دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بەهۆی ململانێ سیاسییەکان و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، ماوەی سێ ساڵە گەنجان بە تایبەتی و هاووڵاتیانی کوردستان بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆچ دەکەن، قاچاخچییەکیش نرخ و ئەو هۆکاری گواستنەوانەش ئاشکرا دەکات کە هاووڵاتیان پێیدەچن بۆ ئەوروپا.
تائیستا هیچ ئامارێک نیە ڕێژەی کۆچکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا بەوردی دەربخات، سەرۆکی فدراسیۆنی پەنابەرانیش، دەڵێت حکومەتی هەرێم ئامارەکە دەشارێتەوە ڕێگە نادات بزانرێت چەند کەس کۆچی کردووە.
ئاری جەلال، سەرۆکی فدراسیۆنی پەنابەرانیش، دەشڵێت بەپێی ئامارێکی وەزارەتی گەشتییاریی تورکیا، لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 240 هەزار گەشتییار لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردوە، بە دڵنیاییش زۆرینەیان ناگەڕێنەوە هەرێم و بە شێوەی نایاسایی بۆ بولگاریا و یۆنان و ئیتاڵیا کۆچدەکەن، بۆیە ئەگەر لەو ڕێژەیە تەنیا سەدا 20ی کورد بێت، ڕێژەکە زۆر زۆر دەکات.
رونیشیکردەوە لە ساڵی 2014 لەدوای شەڕی داعش و قەیرانە دارایی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە سەرجەم چین و توێژەکان بەتایبەتیش گەنجان بە مەبەستی گەڕان بەدوای شوێنێکی ئارام و کۆچیان کرد، نزیکەی 300 گەنجیان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بە هەزارانیشیان هەڕەشەی ناردنەوەیان لەسەرە، بەشێکیشیان هاتوونەتەوە، ڕێژە زۆرەکەش لە چاوەڕوانی چارەنوسیاندان کە بەشێکیان تائێستا هیچ چارەنوسێکیان دیار نیە.
بەپێی پلەبەندی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ جۆری کۆچکردن هەیە، کۆچکردنی ئاسایی، بەو جۆرە کۆچکردنە دەوترێت کە مرۆڤ بەپێی ویستی خۆی و بێ هیچ فشارێکی سیاسی و مرۆیی ئەنجامی دەدات، وەک وڵاتانی بریتانیا، ئوسترالیا، ئیسپانیا و نیوزلەندا بۆ ئەمریکا بە پێچەوانەشەوە.
کۆچی دووەم کۆچکردنی نائاساییە کە ئەو جۆرە کۆچکردنەیە کە هاووڵاتیان بەبێ خواستی خۆیان کۆچدەکەن و ناچار دەکرێن کۆجبکەن کە هۆکارەکانی سیاسی و ئابووری و جەنگە، وەک بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و جەند وڵاتیکی تری ئاسیا بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ئەنجامی دەدەن.
کۆچی سێیەم، کۆچی ناچاری ئاساییە، ئەوەش کۆچی ئەو هاووڵاتیانەیە کە بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە ژینگەییەکان ئەنجام دەدرێت وەک ئەو وڵاتانەی ڕێژەی بیابان تیایدا زیاد دەکات یان دەبێتە سەهۆڵبەندان و یان سەوزایی و ژینگە و ئاو نامێنێت.
لەکوردستان کۆچی نائاساییە کە بەزۆر کۆجدەکەن، بەوەش قاچاخچییەکان بازاڕیان گەرمە بەڵام وەک ساڵانی 2015 و 2014 نییە، دەڵێن ئەوکات خەڵک پارەی هەبوو قەیرانی دارایی زۆر کاریگەری نەبوو، بەڵام ئێستا قەیرانەکە قووڵبۆتەوە، خەڵک پارەی نییە ئەگەرنا کۆچەکە زۆر فراوان دەبێت.
قاچاخچییەکیش دەڵێت ڕۆژانە نزیکەی 50 کەس پرسیاری ڕێگە و کرێی ڕۆیشتن و بڕی پارەکەم لێدەکەن کە بەچەند دەگەن بە یۆنان، بەڵام لەوانە ڕێژەیەکی کەم ئەو پارەیەیان هەیە.
