دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بەرهەمی ترێی #ڕواندز# ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار تەن دەبێت، بەمەش وەک ڕەزەوانەکان ئاماژەی پێدەکەن ئەگەر حکومەت هاوکارییان بکات بە ئاسانی دەتوانرێت نیوەی پێداوایستی ناوخۆ دابین بکەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکەش ئاماژە بەوەدەکات ناوچەکە خاوەنی ڕووبەری 3518 دۆنم ترێیە.
مستەفا برایم، کە خاوەنی چوار ڕەزی ترێیە بە ڕووبەری 23 دۆنم لە سنوری قەزای ڕواندز، دەڵێت، ئەگەر ساڵانە دارمێوەکان تووشی نەخۆشی نەبن و کەش و هەوا گونجاو بێت، ئەوا نزیکەی 100بۆ 150تەن ترێ دەخەمە بازاڕەوە.
ئه و ڕەزەوانە بۆ دواڕۆژ جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە ئەگەر حکومەت هاوکارو پاڵپشتیان بێت بە ترێی ڕواندز دەتوانرێت لانیکەم بڕی نیوەی پێداویستی ناوخۆ پڕبکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە حکومەت هیچ هاوکارمان نیه و تەنها ڕێنماییمان پێدەدات.
وتیشی چەند ساڵێک پێش ئێستا تا ڕادەیەک هاوکاری دەکردین بە تایبەتی نیوەی پارەی گواستنەوەیان بۆ خەرج دەکردین بەڵام ئێستا نەماوە.
لە قەزای ڕواندز هەردوو جۆری ترێی سپی و ڕەش بەرهەم دەهێنرێت و ساڵانە ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و باشورو ناوەڕاستی عێراق دەکرێت، لەسەر ئاستی هەرێم ڕواندز لە بەرەوبوومی ترێ بەناوبانگه و خاوەنی تریێەکی شیرین و جوانە.
جوتیاران بەتەنها گلەیی لەوە ناکەن کە حکومەت هاوکاریان ناکات، بەڵکو گلەیی ئەوەش دەکەن کە لەکاتی پێگەیشتنی ترێی ناوخۆ، ڕێگا لە قەدەغەکردنی هێنانی ترێ ناکەن لە دەرەوە بەمەش ئه و ترێ ناوخۆیەی کە دەیخەینە بازاڕ، بە نرخێکی کەم دەیفرۆشین.
یەکێکی دیکە له و کێشانەی کە ڕەزەوان و جوتیاران هەیانە، بریتیە لە خراپی ڕێگاوبانەکان، له و بارەیەوە ئەحمەد ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگاو جاده و شەقامەکانمان زۆر ئەستەم و ناخۆشن، ئەمەش گرفت بۆ ئێمە دروستدەکات و زۆرمان پێدەچێت تا ترێیەکە دەگوازینەوە، چونکە ڕێگامان ئەستەم و ناخۆشە.
ئه و جوتیارە وێڕایی گلەییەکانی لە خراپی ڕێگاو بانەکان باس لەوەش دەکات کە ڕواندز وێڕایی ئەوەی خاوەنی ئه و هەموو زۆرە لە ڕەزی ترێیە، بەڵام حکومەت ئامێرێکی ساردکەرەوەی بۆ دابین نەکردوین، چونکە ئەگەر ئامێری ساردکەرەوە هەبێت دەتوانین ترێیەکەمان بۆ ماوەیەک بپارێزین، لە بڕی ئەوەی زستانان لە دەرەوە بیهێنین دەتوانین پشت بە هی خۆماڵی ببەستین.
وتیشی بەهۆی نەبوونی ساردکەرەوە هەر کاتێک ترێیەکەمان بردە بازار ئەگەر بەکەمترین نرخیش بێت، هەر دەبێت بیفرۆشین و نایگەڕێنینەوە، چونکە تێکدەچێت.
سنوری قەزای ڕواندز نزیکەی 42 گوند کە لەخۆدەگرێت، زۆرینەی دانیشتوانی ئه و گوندانە خاوەنی ڕەزی ترێن، بەشێکی ترێکە لە مانگی ئاب و بەشەکەی تریش تریش لە وەرزی پاییز پێدەگات.
دڵدار سەبری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕواندز بۆ دواڕۆژ دەڵێت، 3518 دۆنم کراوەتە ڕەزی تری، واتە ڕواندز خاوەنی سەدان ڕەزی ترێیە، ساڵانەش ئەگەر کەش و هەوا لەباربێت و دار مێوەکان زیانیان پێنەگات، ئەوە هەر دۆنمێک بڕی 8 بۆ 15تەن ترێ بەرهەم دەهێنێت و بەمەش کۆی ترێی ساڵانەی ڕواندز بە پێی ئه و ڕێژەیە دەگاتە سەروی 30 هەزار تەن، پێموایە بەم بەرهەمەش نیوەی پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕدەکاتەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕواندز باس لەوەش دەکات کە هەر لە کۆنەوە ترێی ڕواندز خاوەنی ناوبانگێکی زۆر بووه و عەرەبەکان سەرسام بوون به و ترێیه و هەر بۆیەش لە باشورو ناوەراستی عێراق کڕیارێکی زۆری هەبووە.
ئاماژەی بەوەشدا کە هەندێک ساڵیش ترێی ڕواندز وەک پێویست نیه و بەرهەمەکەی کەم دەکات، ئەمەش بە پێی کەش و هەواو سروشتی ساڵەکە دەگۆڕێت بەڵام بەگشتی ڕواندز هیچ ساڵێک و بێ بەرهەمی ترێ نابێت.
دڵدار سەبری ڕونیشیکردەوە ئەستەمە جوتیار به و پارەیەی کە لە فرۆشتنی ترێ دەستی دەکەوێت ژیانی دابین ببێت، چونکە هەم بەهەرزان دەیفرۆشێت، هەم ناتوانرێت لە ڕووی داراییەوە هاوکاری بکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە ترێ بۆ ماوەیەکی کاتیه و دەبێت زوو لە بازارەکان ساغ بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕواندز جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە ئەگەر دۆخی دارایی لە بارو گونجاو بێت و بەرنامه و پلانێکی تۆکمە دابنرێت، بە دڵنیاییەوە بەرهەمی ترێی ڕواندز کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ژیانی جوتیاران و ڕەزەوانەکان.[1]
22-08-2017