حیزبی ھیوا یان کۆمەڵەی ھیوا حیزبێکی کورد بوو کە لە ساڵی 1939دا لە بەغدا دامەزرا. ئەندامانی حیزبی ھیوا زۆرتر لە ڕۆشنبیرانی شاریی کورد بوون. لە ڕەفیق حیلمی وەکوو دامەزرێنەری حیزبی ھیوا ناو دەبرێت. حیزبی ھیوا گەورەترین حیزبی کوردی تا کاتی خۆی بوو و توانی بۆ ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای کوردستانیش پەل بھاوێژێت. حیزبی ھیوا لە ساڵی 1944 بوو بە دوو ئاڕاستەی چەپ و ڕاست بە ناوەکانی شۆڕش و ڕزگاری و لە ساڵی 1946دا ھەڵوەشێندرا.
$مێژوو$
محەمەدئەمین مەنگوڕی ساڵی 1934 لەگەڵ تاقمێک پۆلیسی نیشتمانپەروەر و باوەڕپێکراو، حیزبێک بە ناوی خوێنڕێژی پیک دێنن کە پەیڕەو و ئامانجیان ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بوو. لە ساڵی 1935 مەلا حەسەن قازی (شاھۆ) چوو بۆ شاری سلێمانی و پەیوەندیی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە گرت. پاشان مەلا حەسەن بوو بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە و ناوی گۆڕاند بە کۆمەڵەی برایەتی. شێخ لەتیفی حەفید و مەلا ئەسعەدی مەحوی لە ئەندامانی ناسراوی کۆمەڵەی برایەتی بوون.
لە لایەکی دیکەش لە ساڵی 1937 کۆمەڵێک لە قوتابییەکانی کورد لە شاری کەرکووک کۆمەڵەی دارکەریان دامەزراند کە دڵدار و موکەڕەم تاڵەبانی سەرکردەی بوو و لە ماوەیەکی کەم ژمارەیەکی زۆری خەڵک پەیوەندییان پێوە کردوون و گەورە بوو.
لە ساڵی 1939 دوو کۆمەڵەی دارکەر و کۆمەڵەی برایەتی یەکیان گرت و حیزبی ھیوایان پێکھێنا. لەسەر خواستی ڕێبەرانی ھەر دوو کۆمەڵەی برایەتی و دارکەر، ڕەفیق حیلمی بوو بە سەرۆک و کەسی یەکەمی حیزبەکە.
$ئاکام$
لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی ھیوا، دوو بەرە لە سەرکردایەتیی حیزبەکە لە ئارادا بوو. باڵی چەپی حیزبەکە پێیان وابوو کە ھیوا دەبێت خۆی بە یەکێتیی سۆڤیەت نزیک بکات. لە بەرانبەر باڵی ڕاستی حیزبەکە کە ڕەفیق حیلمیش ھاوڕایان بوو، داوای ھاوکارییان لە بەریتانیا و ڕۆژاوا دەکرد و داوایان دەکرد کە حیزبی ھیوا ناتوانێت دژایەتی لەگەڵ ئینگلیز بکات. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دوو باڵی حیزبەکە، سەرکردەکانی ھەردوو لایەن لە ھاوینی ساڵی 1944دا لە شاری کەلار دانیشتنێکیان لە ماڵی داود بەگی جاف بەڕێوەبرد. بەڵام لەو کۆبوونەوەیە نە تەنیا کێشە و ململانییەکان چارە سەرنەکرا، بەڵکوو کۆتایی بە حیزبی ھیوا ھێنرا و ھەڵوەشاندنی حیزبەکە ڕاگەیەنرا.
بەدوای ھەڵوەشاندنەوەی حیزبی ھیوا دوو باڵە ناکۆکەکەی چەپ و ڕاستی حیزب لەژێر ناوی گرووپی «شۆڕش» و گرووپی «ڕزگاری» چالاکییەکانیان بەردەوام کرد. گرووپی شۆڕش کە کەسانێک وەکوو، نووری شاوەیس، ساڵح حەیدەری و جەمال حەیدەری لەنێوانیاندا، دواتر لە دامەزراندنی حیزبی شیوعی کوردستان-ئێراق بەشدار بوون.
گرووپی ڕزگاریش کە بریتی لە کەسانێک وەکوو عەلی عەبدوڵڵا، تەھا محێدین مەعرووف، جەعفەر عەبدولکەریم و سدیق ئەترووشی لە سەرکردەکانیان بوون، لە درووستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 ڕۆڵێکی گرینگیان بوو.
$ئەندامان$
#ڕەفیق حیلمی#
ساڵح یوسفی
نامیق سالم
عەونی دڵدار
مەلا تەھای مایی
[1]