دوانزدە ساڵ بەسەر دانوستاندنەکانی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا و 30 ساڵ بەسەر داوای تورکیا بۆ چوونە نێو یەکێتییەکە و زیاتر لە نیو سەدە بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و کۆمەڵگەی ئابووریی ئەوروپیدا تێدەپەڕێ، بەڵام تاوەکو ئێستاش، دانوستاندنەکان هێندەی کە هەردوو لا بەرەو لێکترازان دەبات، هێندە لە یەکدییان نزیک ناکاتەوە. ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا (ECFR) لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، تاوەکو ئێستاش دووڕوویی تایبەتمەندیی سەرەکیی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بروکسلە.
$دووڕووییەک لە قازانجی هەردوولا$
ناوەندە ئەوروپییەکە ڕاپرسییەکی لە نێو سەرکردەی 28 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپادا کردووە. 46%ی ئەندامانی یەکێتییەکە پشتگیری لە بەئەندامبوونی تورکیا دەکەن، 25%ی وڵاتەکانیش دەڵێن کە لەناو حکومەتەکەیاندا پشتگیرییەکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتییەکەدا. لە 28 وڵاتی ئەوروپی تەنیا یەک وڵات بە ئاشکرا داوای هەڵپەساردنی پرۆسەکەی کردووە. بەم حاڵەشەوە 16 وڵات دەیانەوێ پرۆسە سڕکراوەکەی بەئەندامبوونی تورکیا جارێ بە سڕکراوی بمێنێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەیانەوێ تورکیا لە نێوان بەئەندامبوون و نەبووندا بهێڵنەوە، بەم شێوەیەش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بە چاکی دەمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی تورکیا توانیبێتی بێتە ناو یەکێتییەکەوە، لە لایەکی دیکەوە تورکیاش دەتوانێ لە قۆناغێکی پڕ کێشەی وەکوو ئێستادا ئەم پرۆسەیە وەکو ئامرازێک بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بەکاربهێنێ.
$نوخبەی ئەوروپی لەبەرامبەر جەماوەردا$
راپرسییەکەی (ECFR) ئەوەش ئاشکرا دەکات کە یاریی نوخبەکان پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و تورکیای ڕاگرتووە، واتە تاکە لایەنگری پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و ئەوروپا هەمان ئەو سەرکردە و دامەزراوە ئەوروپییانەن کە بەرپرسانی تورکی بە تووڕەییەوە باسیان دەکەن.
بەڵام شەقامی ئەوروپی بۆچوونێکی جیاواز لە نوخبە سیاسییەکانی وڵاتەکانیان هەیە. بەپێی ڕاپرسییەک کە لە 2017 کراوە، 84%ی ئەڵمانەکان دژی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپان. لە دوایین ڕاپرسی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاشدا، تەنیا 7%ی خەڵکی ئاسایی پشتگیری لە ئەندامبوونی تورکیا دەکەن. 70%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کۆکن لەسەر ئەوەی وێنەی تورکیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە.
ئەنجامی ڕاپرسییەکەی (ECFR) دەریدەخات دیبەیتی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر تورکیا وەکو بابەتێک ماوەتەوە کە تێیدا نوخبە بەرامبەر خەڵک وەستاوە. هەرچەندە دامەزراوە فەرمییەکانی ئەوروپا خوازیاری پەیوەندییەکی نزیک و ستراتیژین لەگەڵ تورکیا، بەڵام دانیشتووانی یەکێتییەکە دژی ئەوەن.
بایەخی پەیوەندییەکان
دووڕوویی وەکو میکانیزمێک بۆ ڕاگرتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ناکۆکی نێوان نوخبەی ئەوروپی و خەڵکی ئاسایی ئەوروپایە.
بۆیەش ناوەندە ئەوروپییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوروپا و تورکیا دەبێ ڕێگەیەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لە دەرەوەی پرۆسەی ئەندامبوونی تورکیا بدۆزنەوە، چونکە لەو پرۆسەیەدا بەردەوام فۆکەسەکان دەخرێنە سەر خاڵە لاوازەکانی تورکیا، ئەمەش لەلایەکەوە ناکۆکیی نێوان تورکیا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا تۆختر دەکاتەوە و لەلایەکی دیکەوە ڕێگرە لەوەی نوخبەی ئەوروپی بتوانن ناکۆکییەکانیان لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکانیان هێور بکەنەوە.
