بە گوێرەی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە یەک مانگی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان 27 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراوە و قەیرانی دارایی، بوونی چەک و کێشە کۆمەڵایەتییەکان-یش بەهۆکاری زیادبوونی تاوانەکان دەزانێت.
ئەمڕۆ، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماری مانگێکی ڕووداوەکانی کوشتن، خۆکوشن، هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، ڕفاندن و برینداربوون و پێشێلکارییەکانی دیکەی لە هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە لە 2/حوزەیران هەتا 2/تەموز تۆمارکراون.
بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا، 21 حاڵەتی کوشتن و شەش حاڵەتی خۆکوشتن و یەک حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن تۆمارکراون، هەروەها تەرمێکی نەناسراو-یش دۆزراوەتەوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، هەشت کەس برینداربوون و سێ هاوڵاتی-ش ڕفێندراون.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ڕاشیگەیاندووە، کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، دیاردەی چەکداریی بێ مۆڵەت، بوونی چەک لە ماڵەکان و قەیرانی دارایی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکاری سەرەکی زیادبوونی تاوانەکانن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە ئەوەی لەم مانگەدا تێبینیمان کردووە زیندووکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوون، کە ئەوکات لە ڕێگای سوڵحی عەشایریی و دوور لە دادگا چارەسەر کراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کێشەکان یەکلایی نەبنەوە و زۆر جار مافخوراو مافی خۆی وەرنەگرتووەتەوە و تاوانباریش نەبراوەتە دادگا، بۆیە ئێستا کێشەکان سەریان هەڵداوەتەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، بەپێی ئاماری پێشووی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ-دا 24 حاڵەتی کوشتن، نۆ حاڵەتی خۆکوشتن، شەش هەوڵدان بۆ کوشتن، تۆمارکراون.
ئەگەر بەراوردی نێوان ئەم دوو ئامارە بکەین، کە ئاماری دوومانگی یەک لەدوای یەکی ئەمساڵ-ن دەردەکەوێت، کە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و هەڵدان بۆ خۆکوشتن کەمیکردووە، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە بڵاودەکرێتەوە ئامارەکە زیاترە و هەندێکیان تۆمارنەکراون.
03-07-2017