ناو: کامیل
نازناو: ئەحمەدی
ساڵی لەدایکبوون: 1972
شوێنی لەدایکبوون: #نەغەدە#
$ژیاننامە$
کامیل ئەحمەدی (لەدایکبووی ساڵی 1972ی زایینی/ 1351ی کۆچیی ھەتاوی لە نەغەدە، ئێران) لێکۆڵەر و مرۆڤناسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - بەریتانییە کە بەھۆی لێکۆڵینەوە و چالاکییەکانی لەسەر مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و نەریتە خەساردەرەکانەوە ناسراوە. ناوبراو لە بواری بابەتەکانی وەک زەواجی منداڵان، زەواجی کاتی، زەواجی سپی، منداڵانی کار، ھاوڕەگەزخوازی، شوناس و قەومییەت و گەڕانی منداڵان بەنێو زبڵەکاندا، سەرپەرشت و نووسەری زیاتر لە 12 پەڕتووک و توێژینەوەی بەکۆمەڵ و مەیدانییە و 20 وتاری زانستی بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، تورکی و کوردی نووسیوە.
ئەحمەدی بەکالۆریۆسی چاپ، ئابووریی ئاقاری و چاپەمەنییەکانی لە زانکۆی گواستنەوە و گەیاندنەکانی لەندەن (UAL) خوێندووە و ماستەری مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و قەومنگاری وێنەیی لە زانکۆی کێنت (UOK) لە کانتێربری بەریتانیا تەواوکردووە. ناوبراو ھەروەھا خولە پسپۆڕییەکانی شێوازی لێکۆڵینەوە، سیاسەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، شێوازی لێکۆڵینەوە و کارامەکردنەوەی لە زانکۆکانی «بێرک بەک» (BBK) و زانکۆی «ئابووری و سیاسەتی لەندەن» لە بەریتانیا (LCE) تێپەڕاندووە. ساڵی 2017 ڕێکخراوەی (IKWRO) بەھۆی کۆمەڵە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی لەسەر بابەتەکانی ڕەگەز و مافەکانی منداڵان، خەڵاتی «شەڕەفی ڕاستەقینەی» ساڵانەی خۆی لە زانکۆی یاسای لەندەن پێشکەشی ناوبراو کرد. ئەحمەدی ھەروەھا ساڵی 2018 خەڵاتی ئەدەبییات و زانستە مرۆیییەکانی بنکەی ئاشتیی جیھانی بەھۆی کۆمەڵە بەرھەمەکانی خۆی لەسەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی جۆرج واشێنگتۆن وەرگرتووە.
ئەحمەدی لە درێژەی چالاکییەکانی خۆی وەک توێژەر و لێکۆڵەر، بەرپرسی چەندین پلانی لێکۆڵینەوەی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی باکووری ڕۆژاوای ئاسیا بەتایبەت ئەفغانستان، ئێران، ئێراق و تورکیا بووە.
مانگی ئابی ساڵی 2019 میدیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران ھەواڵی دەستبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدییان لەلایەن ھێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە بڵاو کردەوە. ناوبراو بۆ ماوەی زیاتر لە 100 ڕۆژ لەلایەن دەزگای زانیاری سوپاوە لە بەشی 2ی ئەلف لە بەندیخانەی ئێڤین لە تاران لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا و لەو ماوەدا لێپێچینەوەیان لێ کرد. ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی دواتر لەسەر کۆمەڵێک تاوانی وەک پاڵپشتیکردن لە ھاوڕەگەزخوازی لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستی، ھەوڵ بۆ پەسندکرانی پلانی زیادکردنی تەمەنی زەواج، ھەناردنی ڕاپۆرتی ناڕاست بۆ ڕاپۆرتەری مافەکانی مرۆڤ و ھەوڵ بۆ دابەشکردنی ئێران لە ڕێگای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەوە و چەندین تاوانی دیکە، حوکمی 9 ساڵ و سێ مانگ بەندکران و 600 ھەزار یۆرۆ سزای بۆ بڕایەوە. ئەحمەدی مانگی شوباتی ساڵی 2021 و لە حاڵێکدا پاش دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و مەرجدار ئازاد کرابوو، لە ڕێگا شاخاوییە سنوورییەکانەوە ئێرانی بەجێھێشت و گەیشتە بەریتانیا.
