لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچە جیا جیاکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 44 کەس بە هۆی ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و خەڵوزکردن، بە ڕێگەی نا ئاسایی، دەستگیرکراون.
لە لێدوانێکی نووسراودا کە وێنەیەکی بۆ خەندان ناردووە، عەقید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری هۆبەی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند: "لە هەموو کات و ساتێکدا هێزەکانی پۆلیسی دارستان لەئامادەباشیدان لەکاتە پێویستەکاندا مەفرەزەکان و خاڵی چاودێرییەکان زیاتر چڕدەکەینەوە هەربۆیە لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا مەفرەزەکانمان 44 هاوڵاتی سەرپێچی کاریان دەستگیرکردووە هاوکات دەستگیراوە بەسەر چەندین کەل و پەل کەلەسەرپێچیەکاندا بەکاریان هێنابوو".
عەقید هێمن، ئاماژەی بەوەشکرد لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا لەسنوورەکانی بەشی (ماوەت، قەرەداغ، پێنجوێن شارەزوور، هەڵەبجە) لەسەردیاریدەکانی ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و خەڵوزکردن بە ڕێگەی نایاسایی 44 هاوڵاتی لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان دەستگیرکراون.
راشیگەیاند: "مەفرەزەکانیان دەستیانگرتووە بەسەر 18 چەکی تاپڕ و 25 فیشەکی تاپڕ، یەک ماتۆرسکیل، چوار چەکی جۆری کلاشنکۆف، یەک چەکی جۆری بادی، 10 سمۆرەی کوژراو و یەک سمۆرەی زیندوو، دوو دووربین و سێ چەکی جۆری ژێرسە و تێکدانی پێنج کورەی خەڵوزکە بەنایاسایی دروست کرابوون".
- 14-01-2015