دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی #هەولێر# ئامارەکانی ڕۆژانی جەژنیان ڕاگەیاند و تیایدا لەماوەی چوار ڕۆژی #جەژنی قوربان#دا دوو حاڵەتی کوشتن و پێنج حاڵەتی شەڕ هەبوون، هەروەها بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە 29 کەس بریندارن و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕٶ چوارشەممە 6ی ئەیلول بۆ هەریەک لە هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیس و فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆ ڕێکخرا، هێمایان بۆ ئەوەکرد، ئامارەکانی ڕۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵ بەراوارد بە ساڵانی ڕابردوو کەمتربووە لەگەڵ ئەوەی هاتنی ڕێژەی زۆری گەشتیاران بەئۆتۆمبێلی خۆیان بووە و پلانەکانیشیان سەرکەوتوو بووە.
هۆگر عزیز لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەوەی خستەڕوو ئەو گەشتیارانەی ڕویان لە شاری هەولێر کردوە زیاتر لە 90 هەزار کەس بوون قەرەباڵغی زۆر دروستبوو، بەڵام هیچ کێشەیەکی وا دروست نەبوو کە سەرچاوەکەی گەشتیاران بن بەڵکو لەماوەی ڕۆژانی جەژندا تەنیا 5 حاڵەتی شەڕ و 2 حاڵەتی کوشتن هەبوون.
هۆگر عەزیز وتیشی حاڵەتەکانی شەڕکردن کوژراوێکی لێکەوتۆتەوە کوژراوەکەی تریش بەهۆی توندوتیژی خێزانی بووە.
هەر لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لەماوەی ڕۆژانی جەژندا 5 ڕووداو ڕویانداوە کە زیاتر ڕووداوەکان لە شەودا بوون کە 3 ڕووداو لەشەودا و 2یان لە ڕۆژدا و بەهۆیەوە 5 حاڵەتی مردن و 29 حاڵەتی برینداربوونی لێکەوتەوە.
فازڵ حاجی ئەوەشی خستەڕوو لە ڕووداوەکاندا تەنیا 12 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون ئەوانی تر خەڵکی دەرەوەی هەرێم بوون، بەتەنیا لە ڕووداوێکدا مینی پاسی گەشتیاران لەسەر ڕێگەی مەسیف وەرگەڕا و بەهۆیەوە 13 کەس برینداربوون.
هەر لەکۆنگرە ڕژنامەوانییە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوەدرا، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی ڕووداوەکان کەمتربووە لەکاتێکدا گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتبوونە هەرێمی کوردستان.[1]
06-09-2017