ئاخ مەلا
هەردوو گوێم پڕ بوو لە باسی وەعز و سەرفیترە و زەکات
هەر هەواڵی حەشر و نەشرم پێ ئەڵێی تاکو مەمات
بەسیە لەم مەوزووعە لادە فێری نوێژ بوو کائینات
خوتبەیێکی ئیجتیماعیم پێ بڵێ بۆ ڕێی حەیات
ئەی مەلا تۆ بی خوا دا لەم فیکرە کۆنە لابدە
فەننی تازەم پێ نیشان دە بۆ تەرەققی و ڕێی نەجات
***
«أطلبوا العلم ولو بالصين» گەر تێ بگەی تەمام
قەتعییەن تەحسیلی فەن و مەعریفەت ناکەی حەرام
فائیدەی چی «قام زید»، کەڵکی چی دێ؟ پەشمەلام
عالەمت کەر کرد مەلا خوا لێت بسێنێ ئینتیقام
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
تۆی بەڕاستی مانیعی بەرزی و تەرەققی و ئینتزام
***
چاوم لە دەقنە و نانی ڕاتوومەبڕە دائیم مل قەوی
خوا بەڵات لێدا هەتاکەی وا لە خۆراک و خەوی
تەمبەڵی، مردووت مرێ بەسیە لەکن خۆت پێشڕەوی
هەستە تەشویقێ بکە بۆ ئیشی دینی و دونیەوی
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
واسیتەی تۆیە کە دینی بەرزی ئیسلام بوو نەوی
***
هەر کەسێ هەستا و بەساختە مێزەری نایە سەری
عالمە و مەسمووعە قەولی گەرچی کەر بێ و سەرسەری
حاسڵی خەڵقی ئەبێتە نۆکەر و عەبد و کەری
ماڵی ئیسلامی بە قوڕ گرت و لە دین کردی بەری
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
خائینی گەر وا دەوام کەی، ڕوو سیاهی مەحشەری
***
ئەوروپا پاپای تەمێ کرد، دەستی دایە عیلم و فەن
بێ تەلە و کەشتی دروست کرد، دائیمی هەر هەوڵ ئەدەن
قەومی ئیسلامیش مەلا گەر بێت و زوو ئیسلاح نەکەن
دائیمەن مەحکوومی جەهلن سووک و ڕیسوا و ناپەسەن
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
باسی قەبر و مار بگۆڕە، بێرە سەر باسی وەتەن
***
خوایە یەک «لووتەر» بنێری بۆ گەلی کوردی فەقیر
با نەجاتی دا لەژێر دەستی مەلا و شێخان و پیر
ئەم شەوی دەیجوورە تاکەی؟ دەرکەوێ ڕۆژی مونیر
«عارەبیش» وابوونە حاکم، ئێمە هەر دیل و ئەسیر
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
باسی باوەڕ کە نەماوە باسی فیردەوس و سەعیر
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]