$چۆن کوردیپێدیام ناسی؟$
کوردی+پێدیا=کوردیپێدیا، ئەو ئەنجامە کە کوردیپێدیایە بە ڕێکەوت ناسیم، بەڵام چ ڕێکەوتێک؟ هەرکات پێویستم بە بابەتێک هەبوایە بە زمانی کوردی، لە نێت گەڕانم بۆ دەکرد ئەوا چەندین بابەت دەدۆزرایەوە کە زۆربەیان ئەگەر نەڵێم هەموویان لە تۆمارەکانی سایتی کوردیپێدیا بوون.
ئەمە وایکرد ئیتر زۆر خۆم ماندونەکەم، واتا کە پێویستم بە گەڕان هەبوایە ئەوا لە سایتی کوردیپێدیا بۆی دەگەڕام و نائومێد نەدەبووم واتا دڵخوازی خۆم تێدا دەستدەکەوت.
وە ئەگەر پێداویستییەکەشم دەست نەکەوتایە ئەوا بە ئیمەیڵ پەیوەندیم دەکرد بە بەڕێوەبەری یەکەمی سایتەکە کاک (#هاوڕێ باخەوان# ) .
دەمپرسی ئایا فڵان بابەت لەلای بەڕێزتان تۆمارە یان نا؟ چۆن گەڕانی بۆ بکەم لە سایتەکەتان؟ چۆن هاوکاریم دەکەن بە دەستی بهێنم؟ ئەوانیش کاتی خۆیان دەداپێم وە هاوکاریان دەکردم.
تا کار گەیشتە ئەوەی هەر بابەتێک کە بمزانیایە لە کوردیپێدیادا تۆمارنییە بە ئیمەیڵ دەمنارد بوویان تا تۆماری بکەن. یان جاری واهەیە ئەگەر هەڵەیەکم بەرچاوبکەوتایە لە کوردیپێدیا، وەک دەگوترێت بە دیاری پێشکەشم دەکردن و ئەوانیش بە سنگیفراوانەوە وەریان دەگرت و هەڵەکەیان چاکدەکرد.
پاش ماوەیەک واتا لە ساڵی 2017دا زانیاری تاکەکەسی خۆم نارد، ئەوانیش وەک کەسایەتی تۆماریان کرد لە کوردیپێدیا.
وە لە ناوەڕاستی 2018 داوامکرد بمکەن بە هاوکاری خۆیان، ئەوانیش داواکاریەکەیان قبووڵکردم و ئەوشەرەفەم پێبڕا لە ڕێکەوتی #25-05-2018#بووم بە هاوکاری ڕێکخراوی کوردیپێدیا.
$کوردیپێدیا چیی پێ بەخشیوم؟$
هەستێکی تایبەت، متمانەیەکی زۆر کە لەیەکەم ڕۆژەوە بووم بە هاوکاری کوردیپێدیا وەک هاوکارانی تر تەماشاکراوم و خۆم بە نامۆ نەزانیوە لەناویاندا، پێشنیار و داواکاریەکانیشم بۆ هەندێک باشکردن و گۆڕانکاری بە هێند وەرگیراون. لە پێدانی زانیاری و ڕێنماییەکانیشدا بەهەمان شێوە، بواری بۆ ڕەخساندووم کە خزمەت بە زمانی کوردی و تاکی کورد و خاکی کوردستان بکەم لە ڕێی ئەرشیڤکردنی زانیارییەکانەوە.
$کوردیپێدیا چیی بە بەکارهێنانی بەخشیوە؟$
بەکارهێنەرانی کوردیپێدیا کە خۆم یەکێکم لەوان، لە زۆر بواردا سوودمەندبوون لێی، واتا بووە بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی باوەڕپێکراو، بۆ خۆێنەران و لێکۆڵەرەوان.
$کوردیپێدیا بەرەو کوێ دەڕوات ؟$
من پێم وایە کوردیپێدیا داهاتوییەکی گەش و ڕۆشنی دەبێت، واتا دەچێتە ئاستێک کە هیچکام لە سایتە هاوشێوەکانی (حکوومیی و ناحکوومیی) ناتوانن بگەنە ئاستی ئەوە.
$کێشەکانی کوردیپێدیا؟$
هیچ کارێک بێ کێشە و تەنگوچەڵەمە نابێت، بەڵام گرنگی لەوەدایە کێشەکان دەستنیشان بکرێن و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بدۆزرێتەوە.
گەورەترین کێشەی ڕێکخراوی کوردیپێدیا ئەوەیە کە خەڵک وەک خۆی لێی تێنەگەیشتووە و نایناسێت لە دوو ڕووەوە، یەکەم: تۆمار و زانیاریەکانی ناخەمڵێنرێت و وەک سایتیکی ئاسایی تواشادەکرێت. دووەم: بەچاوێکی تەسکەوە دەبینرێت و هەر بەزۆر دەیانەوێت مۆرکی لایەنێک یان بیروبۆچونێکی پێوە بلکێنرێت.
$کاری پێکەوەییی هاوکارانی کوردیپێدیا چۆنە و دەبێت چۆن بێت؟$
کاری پێکەوەیی هونەرە، واتا هەموو کەس ناتوانێت ئەنجامی بدات، کوردیپێدیا چونکە هەندێک یاساوڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە توانیوێتی زەمینەیەک سازبکات بۆ هاوکارانی لە کاری پێکەوەییدا، هەرچەند دەگوترێت کاری پێکەوەیی واتا توواندەوەی تاکەکانی گرووپێک لەو گرووپەدا، بەڵام توانا کەسییەکانیش لەبەرچاوبگیرین کارێکی باشە و سوودوەرگرتن لە لێهاتووییەکانی یەکدی من بە پێویستی دەزانم. شتێکیشم لە یاد نەبوبێت باسی بکەم، دواتر بۆی زیاد دەکەم. وەک گوتراوە، دەستم لە هەورە هەر ئەوەندەم لە بیرە. [1]
#زریان سەرچناری#
#01-09-2019#