کۆنگرەی گشتی #کۆیە#ی #پارتی دیموکراتی کوردستان# - (کۆنگرەی گشتی نیشتمانی کۆیە – #18-03-1963#) ، لەسەر پێشنیاری سەرۆک #مەلا مستەفا بارزانی# فەرماندەی گشتی شۆڕشی ئەیلوول و بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتییە نیشتمان پەروەرەکان لەگشت چین و توێژە جیاکان لە شاری کۆیە بە مەبەستی دانووستان لەگەڵ حکومەتی بەعسی ئێراقی ئەنجامدرا.
کۆنگرەی گشتی کۆیە - (کۆنگرەی گشتی نیشتمانی کۆیە – 18ی ئاداری 1963) ، لەسەر پێشنیاری سەرۆک مستەفا بارزانی فەرماندەی گشتی شۆڕشی ئەیلوول و بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتییە نیشتمان پەروەرەکان لەگشت چین و توێژە جیاکان لە شاری کۆیە بە مەبەستی دانووستان لەگەڵ حکومەتی بەعسی ئێراقی ئەنجامدرا.
$هۆکارەکان$
دوای سەرکەوتنی کودەتای #08-02-1963# و دەسەڵات گرتنەدەستی حزبی بەعس لە ئێراق، چەند گەڕێکی دانووستان لەنێوان نوێنەرانی سەرکردایەتی شۆڕش و حکوومەتی نوێی ئێراق سەبارەت بە و بەڵێنانەی کودەتاچییەکان پێش گرتنە دەستی دەسەڵات بە سەرکردایەتی شۆڕشیان دابوو ئەنجامدران کە دواترینیان چوونی وەفدی شۆڕش بوو بۆ بەغدا و هەردوو وڵاتی میسر و جەزائیر.
بەشێوەیەکی گشتی دانووستانەکان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبوو، حکوومەت ئەم جارە هەوڵیدا لە ڕێگەی ناردنی چەند وەفدێکی فەڕمی بۆ لای سەرۆک مستەفا بارزانی درێژە بە گفتوگۆکان بدات، بۆ ئەم مەبەستە یەکەم وەفد بە سەرۆکایەتی تاهیر یەحیا سەرۆک ئەرکانی سوپا و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، لە چوارقوڕنە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە. سەرۆک بارزانی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی و داواکارییەکانی شۆڕشی دایە دەست وەفدەکە و هەڕەشەی ئەوەی لێکردن ئەگەر تا کۆتایی وەرزی بەهار داخوازییەکان جێبەجێ نەکرێن ئەوا شەڕ دەستپێدەکاتەوە، پڕۆژەکە خرایە بەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە هەوڵی کەمکردنەوەی داخوازییەکانیاندا، بۆ ئەم مەبەستە و گۆڕینی هەڵوێستی سەرکردایەتی شۆڕش، وەفدێکی تر نێردرایەوە #چوارقورنە# و لەوێ جارێکیتر چاویان بە سەرۆک بارزانی کەوتەوە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن. لە ڕێکەوتی #11-03- 1963# ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە پرسی کورد و داخوازییەکانی تێدا یەکلاکردبووەوە.
بەیانەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش شتێکی ئەوتۆی بۆ کورد تێدا نەبوو، دانووستانەکانیش ئەنجامێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتەوە، لەسەر ئەم بابەتە سەرۆک مستەفا بارزانی بە پێویستی زانی بۆ پرسێکی نیشتمانی لەم شێوەیه، پرس و ڕاوێژ بە مەکتەبی سیاسی و سەرکردە نیشتمانپەروەرەکان بکات و کۆنگرەیەکی گشتی سازبدات. بۆ ئەم مەبەستە نێردەی تایبەتی خۆی ناردە هەموو سوچێکی کوردستان، بۆئەوەی نوێنەری خۆیان بنێرنە کۆنگرە. دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، لە ڕێکەوتی #16-03-1963# نوێنەرانی تەواوی چین و توێژە جیاکانی کۆمەڵگا، بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانەوه، سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، فەرماندەی یەکەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و سەرۆک هۆزە شۆڕشگێڕەکان گەیشتنە شاری کۆیە.
$بەستنی کۆنگرە$
کۆنگرە لە ڕۆژانی 18 تا 22ی ئاداری 1963، بە سەرۆکایەتی سەرۆک مستەفا بارزانی، لەژێر چەتری هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و لە ماڵی کاکە زیاد ئاغای کۆیە، بە ئامادەبوونی 2500 کەس ساز درا کە 200 کەسیان مافی دەنگدانیان هەبووە. مەبەستی ئەم کۆنگرەیە گەڵاڵەکردنی داخوازییەکانی کورد بوو لە حکوومەتی ئێراقی. لە ئەنجامدا شاندێک بە سەرۆکایەتی #جەلال تاڵەبانی# پێکهێنرا کە بریتیبوون لە: #ساڵح یوسفی#، #مەسعود محەمەد#، حسێن خانەقا، سەمەد محەمەد، #حەبیب محەمەد کەریم#، عەگید سدیق، شاخەوان نامیق، بابەکر ڕەسوڵ، مستەفا عەزیز و ئیحسان شێرزاد، لە مانگی ئاداری ساڵی 1963دا شاندەکە ڕەوانەی بەغدا کرا.
هەموو دانووستاندنەکان بێ ئەنجام بوون، لایەنی دەسەڵاتداری کودەتاچیی بەغدا بیری لە یەکگرتنی لەگەڵ کۆماری میسر و کۆماری سووریا دەکردەوه، بۆ ئەوەی ببنە یەک کۆماری یەکگرتووی عەرەبی. هەروەها شاندی کوردی بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری جەمال عەبدولناسر، بۆ جاری دووەم لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی ئێراقدا سەردانی قاهیرەی پایتەختی کۆماری عەرەبی یەکگرتووی کرد.
بەڵام دانووستاندنەکان بێ ئاکام بوون و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 1963دا، شەڕی یەکلایەنە و کتوپڕ لەلایەن سوپای ئێراقەوە بۆ سەر کوردستان دەستی پێکردەوە. بەشێک لە شاندەکە لە شوێنی نێشتەجێبوونیان هەڵاتن و ئەوانیتر لە ڕێکەوتی 9ی حوزەیرانی 1963 لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستبەسەرکران.
[1]