دواڕۆژ، سیروان حەسەن
تاوانی دزیکردن لە سنووری گەرمیان ڕووی لە زیادبوون کردووە و لەلایەن ئاسایشی گەرمیانیشەوە دوو ئەندامی باندێک دەستگیرکران کە دوای ئازاردانی شۆفێرەکان ئۆتۆمبیلەکانیان دزیون، بەوتەی پارێزەرێک وەکو ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو ڕووداوەکان زیادیکردووه.
لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سنووری گەرمیان چەند ڕووداوێکی دزینی ئۆتۆمبیل سەریانهەڵدا.
لە ڕووداوەکاندا بکەرانیان پێشتر شۆفێرەکانیان دەبەستەوە و دوای ئازار و ئەشکەنجەدان لە دەرەوەی ناوچەکانی گەرمیان شۆفێرەکانیان جێدەهێشت.
عوسمان عەبدولکەریم، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: پاش بەدواداچوونی ئاسایشی گەرمیان توانرا دوو تاوانباری ئه و باندە دەستگیربکەن کە خەڵکی گەرمیانن و هەردووکیان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە ئۆتۆمبیلەکانیان بردووەتە دەرەوەی گەرمیان و ساغیان کردوونەتەوە و بەهۆیەوە بە زیندانی هەتاهەتایی حوکمدران.
وتیشی: بەدواداچوونەکانی ئاسایش بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی دەستیان له و تاوانانە هەیە و پێویستیشە هاووڵاتیان هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن بۆ ئەوەی بتوانن بەهەموو لایەکەوە هەوڵی باشتر کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن و ڕێگری لەم جۆرە حاڵەتانە بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی گەرمیان لەماوەی ساڵی 2018 تاوانەکانی دزیکردن بەشێوەیەکی گشتی و ساخته و فێڵ ڕوویان لە زیادبوون کردووه.
عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە ماوەی ساڵی 2018دا لە سنووری گەرمیان 14 حاڵەتی دزینی ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە لەکاتێکدا بەراورد به ساڵی پێشتر هەشت حاڵەت زیادبووە و ئەمەش ئەوە دەردەخات ڕوداوی دزینی ئۆتۆمبیل زیاتر بووە و چەند هۆکارێکیشی هەیه.
وتیشی: یەکێک لە هۆکارەکان قەیرانی داراییە کە بووەتەهۆی زیادبوونی دزی و هەروەها ساغکردنەوەی ئۆتۆمبیلە دزراوەکان لە شارەکانی عێراق و مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا وە هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی دزینی ئۆتۆمبیل.
زیادبوونی دیاردەکە بەرچاوە و شارەزایەکی یاسایش دۆخەکە بە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەچوێنێت.
بەختیار محەمەد، پارێزەر لە دادگای کەلار بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: حاڵەتەکانی دزی بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوویان لە زیادبوون کردووە و هەمووی پەیوەندی به و بارودۆخە داراییە خراپەوەیە لە هەرێمی کوردستاندایە هەیە.
وتیشی: دزیکردن وەکو ساڵانی نەتەوەکانی سەدەی ڕابردووی لێهاتووە و خەڵک لەبەر نەبوونیی، دزی و ڕێگری و تاوانی جۆراوجۆری دیکە ئەنجامدەدات.
ئه و پارێزەرە ئاشکراشیکرد: لەکاتی قسەکردن لەگەڵ تاوانباران زۆرینەیان باس لەوە دەکەن کار و کەسابەتیان دەستناکەوێت و ناچارن دزی بکەن، یەکێک له و تۆمەتبارانە کە حەوت ئۆتۆمبیلی دزی بوو لە دادگا ئەوەی خستەڕوو کاری دەستناکەوێت لەکاتێکدا خێزاندارە و تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە پێنج هەزار دیناری دەستبکەوێت، ناچارنابێت دزی بکات.
ئەوەشی خستەڕوو: پێویستە حکومەتی هەرێم پلانی هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە کە بە ڕاستی تاوانە هەمەجۆرەکان لە حاڵەتی زۆر مەترسیدان و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامیی هەبێت و هەلی کار نەڕەخسێنێت و لایەنی ئابووری نەبوژێندرێتەوه، لە داهاتوودا تاوانەکان دەچنە حاڵەتی خراپتر و ترسناکەوه.
پێداچوونەوە: ئارام غەفور[1]
#27-01-2019#