەرەوە بوونە لە چەسپاندنی لکانی ئیتنییەوە.
بە هەمان شێوەش، توێژەری پێشەنگی دانیمارکی کارستێن نیبوور (1768) ، کە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەدا گەشتێکی بە ناوچەکەدا کردووە و لە ڕێگەى خۆیدا، لە ئامەدەوە بۆ ماردین، ڕاستەوخۆ بەناو جەرگەی خاکی زازا زمانەکاندا تێپەڕیوە، بەڵام یەک تاکە جار چییە تێبینی نەکردووە کە ئەم خاکە کۆمەڵێکی ئیتنی جیای تێدابێت، لەبەرئەوەی خۆی نە کوردی دەزانی و نە تورکی. دیارە زانیاریدەرەکانی (کە دیارە جێی بڕوا بوون) باسی هیچ جیاوازییەکی زارەکی یان ئیتنی ئێرەیان بۆ نەکردووە. بە جۆرێکی تر بڵێین، دیارە لەوکاتەدا، ئەوانەی بە زازایی دواون (وەک هەن) لە کوردی تر جیانەکراونەتەوە. لەوماوەیەدا، ئایین سنوورێکی ئیتنی زۆر گرنگتر بووە لە زمان، بەڵام تەنانەت ئەم سنوورەش تەواو و کامل نەبووە. بە ئاشکرا باجەلان و لەک و سارلی بە کورد دادەنێت، بەمجۆرە، گۆرانی و زازایی لە ڕووی ئیتنییەوە، لە هەموو حاڵێکدا زمانی کوردی بوون. بەلایەنی کەمەوە، تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، هیچ دەرک کردنێک بە ناسنامەی تایبەتی زازایی دیار نییە. لەوەدەچێت ئەوکات هۆکاری خێڵەکی و جوگرافی و بەتایبەتیش ئایینی لە هەموو کاتێک بەهێزتر بووبێت. مەکەنزی پێیوایە کە گەلی زازا، وەک گۆرانەکان، بنچینەیان بۆ کەناری باشووری دەریای قەزوين دەچێتەوە، واتە بۆ دەیلەم، کە ئەو (تاقمە کوردە سەرەکییانەی) دواتر گەیشتنە ئەوێ، ئەمانەیان بەرەو ڕۆژاوا ڕاماڵی (6) .
وەک باس کرا سەرەتای هەوڵەکان بۆ بەشێک لە ڕۆژهەڵاتناسان دەگەڕێتەوە، ئاشکراشە بەشێک لەم ڕۆژهەڵاتناسانە کەسانی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا یان نوێنەر و فەرمانبەرانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتانە بوون و بەمەبەست و بۆ دواڕۆژێکی دوور ڕوانینەکانیان خستۆتە ڕوو. یەکەم هەنگاوی ئەرمەنەکانیش لە زمانەوە دەستپێدەکات و بە دووەم هەڵمەت دادەنرێت دوای ڕۆژهەڵاتناسەکان، ئەویش (هەندێ ئەرمەنی توندڕەو کە بیرۆکەی دەوڵەتی مەزنی ئەرمەنییان هەڵگرتووە و پێیانوایە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکن لەو دەوڵەتە و لە خاکی ئەرمینیای گەورە. ئەمانە دەزانن کە لە ناوچەکانی زازادا ئەرمەن نەماون و بەو خەیاڵە دەژیین کە زازا ڕەگەزێکی ئەرمەنین و بەتایبەتی زازایانی عەلەوی لە ناوچەکانی دەرسیم و شێوەئاخاوتنی زازاکیش بە شێوەئاخاوتنێکی نزیک لە ئەرمەنی دادەنێن. هەروەک چۆن بەشێک لە فارسەکانیش پێیانوایە کە کوردیی بەشێکە لە ئەوان. هەر لەو سۆنگەشەوە بووە بەشێک لە زانا و توێژەرانیش لەبن سێبەری ئەو هێرش و بۆچوونە توندڕەوانەیە بە هەڵە هەمان بۆچوونیان دووبارەکردوونەوە) (7) .
لە #پەیماننامەی سیڤەر#یش هاتبوو کە دەبێ ئەرمەنستان و کوردستان و حیجاز سەربەخۆیی خۆيان وەربگرن، لەو نێوانەدا سنووری هەریەکەشیان دیاریکرابوو، کە بۆ موجامەلەی داخوازییەکانی ئەرمەن ناوچەی (وان) لە کوردستان دوورخرایەوە، بەمەش ئەمین عالی بەدرخان نەخشەیەکی دیکەی پێشکەش کرد و وانی خستەوە ناو نەخشەی کوردستان و گفتوگۆکانی نێوان کورد و ئەرمەن بەردەوام بوو لەسەر ویلایەتی ئەرزەڕۆم و ساسۆن و هەروەها ئاگری و مووش، کە ئەوکاتیش ئەرمەنەکان بە هی خۆیانیان دادەنا (8) .
