یەکەم شارەدێی شارۆچکەی #کۆیە#یە، بەدووری (23)کیلۆمەتر لە باشووری شارۆچکەکە لەکەناری لای ڕاستی (زێی بچووک) هەڵکەوتووە، کە وەک دیاردەیەکی سرووشتی لە شارەدێی (#شوان#) و شارەدێی (#ئاغجەلەر#)ی شارۆچکەی #چەمچەماڵ#ی جیادەکاتەوە، لەوپەڕی باشووری خۆرهەڵاتی پارێزگای #هەولێر#ە بەدووری (58)کیلۆمەتر، لە باکووریدا شارەدێی (ناوەند)ی شارۆچکەی کۆیە و لەخۆرهەڵاتی شارەدێی (#ئاشتی#)و لەخۆراوای شارەدێی (#سێگردکان#) و لە باکووری خۆراوایی شارەدێی (شۆڕش)سنووری داوە، #تەقتەق# خاڵی بەیەکگەیاندنی هەرسێ پارێزگای #کەرکووک# و هەولێر و#سلێمانی#-یە.
37 فەرمانگەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری و کارگێڕی و 22 قوتابخانە و خوێندنگەی بنەڕەتی و ئامادەیی و باخچەی ساوایانی تێدایە، لەگرنگترین فەرمانگەکانی (بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ و سەرۆکایەتی شارەوانی و فەرمانگەی ئاو و دابەشکردنی کارەبا و خانەی داد و دادنووس و بانک و تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرە و نەخۆشخانەی تایپ ئەی 50 قەڕەوێلەیی و...تاد).
تێکرایی سنووری شارەدێکە لەمڕۆدا 474 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و 22 گوندی بەسەرەوەیە.
$ناوی تەقتەق لەچییەوە هاتووە؟$
دوو بیروبۆچوونی سەرەکی لەسەر ناوی تەقتەق هەیە:
یەکەم: دانیشتووانی ڕەسەنی شارۆچکەکە دەڵێن لە (تاکتاک) ماڵەوە هاتووە، واتە تاق تاق لێرە و لەوێ هاتوون و نیشتەجێبوون.
دووەم: بیروای دووەم پێی وایە تەقتەق ناوێکی سرووشتییە و پەیوەستە بەخاک-ی ناوچەکە، کە زەوییەکی بن بەرد و ڕەقە، و وشەی تەقتەق لە زمانی کوردی واتە (زەوی بەردینە) هەریەک لە (#جەمال بابان#) لە پەرتووکی (#ناوی شارەکانی عێراق#) و (#ئاراس ئیلنجاغی#) لە پەرتووکی (#تەقتەق، پەلکەزێڕینەی کەنار زێی بچووک#) پەسەندی ئەم بیروبۆچوونەیان کردووە، وەک شاعیری مەزن (#گۆران#) لە دێرە شیعرێکی وەسفی سرووشتی هەورامان دەڵێت:
ناو ڕێگا (تەق تەق) لا ڕێ بەردی زل
کە هێشتا گەردوون پێی نەداوە تل
$مێژووی تەقتەق و یەکە کارگێڕییەکەی$
مێژووی شارۆچکەی تەقتەق وەک ئاوایی و ئاوەدانی مێژووەکی کۆنی هەیە و بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم (1600)زایینی دەگەڕێتەوە، چونکە تەقتەقی ئەمڕۆ بەسێ قۆناغی جیاجیاوە تێپەڕی کردووە، یەکەم قۆناغی لە گوندی (کوچک نەخشینە)ەوە بووە، دووەم قۆناغی لە گوندی (کەڵەکچن)ەو ئینجا سێیەم قۆناغی (تەقتەق)ی ئەمڕۆیە و سەرچاوە لەو ڕووەوە کەم بەدەست دەکەوێت تەنیا گۆتە و گێڕانەوەی پشتاو وپشتە.
