دیوارێکی 2700 ساڵە لە ڕۆژاوای پارێزگای #کرماشان# دۆزراوەتەوە کە پانییەکەی چوار مەتر و بەرزاییەکەی سێ مەترە، تا ئێستا بە درێژایی 115 کم لەم دیوارە ئاشکرا بووە.
مێژووناسەکان ئەم دیوارە بە هاوتای دیواری باستانی 'هادریان' لە بەریتانیا دەزانن کە بە دەستی ڕۆمییەکان لە 500 ساڵی پێش زاین درووستکراوە.
ئەم دیوارە بەردینە لە کوێستانی 'بەمۆ' لە سەرپێل زەهاو دەستپێدەکات و دەگاتە گوندی 'ژاومەرگ' لەنێوان شارەکانی شاباد و سەرمەست لە پارێزگای کرماشان، ئەو کەلوپەلە گڵینانەی لە نزیک ئەم دیوارە دۆزراونەتەوە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی چوار تا شەشی پێشزاین.
شوێنەواری بیناکانی دەوروبەری ئەم دیوارە، کە ئێستا وێران بوون، لە زۆربەی ناوچەکان لەپاڵ دیوارەکان دەبینرێن و ڕێژەی یەک ملیۆن مەتری چوارجا بەرد لەخۆ دەگرێت کە بۆ درووستکردنیان پێویستی بەکار، کات و کەلوپەلێکی زۆر بووە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم دیوارە ئێستا بۆ مێژووناسان ئاشکرا بووە بەڵام خەڵکی ناوچەکە لە مێژەوە بە دیواری گاوری دەیناسن و لە هەبوونی ئاگاداربوون.
سجاد عەلی بەیگی، خوێندکاری دۆکتۆرای باستان ناسی، لە بابەتێک کە لەسەر دۆزینەوەی ئەم دیوارە بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: لەوانەیە ئەم دیوارە سنووری ئیمپراتۆرییەکی باستانی بێت کە بۆ بەرگری درووستکرابێت و لەوانەشە درێژاییەکەی زۆر زیاتربێت لەوە کە ئێستا دەوترێت.[1]