بارودۆخی ئێران و شۆڕشی#ئیسماعیل ئاغای شکاک#
بۆتان نەجات، 24-02-2018
1-بەستنی پەیماننامەی لۆزان و بڕیارەکانی کاریگەریی هەبوو لەسەر خەباتی کوردایەتیی لە سەرتاسەری کوردستان و سەرهەڵدانی شۆڕشە کوردییەکان لە پارچەکانی کوردستان.
2-وێڕای بوونی چەندین فاکتەری ئابووری و سیاسی و ئایینیی زیاتر کاریگەریی هەبوو لەسەر بزواندنی هەستی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
3-هەروەها پەیڕەوکردنی سیاسەتی بە فارسیکردن بەتایبەتیش لەلایەن ڕەزاشا.
4-هەروەها ژیانی ئابووری کوردەکانیش زۆرخراپ بوو بەتایبەتیش ئەو هەموو باج و سەرانەی دەخرانە سەر جووتیاران.
5-جگە لەوەش سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان گومانیان هەبوو لە دەسەڵاتدارانی ئیرانی چونکە بوونە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ سەرۆک هۆز و شێخ و دەرەبەگەکان لە هەمانکاتیش دا نفوز و ژمارەی پیاوەکانیان کەم ببوەوە بەهۆی ڕێگریکردن لەلایەن حکومەتەوە، جگە لەوەش حکومەت هەوڵی دەدا دەست بەسەر موڵک و ماڵە تایبەتیەکانیان دا بگرێ، لە هەمانکاتیشدا دەسەڵاتیشیان سنووردار ببو، بۆیە بەهەموو شێوازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان هەستان بە بەرپاکردنی شۆڕش لە پاڵ جووتیاران و دانیشتووانی چینی خوارەوە.
و زۆرجاریش هەبووە ئەگەر سەرۆک هۆزەکان لەگەڵ دەسەڵات ڕێکەوتبان دژی ڕاپەڕینیی هاووڵاتیان و جوتیاران دەوەستان ئەگەر بارودۆخ لە بەرژەوەندی ئەوان نەبا، هەمیشەخەڵکی هەژاریان بۆ بەرژوەندی خۆیان خستۆتە شانۆی ململانێی سیاسی و سیاسەتی ناوەخۆی وڵات، هەروەها بەستنەوەی ناوچە کوردییەکانیش بەسەنتەرەوە بووە هۆی چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین لە پارچەکانی کوردستان لەوانەش شۆڕشەکەی عەشیرەتی قلخان بە سەرکردایەتیی فاتح عەلی سوڵتان قلخانی و عەشیرەتی هەورامانی و سردار ڕەشید سەرۆکی عەشیرەتی کەلهوڕ و زولفۆئاغا لە ناوچەی خۆراسان، بەڵام ئەوەی لە هەموویان کاریگەرتربووە شۆڕشەکەی سمکۆی شکاک بووە، هەرچەندە خەبات و ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک جێگای بایەخ و بەرزنرخاندنە و شوێنی خۆی گرتووە لە مێژووی کوردیدا لە هەمان کات دا ئێران و بریتانیا و تورکیا و یەکێتی سۆڤیەت حیسابیان بۆی کردووە بە کەسێکی گرنگ و مەترسیدار بۆ سەر ئاساییش و بەرژەوەندی وڵاتەکەیان وەسفیان کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا سمکۆ شۆڕشی کردووە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ لە ساڵی ( 1920–1930 ) ئەویش بەهۆی دەربەدەربوون و ئاوارەبوونیەوە لە سنووری نێوان ئێراق و ئێران و تورکیا.
سمکۆ کوڕی محەمەد پاشای سەرۆکی عەشیرەتی شکاکەکان بوو لە دوای مردنی باوکی دەسەڵاتی وەرگرتووە سمکۆ ئارەزووی لە سەربەخۆیی کوردستان بوو بۆیە شۆڕشی بەرپاکردووە دژی دەسەڵاتدارانی ئێرانی و لە هەمان کاتیش دا عەشیرەتی شکاک و چەندین هۆزی تر لە پارچەکانی تری کوردستان هەڵوێستی خۆیان پیشانداوە بۆ یارمەتیدانی سمکۆ. و سمکۆ کەوتووەتە هەڵەیەکی مێژوویی ئەویش گومان دەکرێ سمکۆ لە فێڵەکانی ئینگلیز تێوەگڵابێت بۆیە لەگەڵ ئاشوورییەکان بەکێشەداچووە دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئاشوورییەکان لە دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنەکە پیاوەکانی سمکۆ هەڵدەستن بە تەقەکردن لە وەفدی ئاشوورییەکان و مارشەمعوونی سەرۆکی ئاشووریەکان دەکوژن لەگەڵ 100 لە پیاوەکانی..