سەبارەت بە مێژووی یەکەی کارگێڕی لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم (1850-1900)، فەرمانگەی (ڕێژە)ی کۆکردنەوەی باج وسەرانەی عوسمانییەکان و بنکەی جەندرمە و زەفتییەی لێبووە، چونکە لەکۆنەوە ناوچەیەکی ترانزێت بووە بۆ بەروبوومەکانی #پشدەر# و #بیتوێن# و کۆیە و هەولێر لە ڕێگەی ئاوی زێی بچووکەوە بۆ کەرکووک و #بەغدا# گوازراونەتەوە لە ڕێگەی دوبەوقەیاغەوە، دوای هاتنی ئینگلیز ساڵی 1918 بایەخی (تەقتەق) لە ڕووی کارگێڕییەوە زیادیکردووە بەتایبەت دوای ڕاپۆرتە کارگێڕییەکانی ناوچەکانی کەرکووک لەنێوان ساڵانی (1918-1919) کە لەلایەن یارمەتیدەرانی ئەفسەرە سیاسییەکانەوە کە بەحاکمی مەدەنی ناسرابوون، پێشکەش دەکران، (کاپیتان های) حاکمی مەدەنی هەولێر لە #15-12-1918# گەیشتۆتە کۆیە و (حەماغای گەورەی غەفووری) کردووە بە قائیمقامی کۆیە و (عەبدوڵڵا ئاغای حەوێزی) کردووە بە بەڕێوەبەری شارەدێی تەقتەق.
تاوەکوو #02-10-1986# وەک یەکەی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ بووە و لەو بەروارە بە بڕیارێکی سیاسی پارێزگای هەولێر کراوەتەوە بەگوند بەناوی (گوندی عەزیزیە)، تا دوای ڕاپەڕینی 1991 و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم هەربە گوندێکی ئیداری مایەوە تا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی ژمارە (1/1/3/415)ی #20-06-1995# کرایەوە بە بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ و (کاکەخان نەسرەدین ئەمین) بووە یەکەم بەڕێوەبەری شارەدێی تەقتەقی حکومەتی هەرێم.
$هەڵکەوتەی جوگرافیای تەقتەق$
1-شوێنی گەردونی و ئاو و هەوای تەقتەق
دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی (35-36)پلەی باکووری نیوەگۆی زەوی و نێو هێلی درێژی (44_45)ڕۆژهەڵاتی زەوی، هەرچەندە بەشێکە لەتێکرای ئاووهەوای ناوچەکە، کە ئاووهەوای هەرێمی دەریای ناوەڕاستە، بەڵام ئەوشوێنە گەردونییەی تەقتەق لە هەرێمی کوردستاندا ئاووهەوایەکی ڕاگوێزراوی نێوان گەرمێن و کوێستانی پێبەخشیووە، لە ناوچەی بارانی نیمچە مسۆگەردایە و باران بارینی ساڵانەی لەنێوان (200-500)ملم دایە، هاوینی گەرم و وشکەو زستانیشی فێنک وباراناوییە.
2-تۆبۆگرافیای تەقتەق
پێکهاتەی ڕووی تەقتەق کەوتووەتە ناوچەی زورگانەوە، 60%ی ڕووبەرەکەی گردۆلکە و زورگانە و38%دەشتی زێکردی کەناریەو2%شاخاوییە، سنووری شارەدێکە بەهێلی کانتۆری بەرزییەکەی (350-750)مەتر لەئاستی دەریاوە بەرزە و بەرزترین لوتکە چیای (تەکەڵتو)ە کە 810مەتربەرزە و دواترچیای (گۆرقەرەج)ی زێدی گەورەشاعیری کورد (حاجی قادری کۆیی)یە بەدووری (3)کیلۆمەتر لەخۆراوای تەقتەق بەبەرزی (710)مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە، هەروەها هەردوو بانۆکەی (تاڵەبانی گەورە وئیلنجاغی گەورە) لە باکووری خۆراوای تەقتەق-ە کە بەرزیان لەنێوان (400-500)مەترە لە ڕووی دەریاوە بەهەزاران دۆنمی دێمەکاری پشتاودەبن و لە باکووری خۆراوادا هەردوو ڕووبارۆچکەی وەرزی (کۆیە)و (داربەسەر)پێدا گوزەردەکات و لەنێوانی گوندی (کانی لەلە)وگوندی (ئۆمەرگومبەت)دەرژێنە زێی بچووکەوە، جگە لەگوزەرکردنی زێی بچووک لە باشووریدا و بەهۆشیەوە هەزاران دۆنمی دەشتی زێکردی درووستکردووە کەسەرچاوەی کشتیاری وبژێوی دانیشتووانی سنوورەکەیە.