ئەم هەڵمەتە ئێستاشی لەگەڵ دابێت هەر لەبرەودایە و کارەکە لە ئاستی زمان دەرچووە و ڕووەو خاک هەنگاوی ناوە، بۆ وێنە (ریمون کیفورکیان) ی سەرۆکی توێژینەوەکانی زانکۆی پاریسی هەشتەم لە شوباتی 2015 وەها دەنووسێت کە: ( لە شەڕی ئەرمەن و عوسمانییەکاندا ئەرمەنەکان لە (شەش ویلایەتەکەی ڕۆژهەڵات بەتلیس، سیواس، ئەرزەرۆم، وان، ئامەد و ئەلعەزیز کۆچیان پێکراوە، ئەم ویلایەتانە نیشتمانی دیرۆکیی ئەرمەنەکانە) (9) ، دەبینین هەموو باژێڕە کوردییەکان بە هی خۆیان دادەنێن، تەنانەت ئەوەی کە کورد بە پایتەختی خۆی دادەنێت لە باکوور، ئەوان ئەویش دەخەنە ناو ویلایەتەکانی خۆیان.
مەزهەبی زازا
وەک سەرنج دەدرێ زازاییەکان بەشی هەرە زۆریان لەسەر ڕێڕەوی سوننە مەزهەبن و بەشەکەی تریشیان عەلەوین، ئەگەرچی بەلای هەندێ توێژەری فارسییەوە کە لەژێر کاریگەریی شیعەگەرایەتیدان، پێیانوایە نیوەيان عەلەوین و نیوەشيان سوننین، بەڵام وەک پرسی مەیدانیمان، بۆمان دەرکەوت کە بەشە زۆرەکە سوننین و ئەو بەشەشی عەلەوییە، وەک شیعەکانی لوبنان و تورکیا و ئیران نین، واتە خاوەنی حسێنییە و شوێنی پەرستش کردن نین، بەڵکوو تێیاندا هەیە وەک سوننییەکان دێنە مزگەوت و مەراسیمە ئایینییەکانیان جێبەجێ دەکەن و ئەوانی دیکەشیان نوێژ ناکەن، بەڵام ئەو سرووتە ئایینییانەی کە بوونەتە دابی کۆمەڵایەتی، وەک خەڵکی تر پێیەوە پابەندن. دیملییە عەلەوییەکان لە ناوچەکانی باکووری ناوەڕاست و دیمیلییەکانی سوننەش لە ناوچەکانی باشوور دەژیین. گوایە (مەزهەبی کۆنی زازاکان زەردەشتی بووە) (10) ، ئەمەش تائێستا بە بەڵگەیەکی زانستی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەرمەنەکان زیاتر مەزەبى عەلەویبوونی هەندێ لە زازاکانیان قۆستۆتەوە، بەوەی دەکرێ ئەگەر لەگەڵ سوننی بوونیش نەبن، بەڵام لەگەڵ ئەرمەنەکان هاوکاربن، لەبەرئەوە ئەو سنوورەی زیاتر عەلەوییەکانی لێ نیشتەجێن وەک شوورەیەک دەبێت بۆ سنووری ئەو دەوڵەتە مەزنەی ئەرمەنەکان کە خەونی پێوە دەبینن و لەو نێوانەدا کورد بەگشتی دەکەوێتە نێوان عەلەوییەکان و ئەرمەنەکان و بەوشێوەیەش سنوورێک دێتەکایەوە کە بە دڵی ئەرمەنەکانە.
زازا و شۆڕشەکانی کورد
بێگومان لە زۆر بواردا زازاییەکان پێشەنگ بوون، ئەم پێشەنگییەش دواتر وەک ناسنامەی زازاکی بوون نەناسێنراوە، بەڵکوو وەک کوردێک تەماشاکراوە، دیارترین نموونەش لەم بارەدا شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیرانە، کە لەم بارەیەوە لیزینبێرگ دەڵێت: لە شۆڕشی شێخ سەعیددا، کە بە سەرکردایەتی کوردی سوننی زازایی زمان بوو، کۆنفیدراسیۆنی ملی کرمانجی زمان و خێڵەکانی جبران و حەسەنان بەشدارییان تێداکرد، بەڵام خێڵە عەلەوییە زازایی زمان و کرمانجی زمانەکان بەتوندی لە دژی شۆڕشەکە وەستان. لەم حاڵەتانەدا، سنووری ئایینی و خێڵەکی زیاتر لە زمانەوانی دەوریان هەبووە.. لە شۆڕشی دەرسیمی (1937-1938) ، تەنیا خێڵی عەلەویی بەشدارییان کرد (11) . ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆچوونی تری پێچەوانە هەن نکۆڵی لەم ڕاماڵینە دەکەن، بۆ وێنە : (ڤان برۆنسن) هەوڵ دەدات بيسەلمێنێ کە ئەو بۆچوونەوەی دەڵێت خێڵە کوردی زمانەکان دانیشتووی ڕەسەنی گۆرانی زمانیان بەزاندبێ و ڕایانماڵی بن، کە ئەوانیش لە دەیلەمەوە هاتبن (ئەمە جگە لە دانیشتووانی تەواو ناخێڵەکی کە ئیدمۆنز باسیان دەکات زۆر سادە و ساویلکانەیە، هیچ کات کۆمەڵەی ئیتنی سەرلەبەری یەک پارچەیی monolithic نەبووە و سەرچاوەی مێژوویی هەن ئاماژە بۆ کردەوەی تر دەکەن. بۆ نموونە: مینۆرسکی باس دەکات کە گۆران، لە سەدەی نۆزدەمدا، وەک خێڵێکی شەڕاوی باس کراون (12) .
