بۆ :
#حکومەتی عێراقی فیدراڵی#
#حکومەتی هەرێمی کوردستان#
حکومەتی خۆجێیی #کەرکووک#
کونسڵخانەکانی کۆماری ئیسلامی #ئێران# لە هەرێمی کوردستان
ماوەی چەند ڕۆژێکە حکومەتی ئێران بە پاساوی پڕکردنەوەی بەنداوێک، ئاوی زێی بچوکی لە دیوی ڕۆژهەڵاتەوە گرتووەتەوەو بەهۆیەوە ژینگەو سروشتی ناوچەکە زیانی گەروەی پێدەگات.
زێی بچوک کە هەزاران ساڵە بە شێوەی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشور دێت و هەمیشە وەکو سامانێکی مرۆڤایەتی هاوبەش تەماشاکراوەو هەموو لایەک لە خێرو بێری هاوبەش بوونەو لە هیچ سەردەمێکدا وەکو کارتی فشار بەکارنەهێندراوە، چونکە ئاو هەمیشە سەرچاوەی ئاوەدانی و ژیان بوونە، بۆیە ئەگەر گرتنەوەی زێیەکە بەردەوامبێت ئەوە کارەساتی سروشتی ترسناکی لێدەکەوێتەوەو زیانی گەورە بە کشتوکاڵ و سامانی ماسی و دیموگرافیای ئەو ناوچانە دەگات کە دەکەونە سەر ڕۆخی ڕوبارەکە، هاوکات ئەو ڕەفتارە دەبێتە مایەی زیان گەیاندن بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵکی کوردستان و پێچەوانەی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان لە کۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی 1991.
بۆیە ئێمە وەکو ڕوناکبیرو چالاکوانانی شاری کەرکووک کە شارەکەمان زیانبەرکەوتەی ڕاستەخۆی ئەو کارەدەبێت چونکە دەکەویتە سەر هێڵی زێی بچوک و ئەو ڕوبارەش بە شادەماری ئاوی شارەکەمان دادەنرێت، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کارە، نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین و داوا دەکەین :-
هەردوو حکومەتی هەرێم و خۆجێیی کەرکووک فشارەکانیان بخەنە سەر حکومەتی عێراق تاکو لە ڕێگەی پەیوەندییە بەتینەکەیەوە داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات دەست لەو کارە هەڵبگرن و چیدی سزای سروشتی و ژینگەیی و کشتوکاڵی و ئابووری خەڵکی کوردستان نەدەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکاری ئاوگرتنەوە ئاشکرا بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوەو بە زووترین کات ئاوی زێی بچوک بەرداتەوەو لەبری سزادان پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات و سوود لە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئابووری وەربگرێت و لەم کاتەدا هەموو هەوڵ و تواناکان بۆ لە ناوبردنی تیرۆرستانی داعش دوژمنە هاوبەشەکەمان یەکبخەین و گەلانی ناوچەکە لە سایەی تەبایی و ئاشتی بژین نەک سزاو کینەو دوژمنداری.
ژمارەیەک نووسەرو چالاکوانی شاری کەرکووک
03-07-2017