بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی #گەرمیان#، لە ساڵی 2018دا، 322 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە و بەو هۆیەشەوە 54 کەس گیانیان لەدەستداوە و 475 کەسیش برینداربوون، کە بەراورد بە ساڵی 2017 ئامارەکان زیادیانکردووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ نەقیب کارزان مەجید وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتووچۆی گەرمیان، لە بینای بەڕێوبەرایەتییەکەیاندا، لە شارۆچکەی #کەلار#ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی داتا و ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەیان لە ساڵی 2018دا و بەراوردکردنی بە ساڵی 2017، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، نەقیب کارزان ئامارەکانی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: لە ساڵی 2017دا 264 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندابوو، بەڵام ڕێژەکە لە ساڵی 2018دا زیادیکردووە بۆ 322 ڕووداو، بەو هۆیەشەوە لە ساڵی 2017دا، 46 کەس گیانیان لەدەستدابوو 373کەسیش برینداربوون، بەڵام لە 2018دا ڕێژەکە دیسان زیادیکردووە بۆ 54 قوربانی و 475 بریندار، هەروەها لە ساڵی 2017 دا 39200 سەرپێچی تۆمارکراون لەلایەن بەکارهێنەرانی شەقامەوە، کە بە پێچەوانەی ئامارەکانیتر لە ساڵی 2018 دا سەرپێچییەکان کەمیکردووە بۆ 38564 سەرپێچی.
لە ئامارەکاندا ئەوەش هاتبوو کە: لە ساڵی 2018دا 103 هاوڵاتی کە بەبێ مۆڵەتی شۆفێری، ئۆتۆمبێلیان لێخوڕیوە و توشی ڕووداوی هاتووچۆبوون دەستگیرکراون، هەروەها 672 ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەردا گیراوە و زیاد لە 500دانەی بە لیژنە بەپێی یاسای فرۆشتنی موڵک و ماڵی میللەت پان کراونەتەوە و پاشان بە ئاسن فرۆشراون، هەروەها کۆی داهاتی هاتووچۆی گەرمیان لە ساڵی 2018دا بریتیبووە لە 875 ملیۆن و 838 هەزاد دینار.
لە کۆتایشدا کارزان مەجید ئاماژەی بەشێک لە هۆکارەکانی ڕووداوی هاتووچۆکرد گەڕاندەوە بۆ خراپی ڕێگاوبانەکان، نزمی کوالێتی ئۆتۆمبێل و پابەند نەبوونی بەکارهێنەرانی شەقام بە یاسا و ڕێنمایەکانی هاتوچۆوە.[1]
#03-01-2019#