دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە زیاتر لە هەزار پڕۆژە بەتەواونەکراوی جێهێڵدراون.
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە هەولێر بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پڕۆژە تەواونەکراوەکانی هەولێر، سەرجەم سێکتەرەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە سەنتەری شار و شارۆچکە و شارەدێییەکانی سنووری هەولێر دەگرێتەوە.
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی هەولێر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی "حکومەت سەرەتا ئەو پڕۆژانەی ڕاگرت کە کارێکی زۆر کەمیان تێدا مابوو، بەڵام بۆ تەواوکردنی ئەوانی تر دەبێ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەلایەن بەغداوە دابینبکرێت و ئەگەر ئەو بودجەیە دابین نەکرێت ئەوا پڕۆژەکان تەواو نابن کە پارەیەکی یەکجار زۆریان دەوێت".
بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەلایەن حکومەتی ناوەندی دابیندەکرا، بەڵام بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند ماوەی دوو ساڵە ئەو بودجەیە بۆ هەولێر نەنێردراوە.
هەرچەندە حکومەتی هەرێم ساڵی پار بڕی 300 ملیار دیناری بۆ بەڵێندەران دابینکرد، بەڵام بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر "دابینکردنی ئەو پارەیە، پڕۆژەکانی پێ تەواو ناکرێت".
- 12-12-2016