ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بە تووندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان دەکات بۆ سەر گوندی چەخماخەی سەر بە شارۆچکەی دووبز لە پارێزگای #کەرکووک#. کە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی سیڤڵ شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
ئێمە لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری شەهید و قوربانییەکان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جیدی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەهۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروستبووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.
پێویستە حکومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ڕەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە جێبەجێبکات کە بەهۆی ناکارایی ئیدارەی پارێزگاکە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە ڕەنگی دانیشتووانییدا دروستبووە.
پێویستە هەنگاوی جیدی و پێویست بنرێت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عێراق.
هێزی پێشمەرگە لە نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی #داعش#دا، بەکردەوە و بە خوێن خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی لەهەموو نەتەوەکان پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئیتحادییەکان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بکاتەوە تاوەکو بەهەموو لایەک ڕێ لە پشێوی ئەمنی و تەرهیب و تەعریب بگیرێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی هەروەها نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و تێکڕای نوێنەرانی کەرکووک لە هەموو ئاراستە و پێکهاتەکان کە بەدەنگ و متمانەی خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان هەڵبژێرداون هان دەدا و ڕایان دەسپێرێ هەموو توانای خۆیان لە پێناوی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بخەنەگەڕ و بیکەنە ئەولەویەتی کارەکانیان کە ئێمە لەو هیمەتەیان دڵیاین و لە پاڵپشتی گەرم و دەستووبردی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، لە هەموو ئاستەکان، دڵنیایان دەکەینەوە.
هەماهەنگی حکومەتی ئیتحادی کە ئێستا زیاتر سەرقاڵی دۆخی بەغدایە، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان.
نەمری بۆ شەهیدانی چەخماخە و گشت شەهیدانی دەستی تیرۆر و تەندروستی باش بۆ بریندارەکان و سەربەرزی بۆ خەڵکی خۆراگری چەخماخە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#19-02-2020#