دوارۆژ، نوسینگەی هەولێر
دوارۆژ لەراپۆرتێکی شیکاریی و بەدواداچووندا بە پشت بەستن بە چەندین ڕاپۆرت و داتای لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێر و بۆچوونی شارەزایان و بەرپرسانی بواری ژینگە، ئه و هەڕەشە ژینگەیانە دەخاتەڕوو کە ڕووبەرووی پارێزگاکە بوونەتەوە.
لەراپۆرتێکی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی ژینگەی هەولێر لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ژینگەی هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە "پاش هەستکردن بە خراپی جۆری هەوای سەر شەقامەکان و شەقامە یەکتربڕەکان و ترافیکەکانی ناوشاری هەولێری پایتەخت، بەجۆرێک کە هەواکەی ڕێژەی پیسبوونی گەیشتۆتە ڕادەی ژەهراویبوون، واتا ڕێژەی (9 PPM) و بەره و سەرتر لە کاتی بەیانیان و کاتی دەوامی فەرمانبەران لەنزیک کاتژمێر 8:00 یاخود ئه و کاتانەی جموجۆلی هاتوچۆی ئوتومبێل لەوپەریدایە و ڕێگاکان قەرەباڵەغن ژینگەی سەرشەقام و ترافیکەکان مەترسیدارن".
لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا محەمەد بەڕێوبەری ژینگەی هەولێر بۆ دواڕۆژ ئاشکرایکرد، ئامێری پیسبوونی هەوای هەولێر 21 ماده و 19 گازی زیانبەخشن ڕۆژانە لە هەولێر دەستنیشاندەکات، داتاکان ئەوەدەردەخەن ساڵ بە ساڵ ژینگەی هەولێر پیستر دەبێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئه و ئاستەی بڵێین مەترسیدارە".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 674 هەزارو 19 ئۆتۆمبێلی گشتی و تایبەت و بارهەڵگرو هۆیەکانی تری هاتووچۆ تۆمارکراون، له و ڕێژەیەش زۆرترینی لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون کە 801 هەزارو 946 ئۆتۆمبێل و هۆیەکاتی تری گواستنەوەیە، لە پارێزگای سلێمانیش 503 هەزارو 353 ئۆتۆمبێل و هۆیەکانی تری گواستنەوه و 287 هەزارو 776 ئۆتۆمبێل و هۆیەکانی تری گواستنەوە لە شاری دهۆک تۆمارکراون، لەگەڵ زیاتر لە 80 هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەتی تۆزوباو (علوج) لە هەرێمی کوردستان.
لەراپۆرتی ساڵانەی ژینگەی هەولێریشدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئۆتومبێلەکان بەگشتی تەنها بە (2) جۆرە سووتەمەنی کاردەکەن، ئەویش بەنزین و گازە، کە لەجۆری ستاندارد نین و کاریگەری خراپیان لەسەر جۆری هەوا هەیە".
د.شێروان غەفور مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری ژینگە لە بارەی کاریگەری ئه و گازانەی لە ئۆتۆمبێل دەردەچن ئاماژەبەوەدەکات، گازی یەکەم ئوکسیدی کاربۆن (CO) کە گازێکی ژهراوەیە و کاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و لەگەل هیمۆگلوبینی خوێن یەکدەگرێت، دەبێتە هۆی پێکهێنانی کاربۆکسی هیمۆگلۆبین (Co-HB)، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کوشتنی خرۆکە سوورەکانی خوێن کە هۆکارێکە بۆ دروستبوونی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن.
وتیشی "ئه و گازانە دەبنەهۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین (O2) لە خوێندا کە وا دەکات دڵ زیاتر کاربکات و ماندووبێت و ببێتە هۆی سەرئێشان و گێژبوون".
بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان، لەئێستادا ژمارەی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر و دەوروبەری گەیشتۆتە زیاتر لە (1500) مۆلیدە، (890) مۆلیدە دەکەوێتە سنوری شارەوانی هەولێر، (610) مۆلیدەش دەکەوێتە شار و شارۆچکه و گوندەکانی تری سنوری پارێزگای هەولێر، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو ژمارەی مۆلیدەکان زیادیانکردووە، زۆرێک له و مۆلێدانەش کە بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاوڵاتیان بە هۆی دەنگ زۆریی و پیسکردنی ژینگەی دەوروبەر و هەواوەیە.
بەڕێوبەری ژینگەی هەولێر ئەوەشدەخاتەڕوو، پشکنینەکان ئەوە نیشاندەدەن زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و مۆلیده و زیادبوونی ژمارەی کارگەکان و ڕووداوەکانی شەڕی ناوچەکە، هۆکار بوون بۆ پیسبوونی ژینگەی ئه و شارە.
