کۆسار عوسمان
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی پەیوەندیی سەرکردایەتیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و #پەکەکە#، هەڕەشە بۆ ئاساییشی نیشتمانیی تورکیا درووستکراوە و درووست دەکرێت.
لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا (CNN TURK) کە ئێوارەی دووشەممە #18-03-2024# پەخشکرا؛ #هاکان فیدان#، وەزیری دەرەوەی تورکیا نیگەرانیی نیشاندا و باسی لە بوونی پەیوەندی لەنێوان سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و #پارتی کرێکارانی کوردستان# (پەکەکە) کرد.
بەشێکی گوتەکانی هاکان فیدان تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی تورکیا -ئێراق و بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. فیدان وتی، تورکیا پێداگرە لەسەر بەکارهێنانی هەموو هۆکارەکانی سیاسەتی دەرەوەی بەشێوەیەکی هاوئاهەنگ، بۆ ئەوەی ناوچەکە سەقامگیر بێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە #هەولێر#، #سلێمانی#، بەغدا، #کەرکووک# و موسڵدا بە یەکەوە داهاتوو بنیات دەنێن. وتیشی، لەوێدا هیچ شوێنێک بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە. ئیدی پێویستە ئەوان بخەینە دەرەوەی سیستمی خۆمان. ئیدی ئەو ڕێکخراوانە ماوەی بەکارهێنانیان بەسەرچووە. ئەو شارانەی باسیان لێوە دەکەم، شاری خاوەن کولتوورن و پێشتریش بەسەر هەڕەشەی لەم چەشنەدا زاڵبوون. پشتیوان بە خودا لەمەودواش زاڵدەبن.
لەبارەی ئەگەری هەر جۆرە ڕێکارێک لەلایەن تورکیاوە لەم ناوچەیە، هاکان فیدان وتی، تۆ کە پشتیووانی لە دوژمنەکەی من بکەیت، چاوەڕێی چیم لێدەکەیت؟ لەم بابەتەدا کراوەین. ئەرکی منە ڕێگری لەوە بکەم کە ئەو دوژمنەم نەتوانێت کەڵک لە تۆ ببینێت. ئەمەش دەکەم؛ کە دەشیکەم هیچ فێڵ و تەڵەیەکت بۆ دانانێم. ڕووبەڕوو پێتدەڵێم.
هاکان فیدان: خەڵکی سلێمانی دۆستی تورکیان
هاکان فیدان ڕووی قسەکانی ئاڕاستەی یەکێتی کرد و وتی، واز لەمە بهێنە، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی تۆدا نییە و لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە. خەڵکی سلێمانی، خەڵکێکن دۆستی تورکیان. خەڵکێک نین کاریان بە ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە هەبێت. سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ستافی پێکهێنەری ئەو حیزبە، بەو پەیوەندی و نزیکایەتییەی لەگەڵ پەکەکە هەیانە، بەدەر لەوەی کێشە بۆ ئێمە درووست دەکات، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی نیشتمانیش.
تورکیا پێشتریش چەندین جار لە ڕێی بەرپرسانی باڵایەوە، نیگەرانی و تێبینیی لەسەر سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بابەتی پەکەکە هەبووە.
#ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#، سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی 15-02-2024 لەکاتی گەڕانەوەی لە قاهیرەوە بۆ وڵاتەکەی، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەڤانێکی لەمبارەیەوە دایەوە و وتی، سلێمانی، هەمیشە دەستمان بەسەریەوەیە و شوێنێکە هاو نەژادەکانی ئێمەی لێیە. لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ هەولێر لە ئاڕاستەیەکی باشین و بەرەوپێش دەڕۆین. بەڵام سلێمانی، واتە ئیدارەی (ی.ن.ک) سەرەڕای ئەوەی چەندینجار ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیووانیکردنی ڕێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە/#یەپەگە#/پەیەدە.
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەردەوامی گوتەکانیدا باسی لەوە کرد لە دیدارەکەیان لەگەڵ #مەسرور بارزانی# لە دوبەی باسیان لەو بابەتە کردووە و ڕایگەیاند، لە دیدارەکەماندا ئێمە بابەتەکەمان خستە بەر باس و ئاگادارمان کردنەوە. با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز لە ئێمە نەکات. کاردانەوەی پێویستمان دەبێت. ئەم بابەتە فەرامۆش ناکەین و ئەو هەنگاوانە دەنێین کە لەدەستمان دێن. دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاساییشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تاوەکوو کۆتایی دادەخەین و ئەوەی پێویستە دەیکەین.[1]