کارزان، ماوەی نزیکەی 9 ساڵە کاری قاچاخچییەتی دەکات و بۆ دواڕۆژ دەڵێت هێندە خەڵکم بردووە بۆ ئەوروپا ژمارەکەی نازانم، بەڵام وازدەهێنم، چونکە چەند کەسێک بەهۆی هەڵەی منەوە گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئەوە ژیانە تاوانی من نیە، بەتەنیا خۆشیان هۆکارن کە ئامادەن هەمووشت بکەن بۆ ئەوەی لێرە دەربچن.
کارزان دواین وەجبە کەبردونی بۆ یۆنان 22ی مانگی تەموز بووە کە 28 کەس بوون کە 8 کەسیان خەڵکی سلێمانی و 6یان خەڵکی هەوڵێر و 4یان خەڵکی دەهۆک و دوانیشیان خەڵکی سۆران بوون و ئەوانی تریش عەرەب بوون.
ئەو قاجاخچییە دەڵێت ڕاستە ئێمە تۆڕێکی فراوانمان هەیە، بەڵام قاچاخچی کوردی زۆری تیایە، هەموو کات کوردەکان لای ئێمە قەدریان زیاترە و زۆر گوێ بە نەتەوەکانی تر نادەین، بمرن بگیرێن هەرچی ببێت.
لەبارەی ڕۆیشتن و نرخەکان و شێوازی کۆچەوە بۆ دواڕۆژ ئاشکرای دەکات، بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە دەریا 5500 دۆلار واتا 55 وەرەقە و بە وشکانی 6500 دۆلار واتا 65 وەرەقە، هەروەها بە پاسپۆرت بۆ وڵاتان لەرێگای ڤیزاوە نرخەکەی لە نێوان 95 وەرەقە بۆ 200 وەرەقە هەیە، هاوینان ڕێگەی پیادە زیاتر خواستی لەسەرە نەک دەریایی.
لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆی دەڵێت من ڕەگەزنامەی وڵاتی هۆڵەندام هەیە، 17 ساڵە لەو وڵاتە دەژیم، بەڵام نزیکەی 9 ساڵە بومەتە قاچاخچی نێوان تورکیا و یۆنان، لەڕێی هاوڕێیەکمەوە دەستمپێکرد کە خەڵکی تورکیایە، هۆکاری بوونم بە قاچاخچی تەنیا پارە بوو.
دەڵێت پارەم دەستکەوتووە و ئێستا خانویەکم لە هۆڵەندا و یەکێکم لە سلێمانی هەیە، دوو دوکانیش لە هەولێر وە پارەی کاشم لە بانەکەکان هەیە.
ئەو قاچاخچییە 41 ساڵەیە، ڕونیدەکاتەوە، من خێزانم نیە ئێستا خەریکم مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزای کەنەدا دەکەم بۆ ئەوەی بڕۆمە ئەوێ و دەمەوێت بڕۆم و لەوێ بژیم، واز لەم کارەی ئێستام بهێنم، چونکە ویژدانم ئازارم دەدات ساڵی ڕابردوو زۆر ئازارم چەشت بە مردنی 25 کەس.
زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە دەڵێت ساڵی 2016 یەختێکی 25 کەسیمان بەڕێکرد لە کاتژمیر 12ی شەودا من سەرپەرشتیم دەکرد، بەڵام لە دەریای ئیجەدا نوقم بوو سەرجەم سەرنشینەکان خنکان 2 کەسیشیان کوردی باشوری کوردستان بوون.
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەماوەی 28 ساڵی ڕابردوودا 3 کاروانی گەورەی کۆچی نائاساییان ئەنجامداوە کە یەکەمیان ساڵانی (1991 تا 2003) بەهۆی ناهەمواری باری ئابووری و شەڕی ناوخۆ و گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق و گەمارۆی ڕژێمی بەعس لەسەر کوردستان، هەروەها قۆناغی دووەم لە 2003 تاکو 2007 بوو هەروەها دواین کۆچکردنی نائاساییش ساڵی (2014) بوو.
02-08-2017