ناوبراو لە بنەماڵەیەکدا گەورە بووە کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگە بووە، لەبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران لەنێوان ساڵەکانی 1979 بۆ 1985 پلەی سەرەتایی خوێندنی لە قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی شاری نەغەدە، گوندی گرداشوان و شاری پیرانشار خوێندووە و بە ناچار سێ سیستەمی پەروەردەی پاشایەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی تێپەڕاندووە. لە درێژەدا بەھۆی ڕەتکرانەوەی بەردەوام لە سیستەمی پەروەردەی ئەوکاتدا خوێندنی جێھێشتووە و لە ماڵەوە خەریکی درێژەدان بە خوێندن و پەروەردەی ئازاد یان ھەمان Home Education بووە.
پاش ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ و شەڕە چەکدارییەکانی ئێران و پارتە کوردییەکان و ھەروەھا شەڕی ئێران و ئێراق بۆ درێژەدان بە خوێندن بڕیاری داوە بچێتە بەریتانیا. لەو ماوەیەدا کە لە بەریتانیا ژیاوە توانیویەتی شارومەندێتی ئەو وڵاتە بەدەست بێنێ. پاش چوونی بۆ بەریتانیا خوێندنی پاشناوەندی و پێش زانکۆی لەو وڵاتەدا درێژە پێ داوە و ساڵی 2000 کارناسیی چاپ، مافەکانی چاپ و ئابووریی ئاقاریی لە کۆلێجی گواستنەوە و گەیاندنی لەندەن وەرگرتووە. ناوبراو ھەروەھا ساڵی 2004 ماستەری لە ڕستەی مرۆڤناسی کۆمەڵایەتی و قەومنگاریی وێنەیی لە زانکۆی کێنت لە کانتێربێری بەریتانیا وەرگرتووە و پاشان خولە پسپۆڕی و تایبەتەکانی لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شێوازی لێکۆڵینەوە درێژە پێداوە و ئەم خولانەی لە زانکۆی ئابووری و زانکۆی بێرک بەکی لەندەن تێپەڕاندووە.
ئەحمەدی پاشان، گەشتەکان، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە مەیدانی و زانستییەکانی خۆی لە بوارەکانی مرۆڤناسی و بە دۆکۆمێنتکردنی کۆمەڵایەتی و لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپا دەست پێکردووە. زۆربەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ناوبراو کە بە شێوەی بەکۆمەڵ و مەیدانی ئەنجام دراون دەگەڕێنەوە سەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، ناوبراو لەسەر بابەتی وەک ڕێنمای سەفەر بە ڕوانگەیەکی خەڵکناسانە بۆ باکووری کوردستان، خۆسووتاندنی ژنان لە ئێراق، زەواجی منداڵان (زەواجی کەسانی ژێر ھەژدە ساڵ تەمەن) و کارکردنی منداڵان لە ئێران، دۆخی ھاوڕەگەزخوازان، دۆخی زەواجی سپی و زەواجی کاتی لە ئێران و دۆخی خەتەنەکردنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراق کاری کردووە و سەرپەرشت و نووسەری چەندین پەڕتووک و توێژینەوەی مەیدانی و وتارە بە زمانەکانی فارسی، کوردی و ئینگلیزی.
مانگی ئابی ساڵی 2020 و لە حاڵێکدا کە ئەحمەدی خەریکی توێژینەوە لەسەر ھەلومەرجی قەومییەتە جۆراوجۆرەکانی نێو ئێران بوو، لەلایەن ھێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لەو دادگایەدا کە بۆ پێداچوونەوە لەسەر تاوانەکانی پێکھاتبوو، لەسەر بابەتی وەک ڕێکڵامکردن و پاڵپشتیکردن لە ھاوڕەگەزخوازی لە چوارچێوەی توێژینەوە زانستییەکاندا، ھەوڵ بۆ دابینکردن و پەسندکردنی پلانی زیادکردنی تەمەنی زەواج، ھەناردنی ڕاپۆرتی ناڕاست بۆ بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دابەشکردنی ئێران و ھەروەھا چەندین بابەتی دیکە تاوانبار کرا و حوکمی 9 ساڵ و 3 مانگ بەندیخانە و 600 ھەزار یۆرۆ سزای بەسەردا سەپێنرا. ئەحمەدی لەو ماوەیەدا کە بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ھاتبووە دەرەوە لە ڕێگا شاخاوییەکانی سنووری ئێرانەوە، وڵاتی جێھێشت و گەڕایەوە بەریتانیا.