ئەنوەر محمد سەرۆکی لێژنەی پشکنین و بەدواداچوونی لە بەڕێوبەرایەتی ژینگەی هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی "لەسەر مەرجە ژینگەییەکان مەرجمان خستووەتەسەر خاوەن مۆلیدەکان کە ئەوانیش بریتین لە مەرجی بێدەنگی مۆلیدەکان و چاندنی دار لە دەوربەری مۆلیدە و ڕێکخستنی ئاوەڕۆی ئه و مۆلیدانە".
ئەنوەر ڕاشیگەیاند "هەندێک لە خاوەن مۆلیدەکان پابەند نابن به و ڕێنماییە ژینگەیانەوە"
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەڵسنگاندنی ساڵانەی ژینگەی هەولێر لەسنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەکی بەرچاو لە پاڵاوتگە هەیە، بەڵام تەنها یەک پاڵاوتگەی نەوتی هەولێر حکومییە و ئەویش سوود لە بیرە نەوتەکانی کێلگەی (خورماڵە) وەردەگرێت کە قۆناغی یەکەمی وێستگەی پاڵاوتنی غازەکەی لە ئاقاری گوندی هێلەوەیە و قۆناغی دووەمی وێستگەی پاڵاوتنی نەوتەکەی لە کەرتی کەورگۆسکە لە قەزای خەبات، ئەویش تاڕادەیەک مەرجە ژینگەیەکانی تێدایە".
راپۆرتەکەی هەڵسنگاندنی ساڵانەی ژینگەی هەولێر باس لەوەشدەکات پاڵاوتگەی نەوتی خاوی ئەهلی ڕۆژ بەرۆژ لەزیادبووندایە کە زۆربەیان دەکەونە باشووری پارێزگای هەولێر و ژمارەیان نزیکەی (102) پاڵاوتگەیە، دەکەونە ناوجەرگەی شاری هەولێرە لە ڕێگای گشتی هەولێر- گوێر و هەولێر- مەخمور و هەولێر- کەرکووک، ئەم پاڵاوتگانەش نە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە مۆڵەتیان پێدراوه و نە لەلایەن ژینگەشەوە ڕەزامەندی پێشوەختەی ڕێگەپێدانی دامەزراندنیان پێدراوە یاخود مەرجە ژینگەییەکانیان جێبەجێ نەکردووە".
بەپێی ڕاپۆرتەکە دووری پاڵاوتگەکان لەرێگای سەرەکی و لە سنووری ناحیه و گوندەکان دەگاتە دەوروبەری (300م تاکو 1500م)، هەر پاڵاوتگەیەک لە ماوەی (24) کاتژمێردا نزیکەی (100 تا 200 تەن) نەوتی خاو دەپاڵێون بۆ گاز و بەنزین و قیڕ، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.
گرنگترین پیسکەرەکانی دەرهاویشتەی پیشەسازی نەوت بریتین لە هایدرۆکاربۆنات و ئاوێتەی گۆگرد (ئۆکسیدی گۆگرد و هایدرۆگۆگرد)، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و تەنۆلکەی هەڵواسراو، کۆگاکانیش سەرچاوەی گرنگی دەرچوونی هەندێ غاز و هەڵمی هایدرۆکاربۆنین، بەڵام یەکەکانی گەرمکردن و هایدرۆجینی سەرچاوەی گرنگی دەرچوونی غازی ترشن وەکو گۆگردی هایدرۆجین (H2S).
هەروەها هەڵم لە ماتۆرەکانی پاڵەپەستۆ دەردەچێ و بڵاودەبێتەوەوە یاخود لەکاتی بارکردن و گواستنەوە هەندێ جۆری کاربۆناتی سووک دەردەچێ و بە هەوادا بڵاودەبێتەوە.
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر لەوبارەیەوە ئەوەی خستەڕوو، بەشێکی پیسووبونی ژینگە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەهۆی پاڵاوتگەکانی نەوت و کارگەکانەوەیە کە له و شارە هەیە و ترسیان هەبووە ڕێژەی پیسبوونەکە گەیشتبێتە ئاستی مەترسیدار، بەڵام دواتر دوای تاقیکردنەوەیان بۆ هەوای هەولێر ئەنجامدا، گەیشتنە ئه و ئەنجامەی ڕێژەکە نەگەیشتبووە ئاستێکی مەترسیدار.
ئەنوەر محمد سەرۆکی لێژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە ژینگەی هەولێر، باس لەوەدەکات، بە گوێرەی ڕێنماییە ژینگەیەکان دەبێ هەر پاڵاوتگەیەک هەشت کیلۆمەتر لە ناوچە نیشتەجێبوون دووربێت و سێ کیلۆمەتریش لە شەقامی سەرەکی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پاڵاوتگەیەک ڕەچاوی ئه و ڕَینمایەی نەکردووە.
