ناونیشانی بابەت: مێژوونووسانی تورکیا چی لەبارەی لۆزانەوە دەڵێن؟
نووسینی: #کارزان گلی#
مێژوونووسانی تورکیا پێیانوایە، #لۆزان# لەبری ئەوەی زیانی بە تورکیا گەیاندبێت، سوودی بۆی هەبووە، چونکە سنووری تورکیا دیاری کرا و لە هەمان کاتدا، تورکیای لە شەڕێکی گەورە ڕزگار کرد، ئەگەر بە لۆزان ڕازی نەبوونایە، ڕەنگبوو شەڕێکی خوێناوی ڕووی دەدا و کۆماری ئێستای تورکیا درووست نەدەبوو.
بەڵام زۆربەی مێژوونووسان لەگەڵ ئەوەدان، لە لۆزاندا غەدر لە #کورد# کراوە، بەتایبەت ئەو بەڵێنانەی لە تورکیا بە کورد دران، پاشان لێی پاشگەز بوونەوە.
سێداد ولوگانە، دەڵێت لە دوای ڕێککەوتنی لۆزانەوە، 28 سەرهەڵدانی کورد دژی دەوڵەتی تورکیا ڕوویان داوە. هەموو ئەو سەرهەڵدانانەش دژی ئەوە بوونە، کە کورد لە تورکیا مافی پارێزراو نییە و چاوپۆشیی لە ناسنامەیان دەکرێت. لەبەرانبەردا دەوڵەتی تورکیا بە چەکی قوورس ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە و هەزارانی لێ کوشتوون.
دوو پەڕڵەمانتاری تورکیا لە خولی یەکەمی پەڕڵەماندا، بە ناوەکانی (یوسف زیا و حەسەن عەلی) دەپرسن، ئێوە چۆن لەدەرەوەی میساقی میللیدا، لە ڕێککەوتنی لۆزاندا مووسڵ لەدەست دەدەن؟ لە وەڵامدا کەمالیستەکان دەڵێن: ”ئەوانەی دەڵێن چۆن مووسڵتان لەدەست داوە، ئەوکات هەستی پێدەکەن، کاتێک ئێمە پەڕڵەمانتارە کوردەکانمان پاکتاو کرد و دەوڵەتێکی نەتەوەیی تورکیمان درووست کرد.“
ڕەنگە پرسیارێکی زۆر جدیی و گرنگ لە ڕێککەوتنی لۆزاندا بکرێت، ئەویش ئەوەیە، ئایە گەلی کورد لە باکووری کوردستان، بەو ڕێککەوتنە ڕازی بووە؟ ئایە عەشیرەتە کوردەکان و ڕۆشنبیرەکانیان ڕەزامەندییان داوە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بکرێت؟
ئەو پەڕڵەمانتارانەی بەناوی کوردەوە لە پەڕڵەمانی تورکیا بوونە هەڵخەڵەتێنراون، چونکە بەڵێنیان پێ داون کە مافی کورد دەدەن، بەڵام چەند کەسایەتییەکی کورد خیانەتیان لە میللەتی خۆیان کردووە و بە ناوی ئەوانەی پەیامیان ناردووە، کە کورد بەو ڕێککەوتنە ڕازی بوونە.
خالید بەگ، کە سەر بە عەشیرەتی جیبرانلی بووە، کەسیایەتییەکی دیاری ناوچەی خۆشیان بووە، سەرزەنشتی قاسم بەگ دەکات، کە ئەویش کورد بووە و سەر بە عەشیرەتی جیبرانلی بووە. خالید پێی دەڵێت: لە ڕۆژنامەیەک لە ئیستانبۆڵ خوێندمەوە، کە بە ناوی عەشیرەتی ئێمەوە پشتیووانییت لە ڕێککەوتنی لۆزان کردووە، تۆ چۆن بە ناوی ئێمەوە شتی وا دەڵێیت؟ هەر بۆ زانیاریی خوێنەر، ئەو قاسمە، یەکێک بووە لەوانەی پاشان بە دەستی خۆی شێخ سەعیدی پیرانی دەستگیر کردووە. ئەمەش دەریدەخات، کە گەلی کورد ئاگای لە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نەبووە.
دەکرێت بڵێین، دەستەبژێری کورد لە باکووری کوردستان، قەدەری کوردیان گەیاندە ئەم ڕۆژە و بە بەڵێنی ئەتاتورک هەڵخەڵەتێنران.
