ئەگەرچی شه و درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشه و سەری هەڵدا لە ناخم دا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێرکە منی تینووی جگەر سووتاو
بە چی دیارە کە دەی بینم، شەوێکی تر، ژەمێکی تر
ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە :
لەسەر کەیکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر !
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم :
لە پێشمدایە زەرد و ماه و سەخت و ئەستەمێکی تر
هەتا چارشێو بە سەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بە سەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
نەما (خانی) هەتا چیرۆکی عیشقی من و تۆ داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین (زین و مەم)ێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لە سەر سینە و مەمێکی تر
هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لە نێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
هەتاکوو دوا پشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامی نەیبینم بەرهەمێکی تر
کە فرمێسکم لە سەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم : یاخوا لە سەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم شیوەنێکی تر
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
بەهار و گوڵ، کچ و مانگە شه و و، شیعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر ؟
#هێمن موکریانی#