لە ڕۆژی 10ی ئاگۆستی ساڵی 1920 پەیماننامەی سێڤەر واژۆ کرا، کە تێیدا هەیئەتێکی کورد بە سەرۆکایەتیی شەریف پاشا بەشدار بوو و تێیدا باس لە دانی مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد کرا، کە بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی فەرمی ئەو مافە بۆ کورد بە ڕەوا دەبیندرا. یەکێک لەبەندەکانی تایبەتبوو بە کورد و خاکی کوردستان کە
بەندی (62) ە و تێیدا هاتووە:
(لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئەستەمبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت و، هەر ئەندامێک لە سێ دەوڵەتی: بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا دایدەهێنن، لەگەڵ مێژووی بەجێهێنانی ئەم ئۆتۆنۆمییەدا، بە شەش مانگ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی ڕەگەزی کوردیان تێدایە و، کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فوڕات و، باشووری خۆراوای ئەرمینیا وە، وەک لە دوایشدا دەست نیشان دەکرێت. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لە سووریا و، ئێراق، بەو پێیە دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەمین و سێیەمین بڕگەی دووی بەندی 27دا هاتووە. بەڵام لە کاتی ڕێک نەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە: -کۆمیسیۆنەکە- دەنگ لە حکومەتەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، پێویستیشە ئەم پڕۆژەیە زامنی تەواوی بۆ پاراستنی کلدان و ئاشووری و، کەمایەتی ڕەگەز و ئایینی تری نێو ئەم ناوچانەی تێدا بێت، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و-ئێران- و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی ڕاست کردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیا بکرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری باس کرا و، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت) .
بەندی 63:
(حکومەتی عوسمانی، لەمڕۆوە پەیمان دەدات لە ماوەی 3 مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنەی کۆمیسیۆن، کە لە بەندی 67دا باس کراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات) .
بەندی 64:
(ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەست نیشان کراوانە، کە لە بەندی 62دا هاتوون، داوایەکی پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی نێو ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پێسپێری ئەمە بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو پێ سپێرییە جێبەجێ بکات و دەستبەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەستبەردار بوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتیی دەبێت لەنێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەستبەرداربووندا، کە بوو، هیچ بەرهەڵستییەک لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانی نێو هێنراوەوە، ناخرێتە بەرانبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن) .