نوسینی: #ئاراس ئیلنجاغی#
هەنگاو کە بڵاوکراوەیەکی گشتی ڕۆشنبیری بوو، کۆمەڵێک لاوی حزبی #زەحمەتکێشان#ی کوردستان، لە تشرینی دووەمی 1999ەوە لەشارۆچکەی #تەقتەق# دەریان دەچواند، لەماوەی ساڵێکی تەمەنی تەنها(10)ژمارەی لێ هاتۆتە وەشاندن، وبەندەش لەژمارە(7)ی ئەم بڵاوکراوەیە بۆیەکەمجار سەرەتای چوونە بواری ڕۆژنامەگەریم دەستی پێکرد وبابەتێکیان بۆ بڵاوکردمەوە بەناونیشانی(تورک وسیاسەتی بەئاو کردنی کوردستان) هەڵبەت بەجۆرێک لەشەرمەوە بابەتەکەم بەناوی(أ-ئیلنجاغی) ناردبوو، بەڵام کە ستافی بڵاوکراوەکە لەلاپەرە(2)ی ژمارە(7و8)ی هەنگاودا بەبایەخەوە بڵاویانکردووە، دواتر لەژمارە(9)شدا بابەتی(کورتە باسێکی مێژووی پرۆژەی نەوتی شیواشۆک)م بڵاو بۆوەولەدوا ژمارەشدا بابەتی(ڕاوەماسی لەشارۆچکەی تەقتەق)م بڵاوکردەوە ئیتر هەنگاو بووە هەنگاوی یەکەمی تاودانی قەڵەمم لە بواری ڕۆژنامەنوسی، دوای ئەوەی ژمارە(10)ی هەنگاو لە(گەڵارێزانی 2700کوردی بەرامبەر تشرینی یەکەمی 2000زاینی) بووە دوا ژمارەی هەنگاو، بەرێوەبەرایەتی ناحیەی تەقتەق بڵاوکراویەکی هاوشێوەی(هەنگاو)ی لەمانگی(سەرماوەرزی 2700کوردی بەرامبەر تشرینی دووەمی 2000زایینی) بەناوی(تەقتەق)دەرکردو بەندە بووە دەستەی نوسەرانی مانگنامەی(تەقتەق)، لەو ڕووەوە کە هەنگاو وێستگەی بەرایی چوونە دونیای ڕۆژنامەگەری بەندەیە بەپێویستی دەزانم بە(قەدر)گرنەوە لێی بڕوانم و چەند پەیڤێک و هەڵسەنگاندێکی بۆ بکەم:
یەکەم: لەڕووی ژانەرەکانی ڕۆژنامەنوسیەوە(هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵ و ڕیپۆرتاژو چاوپێکەوتن و بیروڕاو وتەنزو چاڵاکی ئەدەبی و جۆراوجۆر وبابەتی هەمەڕەنگ ومێژوویی و کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابوری و فکری) کەم تازۆر بەکرچ وکاڵیش-ەوە بێ، هەنگاو لێی بێ بەش نەبوو.
دووەم: لەڕووی دیزاین و نەخشەسازیشەوە پڕ لەگۆڕان وگۆڕانکاری بوو، (4)ژمارەی یەکەمی دەستنوس بوو، لاپەڕەکانی تاژمارە(3)تەنها(4لاپەڕەی ئەی فۆری دەستنوس)ولەژمارە(4-5)دا بووە(6)لاپەڕەی ئەی فۆڕ، بەڵام لەژمارە(5)ەوە کرا بە پیتچنین(تایپ) خۆی لەدەستنوسی ڕزگارکرد، بەڵام لە تایپیش تا ژمارە(6)ئینجا دوولاپەڕەی بۆ زیادکراو بووە(8)لاپەڕەی ئەی فۆڕ.
سێیەم: لەڕووی ساڵنامەی بەکارهاتوودا بۆ کاتی بڵاوکردنەوەی ژمارەکان سەرەتا پشتی بەمانگەکانی ساڵی زاینی بەستووە ولەژمارە(7)ەوە تاکۆتایی پشتی بەمانگەکانی ساڵی کوردی بەستووە تادوا ژمارەی هەنگاو.
چوارەم: نەتوانراوە خاسیەتی مانگانەیی خۆی بپارێزێت و هەندێ جار بووە بە وەرزی بۆنمونە لەنێوان(کانونی یەکەم وشوبات)کانونی دووەم هەیە ژمارەی لێ بڵاونەکراوەتەوە، لەنێوان(ئازار و ئایار) نیسان هەیە بێ بڵاوکراوەکەیە، هەروەها لەساڵنامە کوردییەکە لەنێوان مانگی(پوشپەڕ وگەڵاوێژ) خەرمانان بێ بەش بووە لەبڵاوکراوەکە، وە لەماوەی ساڵێکی تەمەنی تەنها(10)ژمارەی وەشێنراوە، گەڵاڕێزانی 2700ی کوردی بەرامبەرتشرینی یەکەمی 2000زاینی) بووە بەپایزی ڕاستەقینەی بلاوکراوەکە وچیتر نەهاتۆتە وەشاندن.
پێنجەم: هەندێ بابەتی تازەی سەبارەت بەو کات جوڵاندووە وەک لە ژمارە(1)ی تشرینی دووەمی 1999داوای گۆڕینی سیستەمی پەروەردە دەکات لە کوردستان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ئەو گۆڕانکارییەی ئەنجامدا، وەداوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی کردووە لەژمارە(2)، هەروەها بۆ تەقتەقیش باس لەگرنگی ناوەندی ڕۆشنبیری تەقتەق دەکات لەژمارە(3)ی شوباتی2000، ئەو ناوەندە ڕۆشنبیریەش لەساڵی 2004 لەتەقتەق هاتە دامەزراندن، هەروەها داوای کردنەوەی کتێبخانەی گشتی کردووە لەژمارە(4)ی ئازاری 2000، ئەمەو چەندین بابەتی وەک ناڕەزایی و تەنز ئامێزو وێژەیی لەو بڵاڤۆکە بڵاودەکرانەوە.
هەنگاو وەک بڵاوکراوەیەکی شارۆچکەکەم ڕۆڵی هەبوو لەپێگەیاندنی چەندین گەنج ولاوی ئەو سەردەم وەک(شوان محەمەد و فەخرەدین قەرەناوی و سیروان کانی لەلەیی و دڵشاد تاڵەبانی وبەندە)، بۆیە هەنگاو هەمیشە جێگەی ڕێزم دەبێت.