#هاوڕێ باخەوان#
زۆرم بیستووە و زۆریشم خوێندووەتەوە لەسەر سیڤەر و لۆزان.. زۆرێکیش ڕایان وایە کە زۆرینەی ئه و نەهامەتییانەی بەسەر کوردا هاتوون هۆیەکەی لۆزانە! تەنانەت خۆشم ماوەیەک ڕایەکی له و جۆرەم هەبوو!
ئەوەی له و گفتوگۆ و نووسینانەدا نەمدەبینین، خۆمان و بیرکردنەوەی خۆمان بوو! ئێستا خۆشبەختانە ئه و ڕایانە کەمێک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، خەڵکانێک هەن پێش هەموو شتێک پەنجە بۆ نەزانیی خۆمان ڕادەکێشن.. ئەمە پێشتر تابوو بوو و کەم کەس هەبوون جگە لە ستاییش و ڕەشکردنەوەی ئینشایەکی عاتیفییانە دەربارەی ئەوەی کە ئێمە نەتەوەیەکی ئازا و چەوساوە و چاونەترس و زیرەک و چی و چیی ترین! بەهیچ جۆرێک لە وەتەری هەستیاری نەدەداین!.. هەربۆیە ئه و نووسین و بیروڕایانە نەک هەر جێی خۆیانی نەگرت! بەڵکو بووشنە زیانێکی گەورە بۆ ئێمە و هۆکارێکی گەورەش بوو کە نەمانتوانی لە دوای لۆزانەوە، ببینە هۆی ئەوەی چەندین لۆزانی تر دروستنەبنەوە!.
چەند جارێک چوومەتە لۆزان، پێش چەند ڕۆژێکیش بەڕێکەوت بە لۆزاندا تێپەڕیم، هەرچەند دەچمە ئه و شارە یەکسەر بیری خۆمان و کێشەکەمانم دەکەوێتەوە! هەموو جارێکیش دەڵێم لۆزان بەم جوانییەی! بەم دەریاچە ئەفسووناویییەی و ئه و چیا جوانانەیەوە نابێت ببێتە هۆی هەموو نەهامەتییەکانی کورد! دەبێت هۆیەکی تر هەبێت..
ئەوەی لۆزانی دروستکرد! خودی کورد خۆی بوو، بیرکردنەوەی نەزانانەی کورد خۆی بوو! نەزانیی ئاغا و میر و شێخ و مەلاکانمان بوون! ئێمە نەک ئەوکاتە، ئێستاش نازانین بەتەواوەتی چیمان دەوێت! ئێستاش لە گێژاوی بوون بە نەتەوەداین و له و بازنە نەفرەتلێکراوەی ئایا سەر بەهۆزێکین یان سەربە نەتەوەیەکین نەهاتووینەتە دەرەوە..
لۆزان چی بکات! شێخی نەمر تا بەیانی لە ئەشکەوتی جاسەنە حەی ئەڵڵای بوو!
لۆزان بڵێت چی! سەرۆک کۆماری کوردستان بە هیچ و خۆڕایی خۆیی ڕادەستی هێزەکانی داگیرکەری ئێران کردەوە!
ئەدی لۆزان چی بکات! کە ئێمە ئێستا یادی ئیمامی خوێن و تاوان لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر دەکەینەوە و داگیرکەری ئێرانیش بە گوللە تۆپەکانی چاکەی ئه و یادکردنەوەیەمان دەداتەوە!.
لۆزان نەبوو کە وەک هار بەربووینە یەکتری و بۆ ماوەی دەیان ساڵ یەکترمان کوشت!.
لۆزانیش نییە کە وایکردووە ئەنفالی یەکتری بکەین و سوپای ئەم و ئه و بهێنینە سەر یەکتری..
بڕوا بکەن لۆزان گوناهی نییە کە وایکردبێت ناوی وڵاتەکەمانی کردبێتە هەرێم و لە هەر کات و ساتێکدا بەشێکیمان لەکیسدابێت..
ئەوەی کە واهیی پێکردین تەنها خۆمان بووین! خۆمان و بەس! ئێمە به و مێژووی هەزاران ساڵەمانەوە جگە لە کۆمەڵێک گروپی دژبەیەکی لەژێر ناوی میرنشین و هۆز و حیزب و ئیدارە و چی و چیی تر.. زۆرتر هیچی تر نەبووین.. هەتا ئەوە بیرکردنەوەمان بێت و هەوڵی خۆناسین و کێشەکانی خۆمان نەدەین و سەیوانێکی بەرژەوەندیی هاوبەشمان نەبێت، نەهامەتی هەر بەردەوامە.. ئەنفال هەر ڕوودەداتەوە و دیسانیشەوە دەکەوینەوە گیانی یەکتری.. لۆزانی تریش بەڕێوەیە..
03-08-2011
لاهای – هۆڵندا