#عەبدولڕەحمان سدیق#
هەرێمی (ئەلزاس) و (لۆرین) لە هەردوو ناوچەی (ئەلزاس) و (لۆرین) پێکدێت کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی فەرەنساوە، بە درێژایی سنووری نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ڕۆژهەڵاتەوەو لەگەڵ سنووری لۆکسۆمبۆرگ و بەلجیکاش لە باکوورەوە.
ئەلزاس و لۆرین بۆ چەندین سەدە کێشەی نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا بووە، دواتر ئەڵمانیا دەستی بەسەردا گرت هەتا ساڵی 1918، کە لەو ساڵەدا فەرەنسا گێڕایەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام جارێکی دی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لەساڵانی نێوان 1939 بۆ 1945 دەستی بەسەردا گرتەوە، بەڵام بە ڕووخانی ئەڵمانیا لە کۆتایی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا کەوتەوە دەستی فەرەنسا هەتا ئەمڕۆ.
شاعیری نەتەوەیی کوردعەبدولخالق #ئەسیری# کە لە ساڵی 1890ی زایینی لە شاری #کەرکووک# لە بنەماڵەیەکی زانستدۆست و ئایینپەروەر لەدایکبووە و بۆ خوێندنی مەلایەتیش زۆر لەشارەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کردووە، دواجار هەر لە کەرکووک لەلای مامۆستا مەلا عەلی حیکمەت سیامەنسووری ئیجازەی زانستی وەردەگرێت.
ئەسیری لە ساڵی 1920دا دەچێتە ئیستانبوڵ و هەر لەوێش چاوی بە نەجمەدین ئەفەندی برای و شێخ عەبدولقادر شەمزینی دەکەوێت و لەوانیشەوە ئاشنای خەباتی کوردایەتی و نەتەوایەتی دەبێت و دواتریش لە ساڵی 1921دا دەگەڕێتەوە کەرکووک و دەست دەکات بە هۆنینەوەی شیعرو هۆنراوەی نەتەوەیی و کوردایەتی.
ئەسیری شاعیر لە 18ی حوزەیرانی ساڵی 1962داو لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و لەگۆڕستانی شێخ محێدینی شاری کەرکووک بەخاکی کوردستان دەسپێردرێت
بەهەستی نەتەوایەتی بەرزی خۆی، ئەسیری شاعیر لەو سەردەمەدا، لەبیری ئەوەدا بووە کە دەبێت کورد هەمیشە لەخەمی پاراستنی کەرکووک و کفری و ناوچەکانی دیکەی کوردنشین بێت و هەمیشەش هەوڵی گێڕانەوەو بەستنەوەیان بدات بە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە، بۆیە لە هۆنراوەیەکی زۆر جواندا، کەرکووک بە ئەلزاس دەچوێنێت و کفریش بە لۆرین، کاتێک دەڵێت:
کەرکووک (ئەلزاس)ە و کفری (لۆرین)ە
لێرەوە بۆ ئێمەی کوردستانییانی ئەم سەردەمەو بۆ نەوەی نوێی ئەمڕۆمان، بووژاندنەوەی ئەم هەستە نەتەوەیی و نیشتمانییە چەندە گرنگە، کە (ئەسیری)ی شاعیر و دەرچووی حوجرەی مەلایەتی و سەر بە ڕێبازی نەقشبەندی چەند جوان هەستی نەتەوایەتی و ئایینپەروەری تێکەڵ بە یەکدی کردووەو لە بۆتەی نیشتمانی کوردستاندا کۆیکردوونەتەوە.
ئەم ڕێبازە جوانەی پێشینانمان پێمان دەڵێت کە ئێمەش وەک هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم زەمینە، مافی سرووشتی و خواپێداوی خۆمانە خاک و نیشتمان و زێدی باب و باپیرانی خۆمان خۆش بوێت، بەتایبەتی کوردستانی ئێمە کە وێڕای ئەوەی جگە لەخۆمان خەڵکان و گەڕیدەو پسپۆڕ و مێژوونووسانێکی زۆر، شایەدیی ئەوەی بۆ دەدەن کە خاوەنی زۆر سیفات و تایبەتمەندێتی جۆراوجۆرو کەم وێنەیە، خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بۆ شوێنی بەرچاو و هەڵکەوتووی کوردستان دەکات وەک خاکێکی پڕ خێر و بەرەکەتی نەبڕاوە کە شایانی ئەوە بوو، ببێتە شوێنی نەجات بوون و لانکەی دووەمی مرۆڤایەتی لەدوای تۆفانی سەردەمی (نوح)ەوە – علیە السلام- تا کۆتایی ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە، بۆیە کوردستان لەو ڕۆژەوە لە ڕوانگەی بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بەسەر ئەم گۆی زەوییەدا، بووەتە سەنتەری دیمۆگرافیاو چەقی بازنەی ژیانی مرۆڤایەتی.
(ئەسیری) لەگەڵ ڕووداوەکانی جیهاندا ژیاوەو ئاگای لە گۆڕانکارییەکانی دنیاش بووە، بەڵام هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بووە کە ڕێڕەوی ڕووداوەکان بە ئاڕاستەی سەربەستی بۆ کورد و سەربەخۆیی بۆ کوردستان بوونایە بە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەریەوە.
لە ئەمڕۆدا کە شەڕی ماددەکانی دەستوور دەکەین، سڵاو لەگیانی پاکی (ئەسیری) کە زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆڕستانی شێخ محێدینی شاری کەرکووکەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ کوردستان دەکات.[1]