$باری ئابووری تەقتەق$
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی #وەزارەتی پەروەردە#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی یونسێف لەمایسی 2001 ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی تەقتەق و گوندەکانی دەوروبەری (24254)کەس بووە، بەداخەوە ئامارێکی تازە لەسەر ئەو شارۆچکەیە نییە سەبارەت بەتوانا مرۆییەکانی شارۆچکەکە لە ئێستادا، بەڵام لە بواری ئابوورییەکانی تری وەک سامانی ئاژەڵی و بەروبوومی کشتوکاڵی نزیکەی 10 هەزار سەر مەر و بزن و نزیکەی 3 هەزار ڕەشەولاخی تێدا بەخێودەکرێت و 74 حەوزی بەخێوکردنی ماسی و 34 پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەری تێدایە، هەروەها لەکەرتە کشتوکاڵییەکاندا لەبەراوەکاندا ساڵانە زیاتر لە 1000 تۆن سەزەواتی زستانە و هاوینەی وەک تەماتە و خەیار و کود و بامیە و بیبەر و شوتی و کاڵەگ بەرهەم دەهێنرێت، جگە لەبەرهەمهێنانی دانەوێلەی گەنم و جۆ لە زەوییە پشتاوەکانی سنوورەکە، هەروەها میوەکانی هەنار و هەنجیر و قەیسی وترێ و مزەرەمەنی لەسنوورەکە ڕەزوباخیان هەیە و جگە لەدارستانە چێنراوەکانی بەشی ڕەزگەری و دارستانی هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق.
سەبارەت بەرووەکی سرووشتی بەهۆی زێی بچووکەوە هەزاران دۆنمی کەناراوی بووە بەلێرەوار و بێشەلان و دارستانی چڕی داربی و پەرک و توتڕک و گەز، و لە ناوچە زورگان و چیایەکانی گۆرقەرەج و تەکەڵتو و درەختیلەی وەک داربەلالوک و گێوژ و مۆرد و ترش، هەروەها پوش و پەلاش و پاوانی پاوانەکانی سنوورەکە گرنگترین درخت و پۆشاکی ڕووەکی سنوورەکەن.
سامانە سرووشتییەکانی تەقتەق ئەوەی تا ئێستا پەیپێ براوە بریتییە لەسامانی کانزای نەوت و گازی سرووشتی و کەرەستەی خانوبەرەی غەساڵەکانی کەنار زێی بچووک و ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی کەبنەمای سەرەکین بۆ پیشەسازی و گەشەکردنی لەداهاتوودا.
$باری کۆمەڵایەتی و ئایینی تەقتەق$
لە شارۆچکەی تەقتەق دانیشتووانەکەی هەمووی موسڵمانن و لەسەرمەزهەبی ئیمامی شافعین ولە6گەڕەکی شارۆچکەکەدا 8مزگەوتی تێدایە، لە ساڵی 2001ژمارەی دانیشتووانەکەی (24254)کەس بووە و ژمارەی نێر تەنیا (4)کەس لەژمارەی مێ کەمتربووە، ژمارەی نێر (12125)کەس بووە و ژمارەی مێ-ش (12129)کەس بووە، ژمارەی دانیشتووانی شاریش زۆرتربووە لە گوندنشینانی، چەقی تەقتەق (15001)کەس بووە وگوندنشینانی (9253)کەس بووە.
$پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی تەقتەق$
لەگەڵ گەڕانەوەی بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی تەقتەق لە ساڵی 1995ەوە تا 2012 بەسەدان پڕۆژەی جۆراوجۆر خزمەتگوزاری لە شارەدێکە بوونیاتنراوە، هەر لە ماوەی نێوان ساڵانی (2000-2012) زیاتر لە 18 فەرمانگەی نوێ لە شارۆچکەکە کراوەتەوە وەک (تاپۆ و بانک و دادگا و دارایی و گواستنەوە و پەرتووکخانە و چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەی ڕۆشنبیری منداڵان و هۆلی سیمنار و کۆبوونەوە و بنکەکانی پۆلیسی هاتوچۆ و دارستان و بەرگری شارستانی و مەڵبەندی لاوان و ڕۆشنبیری و نەخۆشخانەی 50 قەرەوێڵەیی و...تاد).وە هەروەها لە بواری گەشت و گوزارەوە گازینۆی گەشتیاری تەقتەق و کۆرنیشی کەنار زێی بچووک و لە بواری دابەشکردنی کارەبا وێستگەیەکی 11/33 کەی ڤی 32 مێگاواتی تێدا درووستکراوە.
11 قوتابخانەی بنەڕەتی و 5 ئامادەیی و 4 خوێندنگەی ئێواران و 2 باخچەی ساوایانی تێدایە و لە ساڵی خوێندنی 2011-2012 نزیکەی 7 هەزار قوتابی و خوێندکار و ساوای تێدابووە.
$ناوی بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕییەکانی تەقتەق$
1-عەوڵڵا ئاغای حەوێزی 01-01-1919
2-مەلا ئەحمەد ئاغای غەفوری
3-فەتحوڵڵا ئاغای حەوێزی
4-عەبدولفەتاح ئاغای عەبدوڵڵا
5-بەهجەت ئاغای حەوێزی
6-محەمەد ئەمین ئەحمەد زەکی 1931-1932
7-شێخ یونس خانەقا 1946
8-شێخ فازڵ تاڵەبانی 1948-1951
9-ئیحسان جەمال محەمەد تاڵەبانی 1959
10-عەلی حەمادی
11-بوڕهان سلێمان
12-رەئوف حیکمەت
13-کەمال عەلەمدار
14-مەلا ڕەشید
15-شێخ نووری شێخ ساڵح
16-عەلی عەزیز بەڕانی
17-سامی ئەسعەد نائب
18-قەحتان محەمەد
19-سەدام شێخ حلاوی
20-مومتاز بیلال
21-محەمەد پاشای دزەیی 1970
22-خدر ئاغای بلباس
23-حەسەن هادی سڵێمان 1979
24-سەباح محێدین
25-ئەبوئەحمەد 1985
26-ملازم لەتیف بەغدای
27-کاکەخان نەسرەدین ئەمین 1995-2000
28-حاکم ساڵح محەمەد کلێسەیی 2000-2001
29-کاکەخان نەسرەدین ئەمین 2001-2010
30-حاکم فاتح حسێن حەمەدەمین (04-10-2010 تا 07-02-2013)
3-سەرکەوت عەزیز ڕەسوڵ لە 10-2-2013ەوە
$ڕوواڵەتە دیارەکانی شاڕۆچکەی تەقتەق$
1-کێلگەی نەوتی تەقتەق 1959-2013
2-پردی تەقتەق 1954-1958
3-گردی ساتوقەڵای شوێنەوار 3200پ.ز
4-چیای گۆرقەرەج زێدی حاجی
5-زێی بچووک شادەماری ژیان وئاوەدانی تەقتەق
6-گازینۆی گەشتیاری تەقتەق
7-پارکی سایەی گەشتیاری
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر شارۆچکەی تەقتەق سەرچاوەی:ئاراس ئیلنجاغی، (تەقتەق، پەلکەزێڕینەی کەنار زێی بچووک) چاپخانەی لەیاد، سلێمانی، مایسی 2007بخوێنەوە