نەسرین عیسا
شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی
جارێکیان لە گەشتێکدا بووم لەنێوخۆی وڵاتە یەکگرتووەکان. هەر هێندەی فڕۆکەکە گەیشتە ئاستێکی بەرز، سەرم نا بە پەنجەرەکەوە، تاکو سەیری خوارەوە بکەم. دیمەنەکەم بەڕوونی لەبەرچاو بوو، دەمبینی چۆن شتەکان و شوێنەکان وەک پارچەی (لیگۆ)، شان بەشانی یەک وەستاون. هەر لە خانوو و ئۆتۆمۆبیلەوە، تا شەقام و دەریاچەکان. تا بەرزتریش بوینایەتەوە، هەموو شتەکان بچوکتر دەبوونەوە.
پەنجەم بە شوشەی پەنجەرەکەدا دەهێناو ئەندێشەی ئەوەم دەکرد کە هەر بەڕاستی یاری بە زەوی و بە هەموو شتەکانی ناوی دەکەم. بیرم لەو هەموو وردەکاریانەو لە حاڵی خۆم دەکردەوە، تا لەپڕێکدا دەنگێک لەناوەوەمدا ڕایچڵەکاندم و پێی وتم “تۆ لەنێو ئەم گەردونەدا، تەنها پنتێکی بچوکی.”.
ئامانج لەمن وەک (خاڵێک)، لەنێو ئەم وێنە سەراپاگیرەدا دەبێت چی بێت؟ ئەی پەیوەندیم بەخودای تەبارەک و تەعالاوە دەبێت چۆن بێت، سەروەختێک تەنها وەک پنتێکی بچوک دەمبینێ ؟ ئایا من وەک نوقتەیەک، کاریگەری لەسەر خودا جێدەهێڵم؟ یاخود خودا بەگەورەیی خۆی، حیساب بۆ من دەکات کە هیچ نیم و کارم تێدەکات؟
ئاخۆ ئەمە وام لێدەکات هەست بەئازادی بکەم، یان ترس و گۆشەگیری بەسەرمدا زاڵ دەبن؟ ئەوە هەستی لەخۆباییبوونم دەداتێ، یاخود سادەیی و خاکیبوون؟ دەمترسێنێ، یان دڵنیایم پێدەبەخشێت؟
بەکورتیەکەی دەبێت هەست بەچی بکەم و ئایا هەستکردن لێرەدا، دەرگیری شوێنەو پەیوەستە بە شوێنەوە؟
شانزە ساڵی سەرەتای تەمەنم، لە وڵاتێکی عەرەبیدا بردەسەرو چەمکی یەزدانیش لەوماوەیەدا، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا خرابووە مێشکمەوە. من مرۆڤێکم لە شوێنێکدا هەم و گوێ بیستی ئەو ئامۆژگارییە ئایینیانە دەبم کە کارم تێدەکەن، لە مێشکمدا دەچەسپێن و پێم دەڵێن ”ئێمە تەنها بۆ بیرکردنەوەو خوداپەرستی دروست کراوین.”.
پێویستە مۆراڵیانە ڕەفتار بکەم، چونکە من موسڵمانم. لە گوناه و هەڵە دوور دەکەومەوە، لەبەرئەوەی موسڵمانم. گوێڕایەڵی دایک و باوکم بم، چونکە ئایینەکەم فەرمانی ئەوەم پێدەکات. ئیدی بەم چەشنە هەرچی هەبوو نەبوو، پەیوەست بوو بە ئایینەوە. ئەویش گەورەترین هەڵەیەک بوو کە کاتێک هاتمە ئەمریکا هەستم پێکرد.
پەروەردەبوون بە پەروەردەیەکی سەرومڕ ئیسلامیانە، نە دەمانکات بە پێغەمبەرو نە بە ئەولیاو نە بە کەسانێک کە قەرەی گوناه و تاوان نەکەون. ڕەنگە پەروەردەی ئیسلامی بمکاتە ئامێرێکی چاکی وا، تا زۆر بەئاسانی خراپ بەکاربهێنرێت.
دەی کەوابێ بنەمای ڕاست و دروست بۆ پەروەردە چییە؟
لێرەدا هەندێ شتی ناکۆک و پێچەوانە باس دەکەم. کچێکی هاوڕێم مەسیحیەو جل و بەرگی کورت لەبەر ناکات، لەبەرئەوەی شەرم دەکات. ئەمە لەکاتێکدا کچە موسڵمانەکەی هاوڕێم دوای جیابونەوەی دایک و باوکی، بەرەو بێ باوەڕی ملی ناو دەڵێت ”ئێستا ئازادبووم”. هەرچەندە لە قوتابخانەی ئیسلامیش خوێندویەتی. هاوڕێیەکی کوڕیشم هەیە ئاتایستە (لەبەر خۆشەویستییان) بێگوێی دایک و باوکی ناکات، هەرچەندە ئایەتی (وبالوالدین أحسانا)شی نەبیستووە.
ژنە بەڕێوەبەرێکی عەرەب، دەرفەتی ئەوە دەقۆزێتەوە ژنە فەرمانبەرێکی عەرەبی بەردەستی باری لارەو پێویستی بە ئیشەکەیەتی، دەچێت چەکەکەی بە نوقسانی بۆ دەنێرێ ت، کەچی بەڕێوەبەرێکی ژنی ئەمریکی چەکەکەی وەک خۆی و وەک چۆن لەسەری ڕێکەوتوون، بۆ دەنێرێت و هەردووکیشیان لەهەمان شوێندا کاردەکەن.