ناوبراووتیشی "مەرجی دانانی نێرگەلەمان لەسەر ئه و پاڵاوتگانە داناوە تاوەکو گازو دوکەڵەکان لە ئاستێکی بڵنددا دەربدرێن".
سەرۆکی لێژنەی پشکنین و بەدواداچوون دووپاتیکردەوە، پاڵاوگەکان زۆرێکیان بەر لە دروستبوونی وەزارەت و دەستەی ژینگە دروستبوون، یاخود کەمتر ڕێنمایەکانی ژینگەیان بەسەر جێبەجێکراوە، هەر بۆیەش کەم پاڵاوتگە هەیە ئه و ڕێنمایە ژینگەیانە جێبەجێبکات، بەڵام بەردەوام سزای مادیمان بەسەر سەپاندوون.
بە پێی ڕاپۆرتی دەستەی چاکردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لە ئێستادا کێشە ژینگەیەکانی شاری هەولێر بەگشتی بریتین لە:
1. تێبینیکردنی بوونی چڕە دوکەڵێک لە ئاسمانی شاری هەولێر بەهۆی زۆر هۆکار، لەوانە زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل کە سەرچاوەی دەردانی زۆر لە گازە خنکێنەرەکانە لەگەڵ تەنۆلکەی هەڵواسراوەکان و قورقوشم.
2. خراپی جۆری سووتەمەنی بە گشتی کاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی پیسبوون لە شاری هەولێر.
3. زۆربوونی پرۆژەکانی نشتەجێبوون لە شاری هەولێر، بۆتە هۆی زیادبەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی کە بەشی ئەم بارە ناکات، بۆیە بە بەردەوامی پەنا دەبردرێت بۆ مۆلیدە کە لەئەنجامدا دەبنەهۆی پیسبوونی ئاسمانی هەولێری پایتەخت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازە پیسکەرەکان کە لەئەنجامی سووتانی ناوەکی پەیدادەبن.
4. بەردەوامیی لەزۆربوونی پرٍۆژە پیشەسازییەکان کە دەبنەهۆی بڵاوبوونەوەی دوکەڵ و تەپوتۆز و زیادبوونی ڕێژەی بڵاوبوونەوەی گازە پیسکەرەکان لە ئاسمانی شاری هەولێر و دەوروبەری.
5. بەکارنەهێنانی مەرجی ژینگەیی زانستی سەردەم بۆ چارەسەرکردنی زبڵ و پاشماوە لەزبڵخانەکان.
6. کەمی ڕێژەی ڕووبەری سەوزایی بەگشتی بەرامبەر زۆر فراونبوونی ڕووبەری شار لەگەل نەبوونی پشتێنەی سەوز بۆ شاری هەولێر کە کاریگەری زۆری لەسەر جۆری هەوای شار هەیە.
لەبارەی گرفتە ژینگەییەکانی شاری هەولێر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، بۆ دواڕوژ وتی "دیاردەی پیسبوون و گەرمبوونی ژینگە دیاردەیەکی جیهانییە، ئەوەندەی ڕووبەرووی شارو وڵاتە گەورەکان بۆتەوە ڕووبەرووی شارەکانی هەرێمی کوردستان نەبۆتەوە، بۆیە ژینگەی هەولێرو شارەکانی تر لە ئاستێکی زۆرباشدان".
پارێزگاری هەولێر وتیشی "بەپێی ئه و ئامارانەی لەبەردەستدان لەبارەی ڕەوشی ژینگەی هەولێر ئاماری مەترسیدارو ترسناک نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ژینگەی پایتەخت بە خاوینی بپارێزن".
بەڕێوبەری ژینگەی هەولێر لە بارەی فاکتەرەکانی تری پیسبوونی ژینگەی هەولێر وتی "یەکێکی تر لەو هۆکارانەی لانی کەم لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کاریگەری خستۆتە سەر ژینگەی پارێزگای هەولێر، بریتیبووە لەدەستپێکردنی جەنگی ڕزگارکردنی موسڵ، بەهۆی ئاگرگرتنی بیرە نەوتەکانی لە گەیارە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری بۆمب و تەقینەوە و هێرشە ئاسمانییەکان کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن".
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە هۆکاری خۆڵبارین لە شاری هەولێر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گۆڕانکاری کەشوهەوا هەیە لە بیابانەکانی ئەفریقا و باشووری عێراق، بەهۆی ئەوەی کە هەولێریش لە دەشتایی هەڵکەوتووە و ڕێژەی سەوزایشی زۆر نییە، ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە کاریگەری لەسەر هەولێریش دروستکردووە.
- 01-01-2017