وەک ئەوەی سێداد ولوگانە باسی دەکات، کاتێک کەمالیستەکان وتیان دوای پاکتاوکردنی پەڕڵەمانتارە کوردەکان هەستی پێدەکەن بۆچی ویلایەتی مووسڵمان لەدەست دا، ئەو پەڕڵەمانتارە کوردانە پاکتاو کران، پاشان ئەو پەڕڵەمانتارانەی بەشداریی سەرهەڵدانی کوردیان کردبوو دەستگیر کراون و لەسێدارە دران.
لەو سەردەمەدا، تەنیا چەند پەڕڵەمانتارێکی سەر بە ئیتیحادییەکان دەیانزانی کە دەیانەوێت دەوڵەتی نەتەوە درووست بکەن، یەکێک لەوانە ئیلیاس سامی بووە، کە کورد بووە و لەسەر بازنەی مووش پەڕڵەمانتار بووە و سەر بە تۆپەڵزادەکان بووە، باس لەوەش دەکرێت کە لە کۆمەڵکوژییەکەی ئەرمەنییەکان ناوی هاتووە، بۆیە ئێستاش خەڵکی مووش دەڵێن: ”ئەگەر تۆپەڵزادەکان پردیش بن بەسەریاندا تێناپەڕین.“
تەها ئاکیۆڵ، مێژوونووسی بەناوبانگی تورکیا، کە شارەزاییەکی تەواوی لە ڕێککەوتنی لۆزاندا هەیە و جارێک لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی (CNN) ، دانی بەوەدا نا، کە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستدا، ڕێژەی کورد لە مووسڵ لە عەرەب و تورکمان زیاتر بووە.
ئاکیۆڵ لە وتارێکدا، کە لە ڕۆژنامەی (میللەت) ی تورکیا بڵاوی کردەوە، دەڵێت با باس لەو دەنگۆیە بکەین، کە ئایە ڕاستە ئەتاتورک بەڵێنی بە کورد داوە، کە دوای لۆزان بیانکاتە خاوەن ستاتۆی خۆیان، یاخود خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن؟
تەها دەنووسێت: ”لە سەروبەندی خەباتی میللیدا لە 1919، لە پڕۆتۆکۆڵی ئاماسیادا، بەڵگەیەک هەیە کە پێویست دەکات کوردەکان مافی کۆمەڵایەتی و نەژادیان بدرێتی، بەڵام دوای ئەوەی تورکیا شەڕی بردەوە کە بە شەڕی ڕزگاری ناوی بردراوە، ئەتاتورک لە 16ی 1ی 1923، لە شاری ئیزمیت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کردووە و لەوێدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک بەڵێنی وا بە کورد نادەن، کە ببنە خاوەن ستاتۆی خۆیان، ئەمە کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت و شتی وا ناکەن.“
ئاکیۆڵ باس لەوەش دەکات، کوورتکراوەی گوتەکانی ئەتاتورک ئەوە بووە، ئەگەر کورد بیانەوێت جیا ببنەوە، هەر خۆی لە دەستووردا باس لەوە کراوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، واتە لە هەر ویلایەتێک کورد زۆرینە بێت، لەوێ دەتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵام بەڵێنی نەداوە کورد بکاتە دەوڵەت.
لە دەستووری 1921، لە مادەی 11 تا 21، باس لەوە کرابوو، کە خۆبەڕێوەبردنی ناوچەیی لە هەموو شوێنێکی تورکیادا هەبێت.
ئاکیۆڵ، پێی وایە پرسی کورد لە تورکیا تازە نییە، لە سەردەمی ئەتاتورکەوە هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تورک هەرگیز وەکوو نەتەوە سەیری کوردی نەکردووە، بۆیە نەگەیشتوون بە مافەکانی خۆیان.
لە پەڕتووکی (کام ئەتاتورک؟) کە ئاکیۆل نووسیویەتی و لەوێدا باس لە ڕێککەوتنی لۆزان دەکات، دەڵێت: لە دەستووری تورکیادا باس لە مافی کورد کراوە، بەڵام دوای لۆزان و دەستووری 1924، کاتێک دەوڵەتی نەتەوە لە تورکیا درووست بوو، ئیدی لەو کاتەوە کورد ناڕازییە و پرسێکی هەیە و چارەسەر نەکراوە.
