چالاکوان و ڕێکخراوەکانی #سۆران# نیگەرانن لە ڕێژەی مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر لە شارۆچکەکەیان، پێیان وایە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکە پێویستی بە هەڵمەتێکی گشتگیر و بەردەوام هەیە، پێشیانوایە بێکاری و قەیرانی دارایی لە هۆکارە سەرەکییەکانن بۆ چوون بەرەو بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
بەپێی ئامارێک، کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لە شاروچکەکانی سۆران، ڕواندز، #چۆمان# و مێرگەسۆر-ی سەر بە پارێزگای #هەولێر#، لە ماوەی 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا نزیکەی 40 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، هەروەها دەیان کیلۆگرام لە جۆرە جیاوازەکانی ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەمەش نیگەرانیی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ و بەرپرس و ئەندامانی ڕێکخراوەکان لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
لە بارەی هۆکارەکانی زیادبوونی بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر لە شارۆچکەی سۆران و ئەرکی ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هۆشیارکردەوەی گەنجان، جەواد سوارە، بەرپرسی نوسینگەری مافی مرۆڤی سۆران وتی:لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زنجیرەیەک چالاکییمان بۆ هۆشیارکردنەوە ئەنجامداوە، خۆشبەختانە ئەمساڵ بەهۆی چاوکراوەیی هێزە ئەمنیەکانیشەوە ژمارەیەک باند و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، دەیان کیلۆ ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیراوە.
بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران وتیشی:شوێنی جوگرافیی دەڤەری سۆران بەدەرفەت وەرگیراوە بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردسانەوە بۆ وڵاتانی دیکە، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحالیە لە ئێستادا تیمەکانی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر زۆر چالاکانە کاریانکردووە، لەگەڵ ئەوەدا دەبێت لەسەر ئاستی هۆشیاری و پەروەردەیی کاری پێویست بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هیوادارم کاری لەپێشینەی ڕێکخراوەکان و سەنتەرەکان هۆشیارکردنەوە بێت، بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن هاوکاربن لە بنبڕکردنی ئەو دیاردە مەترسیدارە.
لەبارەی کاری ڕێکخراوەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسیی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، دڵشاد باڵەکی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاوێزە ئاماژەی بە چالاکییەکانیان کرد و وتی:لە چەند مانگی ڕابردوو زنجیرەیەک چالاکیمان لەسەر ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین، پێویستە ڕێکخراوەکانی دیکەش هەست بەو مەترسیە بکەن و کاری لەسەر بکەن، چونکە ئەمە پەیوەندیی بە کۆمەڵگاوە هەیە و دەبێت کاری گشتگیری لەسەرە بکرێت و دامەزراوەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر کاری زیاتر بکەن بۆ ڕێگرتن لە هێنانی ماددەی هۆشبەر.
هەروەها سەردار جەبار، چالاکوان لە ڕواندز، لەسەر هەمان بابەت وتی:ڕاستە لە ماوەی ڕابردوودا لە سنورەکە چالاکیی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر کراوە، بەڵام دەبێت ڕێکخراوەکان و حکومەتی هەرێم بە بەرنامەی جیاجیا کار بۆ ئەوەبکەن، کە تێکڕای کۆمەڵگا ڕابکێشن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بە تایبەت دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردەکردن کاری جدی لەسەر ئەم بایەتە بکرێت.
ئەو چالاکوانە وتیشی: بێکاری و قەیرانی دارایی و کێشەکانی گەنجان هۆکارێک بوون لە بەلاڕێدابردنی گەنجان و زیادبوونی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، کە بەداخەوە دەبێت حکومەت ئەم هۆکارانەی لەبەرچاوبێت و کاری لەسەر بکات وەک بەشێک لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر.[1]
#31-10-2018#