ئایە ناوێکی نوێیە و بە بچوکترین کچە کوردی ئێزیدیی ڕزگاربووی دەستی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی #داعش# دەناسرێت، لە خانەیەکی بێسەرپەرشتانی کەربەلا دۆزرایەوە و ڕۆژی یەکشەمە 20-09-2020 وەزیری کۆچبەرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لێ کرد.
ئەم منداڵە ئێزیدیە کە لە کەربەلا هاوشێوەی منداڵانی موسڵمانی شیعە، جلوبەرگ و لەچکی لەسەر نراوە، لەو کاتەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەر #شنگال#دا گرت، کەسوکاری خۆی لەدەست داوە.
وەزارەتی کۆچ لەمبارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کچە کوردە ئێزیدییەکە تەمەنی تەنها 11 ساڵە، گوزارشتێکی ڕوونە لە دڕندەیی و تاوانکاریی چەکدارانی داعش، کە منداڵێکی وا بچوکیشیان کردووەتە قوربانی هەڵمەتی لەناوبردنی کوردانی ئێزیدی.
بەیاننامەکە ئاماژەشی بەوە کردووە کە وەزیری کۆچی عێراق لە مووچەی تایبەتی خۆی، مووچەیەکی بۆ کچە منداڵە ئێزیدییەکە بڕیوەتەوە، بۆ ئەوەی لە خانەی بێسەرپەرشتانی کەربەلا خەرجییەکانی خۆی پێدابین بکات.[1]