دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بڕیارە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار کەس لە هەرێمەوە بچنە سعودییە و پسپۆرێکی ئابوریش دەڵێت خەرجی ئه و چوار هەزار کەسە هێندەی موچەی سێ وەزارەت و چوار دەستەیە.
کاروان ستونی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی #حەج# و عومرەی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕایگەیاند ئەمساڵ هەم ڕێژەی وەرگرتنی پارەی لە حاجیان زیاددەبێت و هەمیش ژمارەی ئه و کەسانەی فەریزەی حەج ئەنجامدەدەن، چونکە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی کەعبە تەواوبووە بەوەش ڕێژەی سەدا بیست بۆ هەر وڵاتێک زیادکراوە و کوردستانیش دەگرێتەوە.
لەبارەی ژمارەی حاجیانەوە ستونی وتی ساڵانی ڕابردوو نزیکەی سێ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان ئەنجامدەدا، بەڵام لەمساڵدا ژمارە بەشی هەرێم زیادبووە بەجۆرێک بە تەواوی حاجیان و ستافی هاوسەرفەریان چوار هەزار 200 کەس بۆ ئه و مەراسیمە ئاینیە دەڕۆنە سعودییە.
بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پارەی زیاتر له و کەسانە وەردەگیرێت کە فەریزەی حەج ئەنجامدەدەن، کاروان ستونی ئاشکرایکرد، ئەمساڵ بۆ هەر حاجیەک بڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو چوار ملیۆن و 200 هەزار بوو.
لای خۆیەوە پسپۆرێکی ئابوری باسی ئه و بڕە پارەیە دەکات کە لەرێگای حاجیانی هەرێمەوە دەبرێتە دەرەوە و پێیوایە، بردنە دەرەوەی ئه و پارە زۆرە لەئێستادا زیانێکی زۆر گەورە لە هەرێم دەدات و واباشە ئەمساڵ چەند کەسێک وەک ڕەمزی بچن بۆ حەج ئەوانی تر دوای بخەن بۆ ساڵانی تر.
دکتۆر نەعمان خورشید، پسپۆڕی ئابوری و مامۆستای زانکۆ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئەگەر بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێژەی حاجیان کە چوار هەزار و 200 کەسە لەگەڵ بڕی پارەی وەرگیراو کە چوار ملیۆن و 500 هەزارە هەژماربکەین ئەوا دەکاتە نزیکەی 19 ملیار دینار، جگە لە خەرجی و کڕینی کەلوپەل و هێنانی بۆ هەرێم، بەوەش گورزێکی کەمەرشکێن بەر ئابوری هەرێم دەکەوێت، چونکە ئه و پارەیە نە هیچ شتێک هاوردە دەکات نە هیچ بەرهەمی ناوخۆی دەبێت، جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئاینی تاکە کەسی لە کاتێکدا دەکرێت ئه و ئەرکە دوابخرێت.
ئه و پسپۆڕەی ئابوری، کە بڕوانامەی دکتۆرای لە بریتانیا بەدەستهێناوە، پێشنیارێکی نوێ دەداتە حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت سود له و کەسانە وەربگرێت کە بەنیازن فەریزەی حەج ئەنجامبدەن و دەڵێت پارەی موچەی نزیکەی سێ وەزارەت و چوار دەستە، دەچێتە دەرەوەی هەرێم، بۆیە پێشنیاردەکەم حکومەت وەک باجی سەفەر بۆ هەر کەسێک بڕی 500 هەزار دیناریان لێوەربگرێت، بۆ ئەوەی لانیکەم حکومەت بتوانێت به و پارەیە موچەی چەند دەستەیەک دابینبکات، چونکە بێگومان ئەوانەی سەفەری حەج دەکەن سەرجەمیان خاوەن پارە و کەسانی دەوڵەمەندن.
هەرچەندە، مامۆستایانی ئاینی لەگەڵ ئەوە نین فەریزەی حەج دوابخرێت و پێیانواییە، حکومەت بەرپرسە لەوەی ژیانی خەڵک و ئابوری هەرێم باشبکات، چونکە ئەوە ئەرکی موسڵمانانە و پەیوەندی بە هەژاری و دەوڵەمەندی و قەیرانی داراییەوە نیە، بۆیە دەبێت ئەرکەکە ئەنجامبدرێت و دواخستنی بۆ نییە.
لەوبارەیەوە نیاز بەرزنجی، بەرپرسی لقی هەولێر یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند نابێت و ناگونجێت هیچ کەسێک فەریزەی حەج بە بیانوی نەبوونی پارە و قەیران و شەڕ و ناخۆشی دوابخات و ئەوانە موبەریری بێ بنەمان و پێویستە موسڵمانان فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن و، دواینەخەن.
هەروەها مەلا زانا گردەسۆری، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ڕەوزەی هەولێر وتی لەئێستادا عەمرە پێویست نییە بکرێت، چونکە بارودۆخ باش نییە، بەڵام بۆ فەریزەی حەج نا، چونکە واجبە و دواخستنی بۆ نییە بۆیە پێویستە ئەنجامبدرێت.
ئەوەشی ڕاگەیاند با حکومەت بیر لەوە نەکاتەوە خەڵک نەچێت بۆ حەج، با بیر لەوە بکات چۆن پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و داهاتەکانی تر بە یەکسانی دابەشدەکات بەسەر تاکەکان، ئەوکات کەس گلەیی لەکەس نابێت.
14-02-2017