وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال بەرهەمی بەشی بەڵگەفیلمی #تۆڕی میدیایی ڕووداو#ە، لە بولگاریا بەشداریی لە فیستیڤاڵی ماستەر ئۆڤ ئارت کردووە کە لە 09 بۆ 30-04-2020 بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
لە فیستیڤاڵەکەدا بەڵگەفیلمەکەی ڕووداو بە ئۆنلاین نمایشکرا و ئەوانەی کە بینیویانە خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کورتیان پێداوە. بەوەش خەڵاتی بینەرانی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی کورت پێبەخشرا و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا جارێکی دیکە بەڵگەفیلمەکە لە سینەما نمایشبکرێت.
وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال لە 11 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداریی کردووە، جگە لە خەڵاتی بینەران بۆ بەشترین بەڵگەفیلمی کورت لە بولگاریا، دوو خەڵاتی دیکەیشی بردووەتەوە.
بەڵگەفیلمی وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال باسی کۆمەڵێک وێنە دەکات کە پێش پرۆسەی ئەنفالی ساڵی 1988 لەلایەن پیاوێک بە ناوی حاجی کاکەوڵا لە گوندەکانی دەوروبەری شارەدێی ئاخجەلەری سەر بە شارۆچکەی #چەمچەماڵ# گیراون. دواتر بەشێک لەوانەی وێنەی گرتوون بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون.
دوای ساڵانێکی زۆر لە پرۆسەی ئەنفال، جارێکی دیکە ئەو وێنانە کەوتوونەتە بەردەستی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان کە لەدوای پرۆسەی ئەنفالەوە یەکەم جارە ئەو وێنانەیان بینیوە.[1]