چەنگی سۆمەری کتێبێکە لەبارەی کازم ساهیر، هونەرمەندی گۆرانیبێژی عێراقی بە زمانی کوردی و بەم دواییە چاپ و بڵاوکرایەوە، لە ئامادەکردنی ئاکام بایزە کە بە ئاکام ساهیر ناسراوە.
ئاکام بایز دەڵێت، نۆ ساڵ کاری لەسەر ئەو بەرهەمە کردووە و لە دوو بەرگدا و لە (1011) لاپەڕەی قەبارە گەورەدا بە سپۆنسەری ئاسیا سیڵ چاپ و بڵاویکردووەتەوە.
لەبارەی ناوی کتێبەکە گوتی، سەرەتا چەند ناوێکم بۆ کتێبەکە دیاریکردبوو، بەڵام دواتر ناوی چەنگی سۆمەریم بۆ هەڵبژارد، چونکە ناوەکە لەئاست ئەو هونەرمەندەیە و چەنگ بە کۆنترین ئامێری میوزیکی دەناسرێت.
ئاکام بایز ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ کتێبەکەی ژمارەیەک هونەرمەندی کوردی لە #زاخۆ# تاوەکو #خانەقین# لەبارەی ساهیر دواندووە و بەنیازە لە ئایندەدا بە زمانی عەرەبی بڵاویبکاتەوە. ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا چەندین کتێب و ئەرشیڤی ساهیری کۆکردووەتەوە، بۆیە بیرۆکەی ئەوەی لەلا گەڵاڵە بوو، کتێبێک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە بە زمانی کوردی ئامادە بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، داوای لە کۆمپانیای ئاسیا سێڵ کردووە کتێبەکە بە دەستی کازم ساهیر بگەیێنێت، چونکە پەیوەندییان هەیە لەگەڵی و هەر خۆشیان سپۆنسەری کتێبەکەن.
کتێبەکە هەزار دانەی چاپکراوە و بەکر عەبدوڵڵا کاری دیزاینی بۆ کردووە و ئێستا لە کتێبفرۆشەکانی باشووری کوردستان دەستدەکەوێت.[1]