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە تورکیا لەوە تێگەیشتووە دەبێ دەرگایەکی نوێ لە دەرەوەی پرۆسەی ئەندامێتی، لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا بکاتەوە، بۆیەش ئامانجی گەشتەکەی ئەردۆغان بۆ فەرەنسا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئەوە نەبوو پرۆسەی ئەندامێتیی خێراتر بکا، بەڵکو بۆ ئەوە بوو پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەوروپییەدا بەهێزتر بکات، وەکو چۆن سەرۆکی فەرەنساش زیاتر وەکو هاوبەشێکی ناوچەیی بەهێز مامەڵەی لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی خۆی کرد.
$تورکیا و ئەوروپا دوای هەوڵی کودێتای 2016$
هەوڵی کودێتاکەی تەمووزی 2016 خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕۆژئاوا بوو. تورکیا نەک هەر بە بێدەنگیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر هەوڵەکە دڵگران بوو، بەڵکو بەوەش تۆمەتباری دەکردن کە ئەگەر لە پشت هەوڵەکەشەوە نەبووبن بە ڕوودانی کودێتاکە دڵخۆشبوون. لە لایەکی دیکەوە ئەوروپییەکانیش ئەنقەرە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە کودێتاکەی قۆستووەتەوە بۆ فراوانکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر کۆمەڵگای تورکیادا.
لە ڕاپرسییەکەی (ECFR) لە نێوان نوخبە سیاسی و ئیدارییەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا دەردەکەوێت تەنیا 39%یان پێیانوایە ڕووداوەکانی 15ی تەمووزی 2016 بەڕاستی هەوڵی کودێتا و هەڕەشەیەک لەسەر دیموکراسی لە تورکیا بوون، 43%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکەش پێیانوایە ڕووداوەکانی ناوەڕاستی 2016 زۆر لەوە ئاڵۆزترن لێی تێبگەن. 18٪ش جەخت لەوە دەکەنەوە کودێتاکە بیانوویەک بووە بۆ ئەوەی حکومەت هەڵبکوتێتەسەر نارازییەکان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە تاوەکو ئێستاش نە تورکیا توانیویەتی هەوڵی کودێتاکە و هۆکارەکانی ڕوونبکاتەوە و نە ئەوروپییەکانیش توانیویانە بەپێی زانیارییەکانی خۆیان لە هۆکارەکانی کودێتاکە و ڕووداوەکانی دواتری تێبگەن. تورکیا دەڵێت ئەوروپییەکان تەنیا لە گۆشەنیگای ڕووداوەکانی پاش هەوڵی کودێتاکەوە سەیری هەوڵەکە دەکەن، بێ ئەوەی باسی مەترسییەکانی کودێتاکە لەسەر یەکانگیری کۆمەڵگای مەدەنی و سیاسی تورکیا بکەن.
رووسیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە زۆر بە زوویی هەوڵی کودێتاکەی 2016ی ئیدانە کرد و پشتگیری خۆی بۆ حکومەتی ئەوکاتی تورکیا ڕاگەیاند. ئەم هەڵوێستە هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی ئەنقەرە لە مۆسکۆ نزیک بێتەوە. ڕاپۆرتەکە پێیوایە لای تورکیا پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا هەرچەندە گرنگیش بێت، چیدی وەکو ئەولەوییەتێک لە سیاسەتی تورکیادا نەماوە، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە تورکیا نەک هەر وەستانی پرۆسەی ئەندامێتیی یەکێتیی ئەوروپای قەبووڵکردووە، بەڵکو وەکو چەکێکیش بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی تورکیا بەکاری دێنێ.
راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە لای حکومەتەکەی ئاکپارتی نزیکبوونەوە لە ناسیۆنالیستە تورکەکان (لەوانەش مەهەپە) زۆر گرنگترە لەو چاکسازییانەی دەکرێ پرۆسەی ئەندامێتیی بخەنەوە گەڕ، بەتایبەتیش کە ئاکپارتی لە ساڵی 2019دا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە پێشە و ئەم هەڵبژاردنە دەسەڵاتدارانی تورکیا هان دەدات زیاتر لە جاران چاویان لە ڕای گشتی نێوخۆ بێت، نەک ڕای شەقامەکانی پایتەختەکانی ئەوروپا، لە بارودۆخێکی ئاوهاشدا ئەوروپا هیچ چەکێکی بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی تورکیای پێ هان بدات خۆی لەگەڵ بەها ڕۆژئاواییەکاندا بگونجێنێ.[1]
#21-04-2018#