$دەستبەسەرکران$
ئەحمەدی کە وەک مرۆڤناس لە ئێران کاری دەکرد ڕۆژی 11ی ئابی ساڵی 2020 دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی مافی مرۆڤ، بەرپرسە ئەمنییەتییەکان ماڵ و سەیارەی ناوبراویان پشکنیوە و تەنانەت دەستیان بەسەر کۆمەڵێک لە کەلوپەلەکەیدا گرتووە. KHRN ھەروەھا لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە ئەحمەدی پێش دەستبەسەرکران، لەسەر دوو توێژینەوەی گشتگر سەبارەت بە کۆمەڵگەی ھاوڕەگەزخوازان لەژێر ناوی «شاری قەدەغەکراو» و توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر پەلکەزێڕینەکان لە ئێرانLGBT و قەومییەتەکان لەژێر ناوی لە سنوورەوە بۆ سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگرت لەسەر شوناس و قەومییەت لە ئێراندا) کاری کردووە.
بنەماڵەی ئەحمەدی بە ڕادیۆ فەردایان گوت کە دادسێن ڕەتی کردووەتەوە تاوانی ناوبراو پاش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئێڤین ڕابگەیێنێت. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2020دا ھەواڵ گەیشت کە ماوەی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەندیخانە بۆ یەک مانگی دیکە زیاد کراوە. بەیاننامەیەک لەسەر دەستبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدی واژوو کرا و چالاکانی نێو زانکۆکان و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیھانەوە داواکاری ئازادکرانی ناوبراو بوون و وتیان: «بەداخەوە ئاگاداری دەستبەسەرکرانی ھاوکارمان (و ھاوڕێمان) کامیل ئەحمەدی لە ئێران بووینەتەوە». خەڵاتەکان و ڕێزلێنانی کار و پڕۆژەکانی ناوبراو پیشان دەدەن کە توێژینەوەکانی کامیل یارمەتیدەری ئێمە بووە بۆ تێگەیشتن لە بابەتی زۆر گرنگی وەک خەتەنەکردنی ژنان (FGM/C) ، زەواجی منداڵان (ECM) و بوارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئێران. ئەم وتووێژە دەبێ درێژەی ھەبێت. ئەحمەدی مانگی تشرینی دووھەمی 2020 پاش دانانی بارمتەی 500 ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.
$حوکمی سەرەتایی$
کامیل ئەحمەدی لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020دا و بە حوکمی سەرەتایی لقی 15ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تارانەوە و بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی؛ لەسەر بەدەستھێنانی پارەی ناشەرعی لە ڕێگای ھاوکاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەی بنکە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆ کارکردن لە بواری ژنان و منداڵان، ھەوڵ بۆ دابینکردن و پەسەندکردنی پلانی زیادکرانی تەمەنی زەواجی منداڵان بە ھاوکاری دوو نوێنەری ژن لە مەجلیسی پێشووی ئێراندا و بنکەی قایمقامێتی ژنان لە ناوەندی سەرۆک کۆمار و باڵوێزخانەی وڵاتانی ئەورووپی، پەرەپێدان و پاڵپشتی لە ھاوڕەگەزخوازی لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستیدا، ھاوکاری و پێوەندی لەگەڵ میدیا نەیار و بێگانەکان، و ھەناردنی ڕاپۆرتی ناڕاست بۆ بەرپرسی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەوڵ بۆ دابەشکردنی ئێران لە ڕێگای توێژینەوەی سەر قەومەکان و توێژینەوە و چالاکی لە ئاڕاستەی دۆکۆمێنتی 2030 (پلانی پەرەسەندنی بەردەوامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان) تاوانبار کرا و حوکمی 9 ساڵ و 3 مانگ بەندیخانە و ھەروەھا سزای شەشسەد ھەزار یۆرۆی بەسەردا سەپێنرا.
