ناونیشان: نامەیەک بۆ لۆزان و گوڵەخانە!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #24-07-2023#
لە سەدهەمین ساڵیادی بەستنی پەیمانی لۆزاندا دوو کۆبوونەوەی پڕ بەفیڕۆدان و ناپێویست و بێ جەدوا و بێ ئەژێندا و دواجاریش بێ کۆنووسی کۆتایی ڕێکخرا، یەکێکیان لەشارە جوانەکەی لۆزان ئەوی دیکە لە پێدەشتە بەپیتەکەی گوڵەخانە. گەر بەفیڕۆدانەکەی گەشتی پترۆ قاتلەبەرەکانی لۆزان بدرایەتە کرێ خانووی چەند خوێندکارێکی دەستکوورتی تاراوگە کە ڕێشتوون تا فێر ببن بزانن دونیای نوێ چۆن کاردەکات وبەندەیاساییەکان چۆن دەنووسرێن، لەلایەکی دیکەشەوە ناونیشانی ئەوەی گوڵەخانە بگۆڕردایە بۆ شێوازی هەستانەوە لە ڕێگای چاکسازی کشتوکاڵییەوە بۆ پێدەشتەکانی #شارەزوور# و بتوێن و #هەولێر# ئەوا بەدڵنیایی دەکرا ئومێدێک لەسەر داهاتوویان هەڵچنین و پێمان خۆشبێ کە هەبن.
ئەوانەی دوای سەد ساڵ لە دژی لۆزان کۆدەبنەوە و دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون بەتەحەدداوە دەیڵێم کەسیان لە سەد و شەست و ئەوەندە ماددەکانی پەیمانی سیڤەر سێڤر Sevre تێنەگەیشتوون، یان هەر نەیانخوێندوونەتەوە، ئەم قسەیە بۆ لۆزانیش هەر ڕاستە. لۆزان گەر هیچی نەکردبێت توانی ئەوە بکات بەر بە سیڤەر بگرێت لەبری سێ وڵات کوردستان بکەوێتە ژێر کەڵبەی شەش بۆ هەشت وڵاتی خوێنمژتر لەوەی تورکیا و سووریا و ئێراق، بەتایبەتیی ئەوبەشەی کە بەر تورکیا کەوتووە لە سیڤەردا بەسەر دەوڵەتێکی ئاشوری-کریستیان و دەوڵەتی ئەرمینیا و تورکیا و دەوڵەتێک لەژێر ئینتیدابی بەریتانیاو یەکێکی دیکە لەژێر ئینتدابی فەرەنسادا دابەش دەبوو. گرنگتزین شارەکانی وەک وان و ئەرزڕۆم دەدرانە ئەرمینا، #ئامەد# لەچەک دادەماڵراو و وەک ناوچەیەکی بێ پێناسەی سەربەخۆ دەمایەوە، عەدەنە و سیواس لەژێر ئینتیدابی فەرەنسادا دابەش دەکران و بەم جۆرە کورد لە تورکیا بۆ هەمیشە لە ڕێگای پەرتکردن و دابڕینەوە ئەسیمیلە دەکراو لەنێو دەبرا.
لۆزان لانی کەم لە چوارچێوەی سێ دەوڵەتدا کوردی هێشتەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم هاوکێشەیەدا نەبووە نە لە لۆزان نە لە سیڤەر. ئەمڕۆ من کە بەندەکانی سیڤەرم دەخوێندەوە تەزوو بەلەشمدا دەهات و لەوە تێگەیشتم ئێمە چەندە کاڵفام و عاتیفی و نوزەنوزکەر بووین لەڕابردوودا و ئێستاش چۆن بە ماکیاج و قات و قەرەوێتەوە لەسەر هەمان کاڵفامی و گرینۆکی و نوزەنوزی بەرئاگردانی خۆمان بەردەوامین و لەژێر لێوەوە وەک پیرەژنی دۆڕژاو فەشەل ودواکەوتن لەزەمەنەکەی خۆمان بە عەلاقەکەی لۆزاندا هەڵدەواسین. تەماشای نەخشەکانی سیڤەر بکە!
ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکدا دژین کە ڕێز لە ئازار و تراژیدیای کەس ناگرێت، نەک هەر ڕێزی لێناگرێت ئەسڵەن نایناسێت و نادیدەشی دەگرێت، ڕێز و بەزەیی پێداهاتنەوە لە قامووسی سیاسیی نوێدا زۆر ناقۆڵا و بێمانا دەردەکەون. سەدساڵ پاش لۆزان نە کۆمەڵێک قاتلەبەر و ئەفەندیی پترۆ-شۆڕش و پترۆ-گەشت و پترۆ -ئەوروپا و پترۆ-گەڕان لە گوڵەخانە یان لە لۆزان، بەڵکوو گەر درووستکەرانی لۆزان خۆشیان ئەمڕۆ زیندوو ببنەوە ناتوانن لە ڕێگای دنەدانە عاتیفییەکانی ئێمەوە لە ڕابردوویەک پەشیمان ببنەوە کە تێیدا بە ستراتیژ و دوور لە حەزی ئاغاواتەکانی ئێمە وەک کێک میراتی دەوڵەتی عوسمانییان دابەشکردووە، ئەم باسە کەمتر پەیوەندی بە کوردەوە هەیە وەک نەتەوەیەک کە لەو دەمەدا هێشتا نەخەمڵیبوو.
نەک یادکردنەوەی تڕۆهاتێکی وەک پەیمانێک کە زیاتر لەسەدەیەکە کاردەکات و فەنکشناڵە، بەڵکوو گەر هەزار جاری دیکە ئەنفال و جینۆساید بکرێینەوە، سەد #هەڵەبجە#ی دیکەمان تێدا درووستبێتەوە، دەیان شەنگال و زیلان و کۆبانێ و دێرسیمی دیکەش درووستببنەوە ناتوانن ئێمە بخەنە سەر نەخشەی سیاسی و وزە و کلتوری جیهانی، ناتوانن ببنە هۆڵۆکۆست بۆ ئێمە، بۆچی؟ چونکە شتێک نییە لەم دونیایەدا بەناوی درووستبوون لە ڕێگای تراژیدیاوە، ڕاستە دونیا دونیایەکی زیندووە بەڵام بێ دڵ و بێ عاتیفەیە، لە مۆدێرنیتە گەڕێ کە بێ دڵتر و بێ ڕەحمترە، لە هیچ پارچەیەکی مێژووییدا دونیا بۆ ئازاری کەس نەگریاوە و ناگری. ئەوەی ئەمڕۆ دونیا حیسابی لەسەر دەکات و حورمەتی بۆ دادەنێت تەنیاوتەنیا یەک شتە، تۆ چ چارەسەرێکت پێیە بۆ ڕزگاربوونت لەو تراژیدیایەی کە تێی کەوتوویت! دونیا تەنیاوتەنیا ڕێز لەو چارەسەرە عەقڵانیانە دەگرت کە کۆمەڵگەیەک بە تەنیا لە چێژی مەرگدۆستی و فرمێسک و نووزە نووزی عاتیفیدا ناهێڵێتەوە بەڵکوو دەیگوازێتەوە بۆ ژیان و عەقڵانییەت، عەقڵێک تراژیدیا تێیاندا بکاتە پردی پەڕینەوە و سەرکەوتن نەک وەک داستانی شیوەنی حسێنی کەربەلایی تەغزییەی نوزانەوەی خۆی پێ بکات و لەوسەریشەوە ئاغاواتەکانی خۆی پێ دەوڵەمەندتر بکات. کە ئەمەت هەبوو نەوتیشت نەبێت وەک سەنگافوورە خۆبەخۆ دەچیتە سەر نەخشەی وزە و کلتور پێشەسازی و تەکنەلۆژیای جیهان و دەوڵەتەکەت تەحسیڵ حاسڵە، بەام بەبێ ئەمە نەوتی هەموو دونیاش ببێتە هیی تۆ، تۆ ناتوانیت تەجاوزی خێڵ و بەرەبابەکەی خۆت بکەیت. [1]