نوسینی: ئاراس ئیلنجاغی
لەگوندەکانی کوردستان جوتیاری کورد هیچ بست و پارچە زەوی وشیو ودۆڵ وهەردو تەلان و بن گاشەبەردێکی نیە ناوێکی بۆ دانەنابێت، ئەمەش زۆر یارمەتیی داوە بۆ گرتنەوەی کات و دیاریکردنی شوێن وناسینەوە وبارگەدانان و ئاودانی مەڕوماڵات وخۆ حەشاردان و هەوارخستن وپشوودان وبۆ بەسەر هەڵدان وحەیران(وەک ڕەسوڵ بێزار گەردی فەرمویەتی: مامزان لەئاوی کانی قەبران ئاوی دەخۆنەوە شۆڕ دەبنەوە لۆ گردی گابۆڕی)یان لە فۆلکلۆری ووراتی کۆیە ووتراوە:
چاوت ئەستێرەی سەحەری
هەردێ لەبیژینگ بەسەری
پیاوی بێ دۆست قوڕ بەسەری
وچیرۆکی بەر ئاگردان، کورت و کرمانجی بۆ زۆربەی کاروباری ڕۆژانەی شوانکارەیی و کشتیاری، هەڵبەت کورد کە دۆزەرەوەی کشتوکاڵە لەمانگەکانی ساڵیشی واناوناوە لەگەڵ کاتی چاندن و دروێنەو بەرووبوم و ساردی و گەرمی بگونجێت، لێرەدا ئەوەی دەمەوێت بیخەمەڕوو ناوی ئەو زەوی و ئاقارانەیە کە لەگوندی ئیلنجاغی گەورەدا هەیە، گوندی ئیلنجاغی گەورەی سنوری کێڵگەی نەوتی تەقتەق کەرتێکی کشتوکاڵی سەر بەهۆبەی کشتوکاڵی تەقتەقەو ڕووبەرەکەی(9822)نۆهەزارو هەشت سەد وبیست و دوو دۆنمە، یەکێک لەگوندە گەورەکانی ناحیەی تەقتەقە، لەکۆندا ووتراوە:
بۆ مەڕ لەوەڕاندن لە کوێستان گەدەو پانەسەر لەگەرمیان ئیلنجاغ و داربەسەر
گەدەوپانەسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەناوچەکانی نێوان سەردەشت وخانە و ئیلنجاغ و داربەسەریش لە باشوری ڕۆژئاوای شاری کۆیەن، ڕووبەری شیاوی بۆ چاندن(4073)دۆنمە(3074)دۆنمی پشتاوەو(1279)دۆنمی بەراوەو(3767)دۆنمیشی پاوان و لەوەڕگایە، ڕووبەری گوندەکە(703)دۆنمە ولەکۆندا(8) کانی و(3)کارێزی سەرەکی هەبووە، گوندەکە لە بەرزی(394)مەتر لەئاستی ڕووی دەریایە وکەوتۆتە نێو بازنەی پانی(35،57-35،97)ی باکوری گۆی زەوی ونێو هێلی درێژی(44،30-44،50)ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی.
بەو شێوەیە ناوی ئاقارەکانم نوسیووە کە شێوە ئاخاوتنی ئیلنجاغیەکانە کەبەبۆچوونی خۆم تاکە گوندە لە ووراتی کۆیە وەک شێوە(زاری کۆییانە)شێوەی گفتوگۆو قسەکردنیان، پوختەی قسە ئەمەیە:
عەلی مەولود قادر بە حوکمی ئەوەی لەماوەی نێوان ساڵانی(1993-1998)شوانیەکی زۆری کردووە لە هەرەت و گردۆلکە و ئاقارەکانی گوندی ئیلنجاغی گەورە، بەندەش لە ساڵی(1998)بە مامۆستا لە خوێندنگەی ناوەندی تەواوکاری ئیلنجاغی گەورەی تێکەڵاو دامەزرام، داوام لێکرد هەرچی ناوی زەوی و کانی و کانیاو وئاقارە لەباکوری گوندەکەوە بۆ باکوری ڕۆژئاواو باشوری تا سەر ڕووباری داربەسەر و لە دواوانێ-ەوە بەکەناری ڕووباری کۆیەو لەوێشەوە بۆ بانی ئیلنجاغی گەورەو تا ڕۆژهەڵات و ناو ئاوایی بۆم بڵێ ئەوەندەی بۆی ووتم منیش دەمنوسی ئەمانەن:
1-چارجۆتیار 2-بێژینگ بەسەر 3-شەریکە 4- مەیدان تەیاران 5-ناو کەمپان 6- گەری دارەبەنە 7-گەرماوە 8-ڕەشمارۆکان(ڕەشمالۆکان) 9-زەوی ڕەشمارۆکان 10-گەڕی ڕەشمارۆکان 11-گەری عاسی 12-هەوێزی دەروێشی 13-کەلەنی کەروێشکی 14-شەکرۆکین 15-تەپەرۆکی کۆردەرەی 16-تەپەرۆکی غەران 17-کۆردەرەی شێخی 18-سندیدار 19-خوڕخوڕە 20-دووشاخۆکە 21-کۆتانۆکە 22-قەراتە سۆران 23-زیواندارە 24-یاروەری 25-کێلەشینە 26-پەڕەسێلکان 27-کلکەی قەبران 28-کفرە بالوکە 29-کۆردەرە 30-سۆتکەدار 31-کونە باشوکە 32-گردی دەرزیان 33-دایماو
34-گۆڕی مەحمیلی 35-دایماوی خوارێ 36-زاراوە 37-بواریان 38-ئەستێرە 39-زەنگە 40-حەبێ مردی 41-گۆڕ ئۆمەرە 42-کاولانی حاجی عەوڵای 43-پایزەواران 44-پایزەوارانی مام شەریفی 45-خێراتۆکە 46-ئەلحەدە 47-کانی وەلی 48-کاولان 49-حەمەخەجیلە 50-چنارۆک 51-بەردەناوە 52-گوولەدار 53-گۆمی فەقێیان 54-مەحمەسمایلان 55-کاولاشان 56-بڕی مریەمێ 57-سێ باسکان 58-گۆڕی شێمحەمەدی 59-گردی داراشان 60-گردی سێوەرۆکان 61-تەلانی پیرێژنی 62-شیوی لەودە 63-ئەلحەدەی خوارێ 64-کفردار 65-کانی گورگان 66- گۆمی گاشینی گەورە 67- گۆمی گاشینی گچکە 68-گردی گاشینی 69-یاکنجی 70-گۆمی خۆشناوان 71-کورتەوکەرەکینە 72-باریکە 73- مام ڕەجەبە 74-ناوڕیان 75-بن گرد 76-زەوی منداران 77-پشت ڕێ 78- چارگە 79-چیاگەڕ 80-ناو کەرەکان 81-باسکی ئایشە کۆر 82-دۆری چیاگەڕی 83-گردەبۆر 84-سارداوە 85-کاولی ئۆمەرگومبەت 86-هەرەتی گابۆڕی 87- زولفەقار 88- هەواری حەسەنی 89-گۆمی دووژنی 90-گردی گابۆڕی 91- خدر حاجیان 92-گۆمەگڕو 93- دووکان 94- مەستان 95- هێڵانە قەڵ 96- بێکەسە 97-عاردی فەهاوێ 98-دڕووگە 99-زێڵواوی مام فەتاحی100-قەمیشەران 101-زێڵواو 102-هەواران 103- پیزپیزۆکان 104-غەری سواری 105-کفرەدۆر 106-دۆری ژووری 107-سەرکفرەدۆر 108-پسیلان 109- قوچەک 110-تارەبانە 111-هێسترباوی 112- برفەت 113-سوورانە 114-تەنگانە 115-کونەدێو 116-کونە سیخوڕە 117-کەور زەرد 118-گۆمی دوو بەرد 119-کانی عارەبان 120-بیان
121- بیانی مام حەمەعەلی 122-نعوری مام حوسێنی 123-سەرکەڵ 124-عاردی کابانێ 125-قۆرتی سەرکەلی 126-قۆرتی خەزارێ 127-پشتەگورگ 128-گردی پاوانێ 129-تاتی پاوانێ 130-کانی مەستانێ 131-دۆری هەناران 132-تاراو 133-گۆمی دووکانێ 134-خدرەسۆر 135-قەبرۆکان 136-قەبرۆکەی ئەلیاسی 137-بانی گەورەی ئیلنجاغێ 138-دۆرە زێرینە 139-برنۆکە 140-دۆرە درێژە 141- سەیدۆکە 142-کانی شێخ ڕەسول 143- جۆنی بەرد144- سەرچاران 145- شیوی هەنجیران..... تاد
ئەمڕۆ ئاقارەکانی(چارجۆتیار و بێژینگ بەسەر و شەریکە وناو کەمپان وگەری دارەبەنەو گەرماوەو ڕەشمارۆکان وگەری عاسی و ڕەشمارۆکان وکەلەنی کەروێشکی وشەکرۆکین) بەشێکی زۆر کێڵگەی نەوتی تەقتەق داگیرکردوون چونکە(5)ی کێڵگەکە لەو ئاقارانەن.