ئاکیۆڵ لەو پەڕتووکەدا دەڵێت: ”چارەسەرکردنی کێشەی کورد، بە ڕووخانی دەوڵەتی نەتەوە نابێت، بەڵکوو دەبێت لەناو ئەو دەوڵەتەدا ئازادی بکرێتە بنەما و بیری لێ بکرێتەوە، ئەگەر وا نەکرێت، ئەو پرسە هەمیشە درووست دەبێتەوە و مێژووش ئەوەی سەلماندووە.“
ئەگەر بڕوانینە بۆچوونەکانی مێژوونووسی تورک، باسکن ئۆڕان، بە هەمان شێوە بەرگری لە ڕێککەوتنی لۆزان دەکات، پێی وایە ئەو ڕێککەوتنە بەڵگەی سەربەخۆبوونی تورکیایە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ویژدانی خۆی ئاسوودە دەکات، بەوەی ڕەخنە لە سەرکردەکانی تورکیا دەگرێت و دەڵێت ”مافی کورد پێشێل کراوە و ئەو مافەی لۆزان پێی داوە، کە خوێندنە بە زمانی کوردی، لێتان قەدەغە کردوون.“
باسکن، لە پەڕتووکی (کەمینەکانی تورکیا) ، هەروەها لە دیمانەیەکیدا بۆ ماڵپەڕی (T24) ی تورکی، بە شێوەیەکی جوان و بە بەڵگە وە باس لەوە دەکات، کە چۆن مافی کورد لە تورکیا پێشێل کراوە، لەکاتێکدا لە ڕێککەوتنی لۆزاندا بەڵێن دراوە کورد مافی خۆی پێ بدرێت.
باسکن دەڵێت: ”لە مادەی 39 بڕگەی 5، دەڵێت هەموو ئەوانەی جگە لە زمانی تورکیا، زمانێکی دیکەی دایک دەزانن، بۆیان هەیە لە دادگا بەو زمانەی خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەمەش بەو واتایە نایەت، کە جگە لە زمانی تورکی، ئەوانەی زمانێکی دیکە دەزانن، دەتوانن لە دادگا بەرگریی لە خۆیان بکەن، چونکە بۆ نموونە لە قوتابخانە فێری زمانی فەڕەنسی بوومە، ناکرێت لە دادگا بڵێم لەبەر ئەوەی فەڕەنسی دەزانم، دەبێت بەو زمانە بەرگریی لە خۆم بکەم، نەخێر ئەمە ڕێک مەبەست لێی کوردەکانە، کە لە دادگا دەتوانن بە زمانی دایک بەرگری لە خۆیان بکەن، لەولاکاتەدا، کە دادوەر زمانی کوردیی نەزانی، بۆیان هەیە وەرگێڕێک بهێنن و کوردییەکە بکەنە تورکی، واتە دان بە زمانی کوردیدا نراوە.“
باسکن، پێی وایە لە دوای ڕێککەوتنی لۆزان ئەوەی بەرانبەر بە کورد کراوە، پێشێلکردنی ڕێککەوتنی لۆزان و پێشێلکردنی مافی کوردە.
ئەو باس لە #رێککەوتنی سیڤەر# دەکات، کە لەوێدا بە نووسین، واتە لەسەر کاغەز و بە بەڵێن مافی کورد دراوە و جێی بۆ کراوەتەوە، بەڵام لە لۆزاندا لەسەر کاغەز نەبووە، بەڵکوو تەنیا بە قسە و بەڵێنی زارەکی گوتوویانە مافی کورد دەدەین.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، دەبینین کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ بەردەوام دۆڕاندوویەتی، چونکە زۆربەی ئەو بەڵێنانەی بە کورد دراون، لەسەر کاغەز نەبوونە، بەڵکوو هەمووی زارەکی بوونە، بۆیە ئەنجامەکەی پاشگەزبوونەوە بووە.
لە لۆزانیش بە هەمان شێوە، ئەتاتورک لەسەر کاغەز و بەفەرمی و بە ئاگاداریی لایەنی سێیەم هیچ شتێکی بۆ کورد نەکردووە، تەنیا بەڵێنی بە سەرۆک عەشیرەت و پەڕڵەمانتارە کوردەکان داوە کە مافیان پارێزراو دەبێت.
حەسەن خەیری، کە لەناو کورددا ناوی وەکوو خاینێک دێت، بەوەی لە سەروبەندی ڕێککەوتنی لۆزاندا یەکێک بووە، لەو کوردانەی پەڕڵەمانتار بووە لەسەر بازنەی دەرسیم و بە فەڕەنسی و بەریتانییەکانی گوتووە، کورد داوای جیابوونەوە ناکات و ئەتاتورک هەموو مافێکی کوردی داوە، بۆیە کاتێک باس لە لۆزان دەکەین، ناکرێت باسی حەسەن خەیری نەکەین و بەشێوەیەکی ئەکادیمی و دوور لە سۆزی نەتەوەیی شڕۆڤەی ئەو کەسایەتییە نەکەین.[1]