قانع خورشید، ساڵی 1982، لە گوندی شێخ #لەنگەر# لە زەنگابادی گەرمیان، هاتووەتە دنیاوە. خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیيی لە ناحیەی (صمود) تەواو کردووە و چووەتە کۆلێژی شەریعەی زانکۆی دهۆک و دوای ساڵێک خوێندن لەوێ، هاتووەتە هەولێر و سێ ساڵەکەی تری زانکۆی، لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، تەواو کردووە. دوای 9 ساڵ مامۆستایەتی، بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە کۆلێژی ئیلاهییات و مەعاریفی ئیسلامیی زانینگەی تاران و، لە سەرەتای ساڵی 2017دا بڕوانامەی ماستەری لە بەشی ئەدیان و عیرفانی ئەو کۆلێژەدا بە دەست هێناوە، ماستەرنامەکەی دەربارەی دیدگا کەلامی و عیرفانییەکانی ئەحمەدی خانی بووە.
جگە لە پیشەی مامۆستایەتی، کاری سەرەکییان نووسینە، ئەو تا ئێستا(2019) 24 کتێبی چاپ بووە و چەند کتێبیکیشی بە هەرسێ زمانی عەرەبی، فارسی و کوردی بۆ چاپ ئامادەیە.
هەروەک درێژەی مامۆستایەتییەکەی چەندین قوتابیی لە دەرەوەی قوتابخانە حکوومییەکانەوە هەیە و بەجدی کار بۆ پێگەیاندنیان دەکات و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاوسانی بۆ پەروەردە و مەعریفەیە و دەیان بەرنامەی لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆکانەوە هەبووە و هەیە و لە چەندین شاری کوردستان کۆڕ و سیمیناری پێشکەش کردووە.
ناوی کتێبە لەچاپدراوەکانی قانع خورشید:
عیشق لە نێوان عەقڵ و ئاییندا
چاوەکانی هۆشمەند
عیشق وەک چەمکێک بۆ ژیان
مرۆڤ و پەیامداری
زۆرخۆری و زۆرخەوی
کەمتەرخەمی
ژیان چییه؟
ئەڤین تەنیا بیانووی ژین
بۆ ئەو گەنجانەی دەچنە زانکۆ
لە خەڵوەتدا
قومێک ئاوی سارد بۆ گەروویەکی تینوو
برینی پرسیار و هەتوانی وەڵام
فڕی فڕی، قەل فڕی
مەلای گەورە کوێخای دیوەخانی هزر و میوانی دیوانی شیعر
ئەبووحامدی غەززالی و تێڕوانینی بۆ زانستی کەلام
ئیستیمنا لە نێوان شەرعزان و پزیشکاندا
دیاردەی هەڵگەڕانەوە لە دین (بە هاوبەش لەگەڵ ڕێناس ئەحمەددا)
دەرکردنی نرخ لە زەکات و سەرفترەدا
لە شامەوە بۆ شیراز
بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن (سێ بەرگ)
تەفسیری مەلای گەورە
دیوەکەی تری جەلالەدین
سەلەفییەت، واتا و مێژوو
سیستەمی ستەمکاری، سەرهەڵدان و ڕووخانی
[1] [2]