گەنجێکی ئەمریکای دێت و بەفەرمی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا دەکات، ئەگەرچی کچەکەش دوچاری شێرپەنجە بووە. کەچی لەولاوە گەنجێکی عەرەب دێت و بۆخاتری وەرگرتنی ڕەگەزنامە، هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی ئەمریکیدا دەکات و پاشان لێی جیادەبێەوە. بێ ئەوەی گوێ بەوەبدات کە ئەو خانمە مرۆڤەو هەستی هەیە.
ئەوانە هۆکارەکانی چین و بۆ وایە؟ تۆبڵێی هی ئەوەبێت کە خودای ئەمریکا، جیاواز بێت لەو خودایەی لە وڵاتانی عەرەبیدایە؟ هەربۆیە کاتێکیش دێن بۆ ئەمریکا، خواکەی خۆیان دێنن و بەو نامۆراڵیە ئایینیەی خۆشیان، هەڵسوکەوت دەکەن.
من لێرە زۆر هەڵسوکەوتم لەگەڵ عەرەب و لەگەڵ خەڵکی دیکەدا کردووەو جیاوازیەکی زۆرم بینیووە لە نێوانیاندا. ئەویان لە هەمووشتێکدا چاو برسیانەو بەهەڵپەوە ڕەفتار دەکات و ئەوانی دیش (نامەوێت بەشان و باڵیاندا هەڵبدەم)، هەرئەوەندە دەڵێم کە خودا لەناخ و دڵیاندایە.
ئێوە خۆتان دەخەنە ناڕەحەتی و باری سەرشانی خۆتان قورس دەکەن و وادەزانن خوا لەخۆتان ڕازی دەکەن، لەکاتێکدا ڕەزامەندی و بەزەیی هاتنەوەی خودا بە نەتەوەیەکەدا، لەبەر ڕەفتار جوانیانە، نەک لەبەر ئەوەبێت بەچاکی خواپەرستی دەکەن.
سەر بەهەر وڵاتێکی عەرەبیدا دەکەم، دزیم لێدەکرێت و گێچەڵم پێدەکەن و لە فەرمانگە حکومیەکاندا بێ ڕێزیم بەرامبەر دەکەن و دوای ئەوانەش دەپرسین، خودایە ئەم هەموو سەختگیریە لەپای چی؟!
لە وڵاتێکی عەرەبیدا بۆ کارێکی حکومی (هەر زۆر ئاسان و ئاسایی)، ئەمسەرەو سەری دنیام کردو چەندین ڕۆژ و هەفتەی خایاندو وڵاتەکەم بەجێهێشت و کارەکەم هەر تەواو نەبوو؛ کەچی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەماوەی دوو ڕۆژدا پاسپۆرتی ئەمریکیم دەرکرد. بەپۆستدا داواکەم ناردو دوای دوو ڕۆژ هەر بەپۆستدا، پاسپۆرتەکەم وەرگرتەوە.
دوای ئەو هەموو ماجەرایە، کابرا دێت چەپڵە بۆ حکومەتی وڵاتەکەی دەکوتێت (کە خستویەتیە سەرساجی عەلی و گۆشتی خواردووەو خوێنی مژیووە) و دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوەو نزا دەکات و دەڵێت ”خوایە بۆ خاتری گەورەیی خۆت، ئەمریکا تەفر و توناکەیت.”. بەردەوام دەست بەدەس نوێژو تابەرەبەیان خەریکی شەونوێژ بیت و دوعای شەڕ لە وڵاتێک بکەیت پڕ خێرو بێرو شتی باشە بێت، لێت وەرناگیرێت و دەستی لێ بخەرە ژور سەرت.
سەرم لەفەرمانڕەوایانی ستەمکار سووڕ نامێنێ و زوڵم و ناهەقییان بەسەیر نازانم، مادامەکی هاوڵاتیانیان سەرشۆڕ و دەرهەق بەیەک شەڕانگێز و داخ لەدڵ بن. پێشبینی ماڵوێرانی گەورەتر دەکەم، مادامەکی خەڵک و خوا سەرقاڵی ئەوەن، ڕقیان لەیەکتری بێت و یەکدی ببوغزێنن.
لەبەرامبەر ئەوانەدا هیوا خوازم، خەڵک ئەو خودایە بپەرستن کەمن لە ئەمریکا بینیم. خودای سۆزو بەزەیی، نەک خودای دڵڕەق و خۆسەپێنەر. خودای خۆشەویستی، نەک خودای شەڕ. خودای دڵان، نەک خودای گوناهەکان.
وەک چۆن لەناو مزگەوتەکاندا دەیپەرستن، لە دەرەوەشدا هەروا بکەن. چۆنتان پێ خۆشە وەها ڕوی تێبکەن و بیپەرستن، بەچ جۆرێک ڕووتان تێکرد، هەر بەوجۆرەش دەیدۆزنەوە.
نەسرین عیسا: چالاکوانێکی ژنە، خوێندکارێکە لە زانکۆ لە نەتەوەیەکگرتوەکانی ئەمریکا، بە ڕچەڵەک فەلستینیە و بە ناسنامە ئەمریکییە. نووسینەکانی تێڕامانن لەسەر دۆخی ژن لەناو ئاینی ئیسلام و دۆخی مرۆڤی عەرەبیی لە ناو کۆمەڵگا موسڵمانەکان و وڵاتە ڕۆژئاوییەکان[1].