قائیمقامی #سلێمانی#، ئاماری ڕووداوەکان و کاروچالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانیانی لە پارێزگای سلێمانی خستەڕوو.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە دیوانی قائیمقامییەتی سلێمانی، ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری ڕووداوەکان و کارو چالاکییەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی خستەڕوو.
ئاوات محەمەد، لە کۆنگرەکەدا وتی: زیاتر لە 91 هەزارو 874 گەشتیار هاتونەتە سلێمانی لە ماوەی ڕۆژانی جەژن و چەند ڕۆژی پێش جەژن و دوای جەژن.
وتیشی: ڕێوشوێنەکان لە ناو بازاڕدا لەلایەن شارەوانی و لیژنە هاوبەشەکان زۆر باش بەڕێوەچووە، ساڵی پار حەوت حاڵەتی گیرفان بڕین و نۆ مۆبایل دزین و 15 حاڵەتی گێچەڵکردن، 'تەحەروش' هەبووە، بەڵام لەمساڵدا تەنها یەک حاڵەت هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە جەژنی ساڵی ڕابردوو یەک ماتۆڕسکیل دزراوەو یەک ئۆتۆمبێل دزراوەو یەک ماڵیش دزی لێکراوە، ئەمساڵیش یەک مۆبایل و یەک ئۆتۆمبێل دزراوەو ماڵێکیش دزی لێکراوە.
باسی لەوەشکرد: یەک ڕووداوی کوشتن و یەک ڕوداوی خۆکوشتن و چوار ڕوداوی هەڕەشە و شەڕکردن هەبووە.
ئاوات محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا: دەستگیراوە بەسەر بڕێکی زۆر یاری و تەقەمەنی منداڵان، وە بڕێکی زور ماتۆڕسکیڵ دەستی بە سەرداگیراوە، کە لە کۆڵانەکاندا دەبووە هۆی بێزاری خەڵک.
قایمقامی سلێمانی ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکراکرد کە بریتیبوون لە: 13 هەزار و 309 شوێن سەردانی کراوەو هەزارو 190 پسوڵەی سەرپێچی هەبووە، کۆی گشتی غەرامەش 84 ملیۆن و 895 هەزار دینار بووە، هەزارو 466 شوێن ئاگادارکراوەتەوە، وە زیاتر لە 239 تۆن و 792 گرام موادی ماوە بەسەرچوو تەلەفکراوە، وە 88 شوێن داخراوە و چوار شوێنیش دراوە بە دادگا.
02-07-2017