بێگومان بە پێی لێکدانەوەی مێژوونووسان ئەو ڕووداوە دەستی ئینگلیزەکانی تێدابووە ئەوەش بۆتە هۆی کەم بوونەوەی بایەخ و هەیبەتی سمکۆ و دەسەڵاتی لە کەمیداوە و هۆکاریش بووە بۆ لاواز بوونی شۆڕشەکەی. و لە ساڵی 1922 لە دوای گەڕانەوەی شێخ مەحمود سەردانی سلێمانی کردووە بە چاودێری ئینگلیزەکان، هەرچەند باس لەوە دەکرێ پێش ئەوەی شێخ مەحمود لە هیندستان بگەڕێتەوە کوردستان لەگەڵ سمکۆ دا نێوانیان ئاڵۆز بووە، بەڵام دواتر ئاشتبوونەتەوە و ناکۆکی نێوانیان کۆتای پێ هاتووە.
سەرەدانەکەی سمکۆی شکاک بۆ سلێمانی لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە پێشوازییەکی شاهانەی لێکراوە و ئینگلیزەکان دەستیان هەبووە لە ناردنی سمکۆ بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی قەناعەت بە شێخ مەحمود بهێنێ پەیوەندی بپچڕێت لەگەڵ تورکەکان بەتایبەتیش لەگەڵ ئۆزدەمیر پاشا کە ئەوکات لە ناوچەی ڕواندوز بووە لەگەڵ پیاوەکانی.
سمکۆیان نارد بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ شێخ مەحمود دووقۆڵی هێرش بکەنە سەر تورکەکان و دەریان بکەن لە ئێراق .بەڵام ڕەفیق حیلمی باس لەوە دەکات کە سمکۆ نەیتوانیوە بە شێخ مەحمود بڵێت بۆچی هاتووە یاخود چ پلانێکی هەیە، چونکە لەوە دڵنیا بوو کە تورکەکان کاریگەریان هەبووە لەسەر شێخ و هیچ کارێکی بە بێ تورک نەکردووە. ئینگلیزەکان هەوڵیانداوە کەڵک لە ناکۆکی نێوان کوردەکان ببینن یاخود کوردەکان بەکار بێنن بۆ مەرامە سیاسییەکانیان و تورکەکانیش هەمان هەڵوێستیان هەبووە بەرانبەر بە کورد و ئێرانیەکانیش بە هەمان شێوە . دوای ئەوە ئینگلیزەکان داوایان لە سمکۆ کردووە سلێمانی جێ بهێڵێت ئەویش ڕووی کردە سنوورەکانی تورکیا.
سمکۆ بەردەوام دەبێت لە خەباتی سیاسی لە ناوچەی ورمێ و ناوچەکانی گۆمی وان هەروەها شەڕی کردووە لەگەڵ سوپای تورکی و ئێرانی و ئێراقی وێڕای فڕوفیڵی ئینگلیزەکانیش، لە ساڵی1929حکومەتی تورکیا سمکۆیان دەرکردووە لە خاکیان و ڕێگەیان پێنەداوە لە تورکیا بمێنێتەوە و تەنیا لە مەلاتیە یان ئەرزەڕۆم نەبێت، بەڵام سمکۆ بەرهەڵستی بڕیارەکەی کرد بەهەمان شێوەش دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕێگەیان لێگرتووە بۆیە سمکۆ داوای کرد کەڕێگەی پێبدەن بچێتە ناوچەکانی برادۆست بەڵام ئەو داواکاریەی ڕەتکراوەتەوە بۆیە وتیان دەبێت بچی بۆ تاران یان تەورێز چەندین جار بەو شێوازە چۆتە تورکیا و ئیران هەوڵی داوە ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە دواجار دەسەڵاتدارانی ئیران هەوڵ دەدەن پیلانی کوشتنی سمکۆ دابڕێژن بۆیە بەبیانووی قسەکردن لەگەڵ پارێزگاری شنۆ بانگێشتی دەکەن، دواتر دەچێتە ماڵی خورشید ئاغای هەرکی، پاشان داوای لێ دەکەن سەردانی تەورێز بکات بەناوی ئەوەی دەیانەوێت بەئاشتی کێشەکانیان چارەسەربکەن، بەڵام ئەو سەردانەکەی دوادەخات ئێرانیش لە ڕێگادا چەندین سەرباز و جەندرمەیان ئامادەکردبوو ڕێوشوێنی توندیان گرتەبەر لە ڕێگای نێوان ئورمیە و ساوجبلاق بەرەو شاری شنۆ، هێرشی دەکەنە سەری و لە 18-03-1930 سمکۆ شەهید دەبێت و لەگەڵ خوسرەوی کوڕی و خورشید ئاغای هەرکی و چەندین لە جەنگاوەرەکانی . [1]