زارا دوو پێشمەرگەی دووری دی
ئەسپێکی سپی، منی گەیاندە ترۆپکی چیا
هەموو نیشتیمانم لێوە دیارە
بەڵام دڵی خۆش نەکردم
-زارا لە زیندانایە.
مانگ بپۆلێک ئەستێرەوە هاتە بەرپەنجەرە
کۆشی نەوەکانمیان تژی کرد،
لەنوقڵ و تریفە.
لێ چێژم لێنەبینی
-زارا لە زیندانایە.
پۆلێک کۆتر،
لەشەقەی باڵیان داو بەسەر هەموو باخە ڕازاوەکەنی سنەدا
سووڕانەوە.
لێ دڵم پێیان نەکرایەوە
-زارا لە زیندانایە
لە باخچەکەمانا بۆ بەرچایی
گامێشێک قەیماخی هێنا
مەڕێک ماست
هەنگێک فنجانێک هەنگوین
لێ تامم نەکردن
-زارا لە زیندانایە.
بەسەر لقی شەنگەبییەکەوە
باڵندەیەک خوێندی
چی گوڵ وخونچە بوون، کەوتنە سەما
لێ دڵم وەک بزماری داکوتراو،
جووڵەی نەکرد
-زارا لەزیندانیە
زارا،
بەر لە زیندانی کردنی
لەسەر تەختەڕەشەکە دەینووسی،
دارا دوو داری دووری دی
هەنووکە،
لەسەر دیواری زیندانا
لەسەر دەروازەی زیندانا
لەسەر کلەپچەی زیندانا
دەنووسێ؛
دارا دوو شەڕڤانی دووری دی
دارا دوو پێشمەرگەی دووری دی
دارا دوو گەریلاێ دووری دی[1]
#قوبادی جەلیزادە#