وەک کەڵەشێری ناوەخت وایە
ئەم ئیدیۆمە بۆ کەسێک بەکاردێت، کە هەموو ئیشێکی لە ناوختدا بێت و لە کاتی خۆیدا کارەکانی جێبەجێ نەکات، بۆی هەیە ئەم جۆرە کردەوانەش زیانی پێ بگەیەنێت. لەم ئیدیۆمەدا، سود لە بیرۆکەی (کەڵەشێر) وەرگیراوە، کەوا باوە بەیانیان زوو لە کاتێکی دیاریکراودا دەخوێنێت، بەڵام ئەگەر کەڵەشێر لە ناوەختدا خوێندی، نیشانەی شومییە و لەوانەیە، سەری یەکێک بخوات، یان کارەساتێک ڕوو بدات، بۆیە یەکسەر ئه و کەڵەشێرە سەردەبڕن و دەیکەنە بەڵاگێڕی ئه و ماڵە، بە تایبەتی خاوەن و گەورەی خێزانەکە، جا له و کاتەدا، دەگوترێت: کەڵەشێر لە ناوەختدا بخوێنێت، سەری خۆی دەخوات.
هەروەها هەر لەسەر کەڵەشێر، یان کەڵەباب، لە هەندێ شێوەزاری دیکەدا، ئیدیۆمی دیکەش هەیە، وەک:
پیاو کەڵەبابە لەسەر ژنێ حیسابە.
وەک کەڵەشێری سەر بارە دارە.
ئەگەر کەڵەشێرش نەبێت، خوا ڕۆژی خۆی هەر دەکاتەوە. [1]