پاش ڕاگەیێنرانی ئەم ھەواڵە لەلایەن پارێزەری کامیل ئەحمەدییەوە، ناوبراو لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی، توویتەر و لاپەڕەی فەیسبووک پاش دەربڕینی ناڕەزامەندی لەسەر حوکمەکە، نووسی: «بەپێچەوانەی ھەمووی شرۆڤە یاسایییەکان و بەو ھیوایەی کە بە ئینسافەوە دادوەریم لەسەر بکرێت، لە حاڵێکدا مەحکووم کراوم کە لە ماوەی سەد ڕۆژ دەستبەسەرکران و لێپێچینەوەی نایاساییمدا، ڕێگەم نەدراوە پارێزەرم ھەبێت و ئەم حوکمە پاش دوو دانیشتنی ناکارناسانەی دادگا و لە پڕۆسەیەکی پڕاوپڕ لە کێشەی یاساییدا دەرکراوە. تەوەری سەرەکی تاوانەکەم دەگەڕێتەوە سەر توێژینەوەم لەسەر خەساردەرترین سونەتەکان لەسەر منداڵان و لە بێبەشترین ناوچەکاندا بەڵام ئامانجی سەرەکی، تاوانباربوون لەسەر پێوەندیی توێژینەوەکان بە سیناریۆی ڕەخنەکردنی کەلتووری، دۆکۆمێنتی 2030 یۆنسکۆی ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاگیرانی چالاکییەکانمە لە کۆمەڵگەی ئامانجی توێژینەوەکانم و لەنێو کەمینەکاندا. ئێستا بە ھەموو ھێزمەوە ناڕەزامەندی خۆم بەرانبەر بەم حوکمە ڕادەگەیێنم و ھیوادارم پاش پێداچوونەوە بە ئینسافەوە دادوەریم لەسەر بکرێ. جێگای توێژەر بەندیخانە نییە.»
$جێھێشتنی ئێران$
ڕۆژی 3ی شوباتی ساڵی 2021 کامیل ئەحمەدی ڕای گەیاند کە بە پیادە ئێرانی جێھێشتووە و ڕۆشتووەتەوە بەریتانیا. ناوبراو وتی کە لە ڕێگا شاخاوییەکانەوە ئێرانی جێھێشتووە. ئەحمەدی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو بڕیارە نەک لەسەر ھەڵبژاردنی خۆی بەڵکوو لەسەر ناچاری دراوە. ناوبراو دەڵێت کە پاش پشتڕاستکرانەوەی دەقاودەقی حوکمی دادگای سەرەتایی لە دادگای پێداچوونەوەدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لۆژیک، ویژدان و دادوەریی دادپەروەرانە لە ئارادا نییە. ھەروەھا دەڵێت کە لە ماوەی بەندکراندا ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی درێژخایەن و تاوانی ناڕاست بووەتەوە. کامیل ئەحمەدی بە بی بی سی گوت کە لەو ماوەدا، بەرپرسی باڵای دۆسیەکە بەھۆی ئەوەیکە ناوبراو، کورد و سوننە بووە و ھەروەھا شارومەندی دوو وڵات بووە و لەسەر بابەتی ھەستیار توێژینەوەی کردووە، پێی وتووە کە تۆ زۆر خۆش خۆراکی. ھەروەھا دانیشتنەکانی دادگایکرانی خۆی لە دادگای شۆڕش و بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی وەک شانۆ و نایاسایی دەشوبھێنێ و دەڵێت کە توێژینەوەی پێوەندیدار بە دۆکۆمێنتی 2030ی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان یەک لەو تاوانانەی بووە کە دراوەتە پاڵی؛ و لەسەر بڕیاری خۆی بۆ جێھێشتنی ئێران لە ماڵپەڕەکەیدا نووسیویەتی: نەمدەتوانی بەرانبەر چارەنووسی خۆم بێ لایەن و کەمتەرخەم بم… مانەوەی من ئەو دەرفەتەی بۆ ئەم دامودەزگایە (کە ڕێگاکانی وتووێژی داخستووە) دەڕەخساند کە کەسێکی دیکەش وەک بارمتە دەستبەسەر بکات. ھەروەھا ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت کردووە کە بەرپرسانی لێپێچینەوە بۆ ئەوەی گوشاری بخەنە سەر، کەڵکیان لێ وەرگرتوون، وەک: بڕینەوەی وتووێژەکانم، ھاککردنی ئێمەیلەکان و دزینی مۆبایلەکەم، دەستدرێژیی بۆ ھەرێمی تایبەتی ژیانم، پەرژانەوە لەسەر وردەکارییەکانی ژیانی تایبەتم و دەکارھێنانیان، ناچارکردنی کۆمەڵێک کەس بۆ ئەوەی دژی من ھەڵویستیان ھەبێ و شایەتیم لەسەر بدەن، و لە کۆتاییشدا دەستبەسەرکران و بەندکرانم خاڵی بادانەوەی سەر ھەموو ئەم گوشارانە بوو.
