بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق، #لاهور شێخ جەنگی#، پڕۆژەیەکی هەیە و بە نیازە سەرانی بەرپسانی یەکێتی و پارتی بکات.
لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت لیستێکی هاوبەش لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق، درووستبکات.
پەیوەست بەو بابەتە، ژینۆ محەمەد، نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، لە ماوەی ڕابردوودا بە یاوەری لاهور شێخ جەنگی، سەردانی هەر یەکە لە گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵیان کردووە و پڕۆژەیەکیان پێشکەشکردون، ئەگەر لایەنەکان قبووڵی بکەن، ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی گەلی کورددا دەبێت.
لەبارەی ناوەرۆکی پڕۆژەکەوە ژینۆ محەمەد، ئاماژەی بە ئەوە کردووە، ناوەرۆکی پڕۆژەکە بریتییە لە درووستکردنی کۆدەنگی و لیستێکی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق، بۆ ئەوەی مافی کورد لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە کە دەنگدەری کوردی لێیە، نەفەوتێت.
بەپێی وتەی ژینۆ محەمەد، دوای ئەوەی سەردانی بەشێک لەلایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا لاهور شێخ جەنگی، سەردانی سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و پارتیش دەکات و هەمان پڕۆژەیان پێشکەش دەکات.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراق ڕایگەیاند، لە مانگی تەممووز دەست بە تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی، حزب و کاندیدەکان دەکەن، ڕۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای ئێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت. [1]