لە ئەنجامی ئەو خستنەڕووەی بنگە و بناغەی پەیوەندییەکە دەردەکەوێت کە وێڕای ئەوەی کوردانی ئەرمەنستان هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندیی کورد و ئەرمەنیان داوە و لەو ڕوانگەوە کوردانی ئەوێ ڕۆڵی باشیان لە پەرەسەندنی زمان و ئەدەبی کوردی گێڕاوە، بەڵام ئەوەندەی ئەرمەنستان بایەخی جددی بە کوردانی زازا دەدات، ئەوەندە بەگشتی بایەخ بە کورد نادات، تەنانەت لەناو هەموو ئەو کارەسات و قڕکردنانەی بەسەر کورددا هاتوون لە هەموو پارچەکاندا، نە ئەرمەنستان وەک حکومەت و نە لەسەر ئاستی گەلیش ئیدانە نەکراون و هێشتاش ئەو خەونەیان نەهاتۆتەدی کە پێیان وابوو لۆزان و سیڤەریش بەڵێنەکەیان نەهێناوەتەدی بەوەی کە بەشی زۆری خاکی کوردستان دەبێ بکەوێتە ژێر قەڵەمڕەوی ئەرمەنییەکان.
لەبەرئەوە ئەگەر لە مێژوودا هەردوو گەلی ئەرمەن و کورد تێوەگلاوی شەڕێکی نەگریس بووبن، ئەوا مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کورد بە ستەم ڕازی بووبێ جا هەر کامیان کردبێتى، بەڵام ئەم دیوە شاردراوەیەش مەترسییەکی گەورەیە کە بە پەنهانی خاک و زمانی کوردان خەونی پاشەڕۆژی گەلێکی وەک ئەرمەنە کە بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆی.
سەرچاوە و پەراوێزەکان
1 ئەم بۆچوونە لای هەندێک لە لووڕەکان و هەورامییەکانیش ئەم سەردەمە لە برەودایە.
2 زبان زازا (دیملی) ، دکتر سیاوش مرشدی، تهران موسسە نشر بلخ، 1391، ل12.
3 ئەم بۆچوونە نووسەری ناوداری زازا، محەمەد مالمیساژ لە کۆنفرانسی کوردۆلۆژی دەریبڕی لە زانکۆی دیجلەی شاری ئامەد لە ڕێکەوتی 22/9/2016.
4 زاری دوملی و مەولوودا عوسمان ئەفەندی، جەلادەت عالی بەدرخان، گۆڤاری هاوار، ژمارە2325، تموز 1933، ل1.
5 اللغة الکردیة، مراد جوان، ترجمة دلاور زنکی، مجلة افشین الالکترونیە، بتاریخ 24/2/2011 https://kurdsyria.wordpress.com
6 کاریگەریی گۆرانی لەسەر کوردی ناوەڕاست، میشیل لیزینبێرگ، و.عەزیز گەردی، سەردەم، سلێمانی، 2004، ل79.
7 اللغة الکردیة، مراد جوان، ترجمة دلاور زنکی، مجلة افشین الالکترونیە، بتاریخ 24/2/2011 https://kurdsyria.wordpress.com
8 بۆ زیاتر زانیاری بڕوانە سایتی ویکیپیدیا لەبارەی (پەیماننامەی سیڤەر)
9 مجازر الارمن وتفکک السلطة العوسمانیە الی دولة-أمة تبطن استبعاد غیر الاتراک، ڕیمون کیفورکیان، جریدة الحیاة، 8 نیسان/2015.
10 زبان زازا دیمیلی، دکتر سیاوش مرشدی، ل13.
11 کاریگەریی گۆرانی لەسەر کوردی ناوەڕاست، میشیل لیزینبێرگ، و.عەزیز گەردی، سەردەم، سلێمانی، 2004، ل64.
12 سەرچاوەی پێشوو، ل81.[1]