کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ڕێژەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی بەپێی پارێزگاکان دیاریکرد. باکووری کوردستان 131 کورسی دەبێت بۆ پەرلەمانی تورکیا.
بەپشتبەستن بەهەمواری 18 ماددەی دەستووریی کە ڕۆژی 16-4-2017 لە ڕێگەی گشتپرسییەوە پەسندکرا، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 550 کورسییەوە بۆ 600 کورسی زیاد دەکرێت. باکووری کوردستانیش 131 کورسی بەردەکەوێت.
بەپێی نەخشەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کورسییەکانی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەمشێوەیە دابەشدەکرێن: سەمسوور (ئادییامان) 5 - مەلەتێ 6 - گومگوم (ماراش) 8 - دیلۆک (عەنتاب) 14 - ڕوها 14 - خەرپیت (ئێلازیغ) 5 - ئامەد 12 - مێردین 6 - سێرت 3 - ئێلیە (باتمان) 5 - بەدلیس 3 - مووش 4 - چەولیگ 3 - دێرسیم 2 - سێواس 5 - ئەرزینگان 2 - ئەرزەڕۆم 6 - قارس 3 - ئاگری 4 - ئیدیر 2 - ئەردەخان 2 - وان 8 - جۆڵەمێرگ 3 - شڕناخ 4 - کلیس 2 کورسی.
رۆژی 18-4-2018 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
رۆژی 20-4-2018 کۆمیسیۆنی دەستووری تورکیا بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە پڕۆژەبڕیارەکەیان پەسندکرد و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیایان کرد. ڕۆژی 21-4-2018 بە 386 دەنگ ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەبڕیارەکەیان پەسندکرد.
بەمەش ڕۆژی 24-6-2018 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سەرانسەری تورکیا ئەنجام دەدرێت و ڕۆژی 15-5-2018 بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.[1]
#22-04-2018#