ئەدەب و سانسۆر
جۆن سەزەلەند
لە تورکییەوە: #فەرهاد چۆمانی#
هەروەک چۆن مێژووش نیشانی داوە هەرکاتێک ئەدەب لەژێر فشاردا بووبێت، کۆتوبەند کرابێت یاخود هەر کاتێک لە ئاوارەییدا نووسرابێت، کاری گەورەی لە دەست هاتووە. لە هەموو شوێنێک و لە هەر دەورانێکی مێژوودا دیکتاتۆرەکان نیگەرانییان لە ناوەرۆکی پەڕتووکەکان هەبووە. پەڕتووک بەلای دەسەڵاتەوە ئارامی دەشێوێنێت و وەک ماتەوزەیەکی شێواندنی دەوڵەت چاوی لێکراوە. وەک دەزانرێت ئەفلاتوون دەستەبەرکردنی ئاساییشی دەوڵەت بە دوورخستنەوەی سەرجەم شاعیران دەزانێت.
بەدرێژایی چاخەکان، بە ئەمڕۆشەوە ئەمە نەگۆڕاوە. ئەو چینەی کە نووسەرانی گەورەشی تێدان، لەگەڵ ڕقی دەسەڵات بەرەوڕوون. لیستی درێژی ئەو نووسەرانەی ژیانی خۆیان کردووەتە قوربانی ئەدەب جێی سەرنجە. دانیاڵ دیفۆ بەهۆی نووسینی شیعری ساتیرییەوە کەوتە زیندان. دەگوترێت کاتێک بە ستوونی سووکایەتیپێکردنەوە بەستراوەتەوە خەڵکەکە لەباتی ئەوەی هێلکەی تێبگرن، گوڵیان بۆ هەڵداوە. سەلمان ڕوشدی بەهۆی ئەو ڕۆمانە ڕەخنەییەی کە نووسی، ناچار بوو دە ساڵی تەمەنی لە ماڵی ئاساییش بەسەر ببات. جۆن میڵتن ناچار بوو وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت و لە دوای خۆیەوە ئەو ڕۆمانانەی بەجێهێشت کە سووتێنران. لە بەرهەمەکەیدا، کە بە ناوی ئاریۆپاگێتیکایە و لەبارەی ئازادی ڕادەربڕینەوەیە، دەڵێت: لەنێوبردنی پەڕتووکێکی باش، هاوشانە لەگەڵ لەنێوبردنی مرۆڤێک. ئەو کەسەی مرڤێک دەکوژێت، ڕۆحلەبەرێک کە مێشکی بەکاردەهێنێت و ڕوخساری خوداوەند دەسڕێتەوە. ئەو کەسەی پەڕتووکێکیش لەنێودەبات خودی عەقڵە.
پەڕتووکە مەترسیدارەکان
کۆمەڵگە جیاوازەکان لەبارەی پەڕتووکە مەترسیدارەکانەوە کاردانەوەی جیاواز نیشان دەدەن. بە بەراوردکاری لەنێوان وڵاتانی وەک فەرەنسا، ڕوسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەڕیتانیا ئەمە بە ڕوونی دەهێنێتە بەرچاو. هەر کام لەو وڵاتانە بەشێوەی تایبەتی خۆی شەڕی بەرانبەر ئەدەب ڕاگەیاندووە یاخود سنوورداری بۆ ئەدەب هێناوەتە پێشەوە. ڕژێمی بەر لە شۆڕشی فەرەنسی بەتەواوی چاپ و بڵاوکردنەوەی خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. مەرج بووە هەر پەڕتووکێک بە تایبەتمەندیی خۆیەوە ئیزن لە دەوڵەت وەربگرێت. ئەو پەڕتووکانەی هاوشێوەی کاندیدی ڤۆڵتێر، کە ڕێگەپێدانی دەوڵەتیان نەبووە، وەک چەکی شۆڕش سەیرکراون. ئەو نووسەرە ڕۆشنگەرانەی لەدەرەوەی وڵاتەکەیان پەڕتووکەکانیان نووسیوە، لەنێو خۆی وڵاتەکەیان وەک نارنجۆکی ئایدۆلۆژی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
پەڕتووکەکانی ئێمیل زۆلا قەدەغەکران
لەگەڵ هاتنی شۆڕشی فەرەنسی دەستەبەری ئازادییەکان کرا، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ناپلیۆن دووبارە ئازادییەکان سنووردارکرانەوە. لە ساڵی 1857 دوو پەڕتووک لەو وڵاتەدا بڵاوبوونەوە و دەستبەجێ نووسەرەکانیان دادگاییکران. یەکێکیان ڕۆمانی مادام بۆڤاری فلۆبێرت و بژاردەی شیعرەکانی گوڵەکانی خراپەی بۆدلێر. هەردووکیان بە پێشێلکردنی ئاکاری گشتی تۆمەتبارکران. بەڵام دواتر ئەو دۆزەی دژ بەو دوو پەڕتووکە کرایەوە، کە لە فەرەنسای ئەمڕۆییدا لە ڕیزی شکۆدارترین بەرهەمەکان دادەنرێن، وایان کرد فراوانترین بوار بە ئەدەبی ئەو وڵاتە بدەن. لەو وڵاتانەی بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن سەرەتا پەڕتووکەکانی ئێمیل زۆلا قەدەغەکران، بەڵام دوای ئەوەی ئەدەبی ئەو وڵاتەیان بردە ئاستێکی تر ئیتر ئازاد بوون.
