دوو ساڵ لەمەوبەر، مام و مامۆستا و ڕابەرمان بەرواری 03-10-2017 #مام جەلال# ماڵئاوایی لێکردین. ماڵئاوایی مام جەلال، بە تەنها بۆ ئێمەمانان کۆستێکی گەورە نەبوو، بەڵکو کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە، بۆ کوردایەتی و عێراق و ناوچەکە مایەی پەژارەیەکی سەرتاسەری بوو.
مام جەلال، وێڕای ئەوەی ڕێبەرێکی پشوودرێژی کوردایەتی نوێخوازبوو، لە هەمان کاتدا، لە سەر ئاستی عێراق سەرکردەیەکی ئازا و دیموکراتخواز بوو، سەرکردەیەک لە مێژووی زێڕینی خۆیدا، وێڕای ئەوەی بە ڕەوایەتی زۆرەوە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانی دەکرد، لە هەمانکاتدا، لەناو شۆڕشی نوێی چیاکانی کوردستاندا، توانی بناغەی هاوپەیمانی و هاوخەباتییەکی مێژوویی پتەو لەگەڵ ئازادیخوازانی عێراق و سەرکردە و هێزە ڕەسەکانی لە دژی زوڵم و دکتاتۆریەت بەرپابکات. کە سەرئەنجام ئەم ڕۆژ و ڕۆژگارانە جیاوازانەی کوردستان و عێراقی ئازادی دوای تاکڕەوی لێکەوتەوە.
ژیانی مام جەلال، ژیانی ڕێبەرێکی ناوازەی زیاتر لە نیو سەدەی پڕ لە سەروەری و دەستکەوت و شانازییە، بۆ کوردستان ئەو هەر سەرکردە دیارەکەی ئەوسای پارتی و هەر ڕێبەرە بوێرەکەی شۆڕشی ئەیلول و هەر دامەزرێنەری یەکێتی و شۆڕشی نوێی کوردستان نیە، بەڵکو ئەندازیاری گۆڕانکاریە گەورە و ڕیشەییەکان بوو، ئەو گۆڕانکاریانەی ئەو بە دوور بینیەکی زۆرەوە پێشبینی پێشهاتەکانی تیاکرد و لە سایەیدا دەرفەتە گەورەکان بۆ کوردستان ڕەخسان و ئەزموونی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. هەروەک چۆن بۆ یەکەمجار لە مێژووی خوێناویی و پڕ جیاوازی نەتەوەیی و ئەتنی عێراقدا، دەرفەتی ئەوە بۆ کورد ڕەخسا دوای ئەنفال و جینۆساید و #هەڵەبجە# بە هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتی کوردێک، شۆڕشگێڕێک، پێشمەرگەیەک، سیاسیەکی خاکی و خاوێن بکات بە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی خۆی.
یادەوەری و ناوی مام جەلال، ناوێکە بۆ هەردەم تێکەڵە بە زیاتر لە نیو سەدەی خەباتی بێوچان، تێکەڵە بە خەباتی شێلگیرانەی سەردەمە هەرە سەختەکان، تێکەڵە بە مێژوویی زێڕینی قوربانیدان و بەدیهاتنی دەستکەوتە مەزنەکان. ناوی مام جەلال ناوێکە تێکەڵە بە بوێری، تێکەڵە بە پێداگری و پشوودرێژی، تێکەڵە بە حیکمەت و ڕێگەچارە جوان و نایابەکان. ناوێکە مێژوو وەک سیمبوڵێک لەناو بزوتنەوەی کوردایەتی و جوڵانەوەی نیشتیمانی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلاندا، بۆ هەمیشە لە لاپەڕە پڕشنگدارەکانی خۆیدا بە شانازی وەک تۆمارێکی زێڕینی نەمر دەیهڵێتەوە.
ئێستاش دوای دوو ساڵ بۆ من کە سەرنج لە کۆچی دوایی مام و مامۆستا و ڕابەرم دەدەمەوە، لە هەرکات زیاتر دەزانم من چ فێرکارێکی گەورەم لە دەستچوو، دەزانم چ پاڵپشت و پشتیوانێکی کەم وێنەم لە پەرۆشی و دەستگرۆیی و دڵسۆزی لە دەستداوە، فێرکارێک، کە هەموو خەسڵەتە جوانەکان مامۆستایەتی و پەرۆشیەک کە هەموو نۆرمە جوانەکانی دڵسۆزی باوکانەی بەدەر لە دڵڕەقیەکانی ناو سیاسەت تیادا کۆببوەوە. بۆیە پڕ بە دڵ دەڵێم بیرت دەکەم مامە گیان، دڵنیابە درێژە بەڕێگا و ڕێبازەکەت دەدەین، خواستە گەورە بەدینەهاتووەکانت، لەناو یەکێتی و کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بەدیدەهێنین.[1]
دکتۆر #بەرهەم ساڵح#