کامیل ئەحمەدی لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت لەمەوپاش چالاکییەکانی لە بواری جێبەجێکردن، وتووێژ و پەرەپێدانی ئاشتی شوێنگری دەکات. ناوبراو ئێستا وەشانێک لە حوکمی دادگا و داکۆکییەکانی خۆی بە دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بڵاو کردووەتەوە تا بەردەستی خەڵک و میدیاکان بێت و تێیدا دەڵێت: ئەو تاوانانەی خراونەتە پاڵم، بەشە سەرەکییەکانی حوکمی دادگاکەم و داکۆکیم لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ئاگاداری خەڵک و ھەروەھا وەک دەربڕینی ناڕەزامەندی بەرانبەر بەو حوکمە نادادپەروەرانە لە ماڵپەڕەکەمدا بڵاو کردووەتەوە کە بە ڕای خۆم بۆ سەلماندنی بێ تاوانبوونم تەواون. با بمێنێتەوە بۆ مێژوو کە باشترین دادوەرە. بەندیخانەی جێگای توێژەر نییە. «دواجار نەک لەسەر ھەڵبژاردە و خواستی خۆم بەڵکوو بە ناچار ئەو بڕیارەم دا کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەری دوودڵ بووم.» کامیل ئەحمەدی، 7ی شوباتی 2021.
=KTML_Bold=بەرهەمەکان=KTML_End=
1- سازگاری و خۆڕاگری لە ناو مێرمنداڵانی مەھاباد
2- ڕۆژھەڵات و باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا لە ڕوانگەیەکی دیکەوە Another look at east and south east of Turkey، چاپکراو لەلایەن Etkim، Istanbul-Turkey (2009) .
3- بە ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر خەتەنەکردنی ژنان لە ئێراندا FGM/ C) ، وەشانخانەی شیرازە، Un cut voice publishing، Oxford In the name of tradition (2015) .
4- گومانی ڕوو لە گۆڕانی خەتەنە، شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان لە ئێران (The Changing Paradigms of Female Genital Mutilation/Cutting Country report on FGM/C in Iran) لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف چاپ کراوە.
5- زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر زەواجی زووتر لە وادەی منداڵان ECM لە ئێراندا) ، وەشانخانەی شیرازە و Nova Science Publisher، Inc an echo of silence (2017) .
6- ماڵێک لەسەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر زەواجی کاتی و سیغە لە ئێراندا) ، وەشانخانەی شیرازە، publishing by Mehri Publication، London، UK (2019) Shirazeh A house on water
7- تاڵانی منداڵی (توێژینەوەیەک لەسەر گەڕانی منداڵان لەنێو زبڵەکان لە تاران/ ئێران) ، لەسەر داواکاری ئەنجوومەنی پاڵپشتیی مافەکانی منداڵان Childhood Yawn، A study on Recognising، Preventing and controlling the phenomenon of Child Scavenging- tehran publishing 2018 (2019)
8- چیرۆکی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر ھاوڕەگەزخوازیی ژنان، ھاوڕەگەزخوازان و دووڕەگەزخوازان (LGB) لە ئێراندا Forbidden Tale by Mehri Publication، London-UK، (2018) .
9- ماڵێک بە دەرکەی کراوە وە (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر زەواجی سپی لە ئێراندا) ، وەشانخانەی مێھری (2020) A house with open door، by Mehri Publication، London-UK (2018)
10- شوێنپێی چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵی “توێژینەویەکی گشتگیر لەسەر جۆرەکانی کاری منداڵان لە ئێران”، ساڵی 2021 و لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
11- لە سنوورەوە بۆ سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگر لەسەر شوناس و قەومییەت لەسەر تەوەری ئاشتی) ، وەشانخانەی مێھری (2021) ، From Border to Border، a comprehensive study of identity and ethnicity in Iran، with studies of five major Turkish (Azari) ، Kurdish، Baloch، Arab and Fars (Persian speaking) ethnic groups published by Mehri publising. London، UK (2021)
[1]