دواڕۆژ، هانا چۆمانی
ئەگەرچی دەنگۆی گرانبوون و نەمانی خۆراک هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لای هەندێک لە هاوڵاتیان بەدیدەکرێت، بەڵام وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن و بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت، گەنمی عەمبارکراو بەشی تا وەرزی دروێنەی ساڵی داهاتوو دەکات.
لەگەڵ نزیکبوونەوە له و وادەیەی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ترس لە داخستنی سنور و نەمانی خۆراک لای بەشێک لە هاوڵاتیان سەریهەڵداوە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکیشە به و هۆیەوە دەنگۆی گرانبوون خۆراک و شمەک سەریهەڵداوە، بەڵام وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن.
عەبدولڕەزاق چۆمانی، بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ماوەیەک پێش ئێستا چەند کەسێک بۆ مەبەستی بازرگانی خۆیان ئەو دەنگۆیەیان بڵاویانکردەوە کە سنوور لەسەر هەرێمی کوردستان دادەخرێت، کەلوپەل و خواردەمەنیەکانیش نامێنن.
وتیشی ئەو بازرگانانە ئەو دەنگۆیەیان بە دەرفەتزانی هەرچی کەلوپەل و خۆراکی بێ کوالێتی بوو خستیانە بازاڕ، بەداخەوە بەشێکی خەڵکیش کەوتنە ئه و هەڵەیەوە، دەستیان بە کڕینیان کرد. ئەوەشی وت، ئەوەی زۆر جێگای سەرسوڕمانە هاوڵاتی هەبووە پارەی قەرز کردووە بۆ کڕین و هەڵگرتنی خۆراک، بەڵام ئێستا پەشیمانە.
عەبدولڕەزاق چۆمانی، ڕونیشیکردەوە، وەک وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دڵنیایی دەدەین سنورەکان داناخرێن و تورکیا و ئێران ئەوەندە نائابورری نین سنورەکانیان دابخەن و ئابووری خۆیان بهەژێن، سەدان هەزار کرێکاری خۆیان بێکار بکەن، بۆیە با هاوڵاتیان دڵنیابن، نە سنوور دادەخرێت و نە گرانی دروستدەبێت.
وڵاتانی دراوسێ باری ئابوری خۆیان و ئه و قازانجە لەبەرچاودەگرن کە لە هەرێم بەدەستیدەهێنن، وەک ئەوەی بەرپرسێکی حکومی باسیدەکات.
دکتۆر خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتی لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک بۆ چەند ڕۆژێک وەزارەتێکی حکومەتی هەرێم بەهەر هۆکارێک بێت خواردەمەنی یان کەلوپەلێکی ئێرانی یان تورکی ڕادەگرت و قەدەغەی دەکرد ئەو وڵاتانە لەسەر ئاستی باڵا دەهاتنەدەنگ و سەردانی هەرێمیان دەکرد.
وتیشی هەر دوای قەدەغەکردنەکە هەر زوو شاندی باڵای ئەو دوو وڵاتە دەهاتنە هەرێمی کوردستان و کونسوڵەکانیان بەردەوام سەردانی وەزارەتی پەیوەندیداریان دەکرد، تا ڕێگە بە هاتنی کەلوپەلەکە بدرێتەوە، بۆیە با هاوڵاتیان دڵنیابن سنور داناخرێت.
بەڕێوەبەرە گشتییەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەشیدا، ئەگەر ئەوان بۆ کەلوپەلێک کە ڕێگری کاتی لە هاتنی کرابێت هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ، ئەی چۆن تورکیا ساڵانە 10 ملیار دۆلار و ئێرانیش ساڵانە پێنج ملیار دۆلار زیان لە ئابوری خۆیان دەدەن.
رەتکردنەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر، هەروەها لەلایەن بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا هۆکار بوو بۆ دروستبوونی ئه و مەترسییە.
بۆ ئەوەش ڕووکردنە کڕین و هەڵگرتنی گەنم لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەدیدەکرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانی دڵنیایی دەدات لە بوونی بڕی پێویست تا وەرزی دروێنەی داهاتوو.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی وت، چەندین دەنگۆ بڵاوبۆتەوە لەسەر ئەوەی گوایە گەنم نامێنیت و خەڵکیش دەستیکردووە بە کڕینی، بەڵام با هاوڵاتیان دڵنیابکەنەوە کە شتی وا ڕوونادات.
وتیشی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتەکانی تر ساڵانە ئامادەکاری خۆیان دەکەن، ئەمساڵیش گەنم لە سایلۆکان هەڵگیراوە، بە جۆرێک بۆ هەر کەسێک 9 کیلۆ ئارد لە مانگێکدا.
ئه و بەرپرسە جەختیشیکردەوە گەنمی هەڵگیراویش لە سایلۆکان زیاتر لە 500 هەزار تۆنە، ئەگەر تا یەک ساڵی تر بەکاریبهێنین تا ئەوکاتانە کە کاتی وەرگرتنی گەنم و بەرهەمی وەرزی دروێنەی دادیت کێشەی گەنممان نابێت.
30-07-2017