لە بەڕیتانیا ئازادییەکان زیاتر دوای شەڕی یەکەمی جیهانی جێگەیان گرت. تاوەکو سەدەی هەشت پێشینە بۆ کۆنترۆڵی سیاسیی بوو. هەر نووسەرێک بۆ دەسەڵات مایەی بێزاری بوایە، بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت بە قوللەی لەندەنەوە هەڵدەواسرا یاخود وەکوو دێفۆ دادگایی دەکرا و بە ستوونی شەرمەزارکردنەوە هەڵدەواسرا.
بە تایبەت سانسۆری شانۆ لە بەڕیتانیا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو. چونکە شوێنی نماییشکردنی شانۆ شوێنی کۆبوونەوە بوو و بینەرانیش قەرەباڵغییەک بوون کە بە ئاسانی کێشەیان دەنایەوە. سانسۆری شانۆ تاوەکو ساڵی 1960 بەردەوام بوو.
بەشێوەیەکی سەیر دوای ئەوەی ڕۆمانی خۆشەویستی شاتەرلی خانم ی دی. ئێچ لۆرانس بڵاوبووەوە و هیچ ناڕەزایی و سکانداڵێکی بەدوای خۆیدا نەهێنا. ئەمە وای کرد ڕێگە لە بەردەم ئازادییەکان خۆش بکات لە بەڕیتانیا.
لە سەردەمی ڕوسیای قەیسەردا بەشێک لە گەورەترین بەرهەمە ئەدەبییەکان کەوتنە ژێر فشاری بیرۆکراسیەتی سانسۆری قەیسەرەوە. لێرەشدا یەکێک لە پارادۆکسەکانی مێژووی ئەدەب دێتەبەر چاومان: نووسەران بۆ ئەوەی لە بەربەستی چاودێرە بێتواناکان دەربچن ئاستی شانۆییەکانیان بەرزکردەوە. بۆ ئەمەش ڕێگەیەکی جیاواتریان بەکارهێناوە بۆ خۆدزینەوە لە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە دۆستۆیڤسکی باس لە هەماهەنگی و هاو دەستی ئەو سێ برایە دەکات کە دەیانەوێ ئەو باوکەی بەرگەی ناگرن بکوژن. قەیسەریش لەلایەن خەڵکەوە وەک باوکی بچکۆلە ناودەبرێت.
ئەو ئازادییە ڕەها نەبوو
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن پیوریتانییەکانەوە ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و خوێندنەوە دامەزرا. ئازادی ئاخاوتن لە ساڵی 1787 لە دەستووری ئەمریکادا لە مادەی یەکەمدا جێگیرکرا. بەڵام ئەو ئازادییە ڕەها و گەردوونی نەبوو. لە پێکهاتەی فشاری فیدراڵیدا و ئەو ئازادییانە تێکەڵ بوون. ئەو بەرهەمە ئەدەبییەی لە بۆستن قەدەغە بوو لە نیویۆرک نەدەفرۆشرا.
لە ئەڵمانیا لە ساڵانی 1913-1933 لە کۆماری ڤایماردا لە ڕەهەندە مێژووییەکەیەوە بە ڕووکار ڕژێمێکی ئازادیخوازانە هەبوو. برێخت کە ئۆپێرای The Threepenny Opera نووسی لە سەردەمی خۆیدا هاوشێوەی نەبینراوە، فۆڕمێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی لە شانۆ داهێنا و ئاسەوار و جێپەنجەی خۆی بەسەر هەموو جیهانەوە بەجێهێشت. کاتێک فاشیستەکان هاتنە سەر دەسەڵات، دەستیان کرد بە فشارێکی زۆردارانە. پەڕتووکەکان سووتێنران.جگە لەوەی کە حزبەکەیان بواریان پێ داوە ڕێگەیان بە هیچ شتێکی تر نەدا و هەوڵیان دا هۆشی تەواوی گەل بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بۆ ماوەی دە ساڵ هیچ بەرهەمێک بڵاونەبووەوە کە بەهای مێژوویی هەبێت. لەوەش خراپتر دوای ڕوخانی ڕژێمی فاشیستی ئەو ژەهرە بوو کە لە دوای ڕووخانی لە دوای خۆیەوە بەجێی هێشت.
تاوەکو ئێستاش خەبات دژی سانسۆر درێژەی هەیە. وەک مێژووش نیشانی داوە کاتێک ئەدەب لەژێر فشار و سانسۆردا دەبێت، یاخود زنجیر و کۆتوبەند دەکرێت بەرهەمی بەپێزی ئەدەبی دێنە ئاراوە. بگرە وەکوو قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیەوە دێتەوە بوون. ئەمەش خەباتی بەرچاوی ڕۆحیەتی مرۆڤبوونە.[1]
سەرچاوە: oggito